لە نەسریەوە تا بێریڤان ژنانی ئێزیدی بەرخۆدانی دەکەن
Dosya Haber
ئازار و خیانەتەکان هەرگیز لە یاد ناکەین
ژنها
شەنگال – لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگالی 3/ ی ئاب، بووین بە شایەتی ئەوەی کە بەرخۆدانی ژنانی ئێزیدی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێش دەچێت، ژنانی ئێزیدی کە لە نەسریەکانەوە تا بێریڤان خاوەن کەلتورێکی بەرخۆدانین، لە ئێستاش دا سوێندی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزیدیان لە چەتەکانی داعش خواردوە.
لە شەوی ٢/٣ ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا، کاتژمێر دوو دەنگی هاواری کۆمەڵکوژیەک لە شەنگالەوە هات، دەنگی ئێزیدیەکانی شەنگال بوو، لەبەر چاوی هەموو جیهان چەتەکانی داعش ژن، منداڵ، پیر و لاوەکانیان کۆمەڵکوژ کردن.
هێرشی چەتەکانی داعش لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە لە ١١ ی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤دا شاری موسڵیان داگیر کرد. هاوڵاتیانی شەنگال دووری ١٢٦ کم، وەستان و هەستیان بە مەترسیەکی گەورە کرد، بۆیە دەستیان دایە چەک و ویتسیان بەرگری لە خاکەکەیان و لە خودی خۆیان بکەن. لە بەرامبەر ئەو جموجۆڵە، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بانگەوازی لە هەر کەسێک کرد چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە، هەرکەسێک جبەخانە و چەکی لەماڵەکەیدا بگیرێت ئەوا سزا دەدرێت. راشیگەیاندبوو کە پێشمەرگەکان بەرگریان لێدەکەن و نایەڵن داعش بگاتە شەنگال. زۆرێکی پێنەچوو لە گوندی زۆراڤای شەنگال کەسانێک بوون بە شایەتی ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان کۆکردۆتەوە و ڕادەکەن، ئەو کەسانە بە پێشمەرگەکانیان وت: "گەر ئێوە دەڕۆن، چەکەکانتان بەجێبێڵن با خۆمان شەڕ دەکەین،" لەو نێوەندەدا هێزەکانی پێشمەرگە لەو گوندە ٣ ئێزیدیان کوشت. کاتێک هێزکانی پێشمەرگە بە فەرمانی سەرووی خۆیان هەرێمەکەیان بە جێهێشت، کاتژمێر ٧ ی بەیانی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شەنگال و دەوروبەری ڕوویان کردە چیای شەنگال. تا ئێرە زۆر باسی کراوە و لەسەری نوسراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بۆ حساب پرسینەوەی ڕوودانی ئەو کۆمەڵکوژیە هیچ نەکراوە، بە گوێرەی ئەوانەی فەرمانەکە دەگێڕنەوە ئەو کات ئاخیر زەمان بوو.
دیمەنی ساتەکانی خیانەت بە تەلەفۆن تۆمار کراون
ڕۆژ بە ڕۆژ بەڵگەی زیاتر ڕوون دەبنەوە لەسەر ٧٤ مین فەرمانی سەر ئێزیدیەکان لە شەنگال، لە یەکێک لە بەڵگەکان ئەوەیە کە لە ٣ / ی ئاب بە تەلەفۆن وێنەی گیراوە، لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت کە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە (پەدەکە) بە ئۆتۆمبێلەکانیان و چەکی لولە درێژ رێگەی ڕاکردنیان لەو هاوڵاتیانەوە گرتوە کە دەیانەوێت لە هەرێمەکە دوور کەونەوە، بۆیە ئەوە یەکێک لەو بەڵگانەیە کە شەنگالیان کردە گۆڕستانی مرۆڤەکان. چونکە لەبەر ئەوەی ڕێگەی ئۆتۆمبێلیان داخستبوو، بە هەزاران هاوڵاتی ناچار بوون ئۆتۆمبێلەکانیان بە جێبێڵن و بە پیادە بکەونە ڕێ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاوڵاتیانی شەنگال لە رێگەدا تینو برسی بمێننەوە و نەیانتوانی لە ماوەیەکی کورتدا چەندین کیلۆمەتر ببڕن و چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژیان کردن، بە هەزاران ژنانیان بە دیل گرت و مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵ کردن.
"هەپەگە" بە هاواری هاوڵاتیانەوە چوو
دوای داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن چەتەکانی داعش هێزەکانی گەریلای "هەپەگە – یەژاستار"کە زانیان شەنگال کەوتە ژێر مەترسی، بۆیە بە هاواری هاوڵاتیانەوە چوون، چەندین جار ویستیان بکەونە ناو شەنگال، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) رێگریان لێکرا. سەرەڕای هەموو بەربەستەکانیش ١٢ گەریلای "هەپەگە"خۆیان گەیاندە شەنگال، لەو کاتەی نزیک دەبوونەوە لە شەنگال ٤ لەو شەرڤانانە لەلایەن هێزەکانی سەر بە (پەدەکە) دەستگیر کران. بەڵام ٨ شەرڤان گەشتنە ناو شەنگال، ئەو ٨ شەرڤانە هەرچەند لە ئاست دڕندەیی هێرشی چەتەکان هێزێک نەبوو، بەڵام ئەوان هەر زوو گەشتنە دواین ئەو کۆڵانانەی دەکەونە نزیک چیای شەنگال، بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتیانە بپارێزن کە دەیانەوێت بگەنە چیای شەنگال و رێگە نەدەن چەتەکان ڕووبکەنە بەرزاییەکان. لە هەمان ڕۆژدا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە سنوری تل کۆچەر بە ئۆپراسیۆنێک ڕێڕەوێکیان کردوە. لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوەوە توانیان ئێزیدیەکان لە فەرمانێکی گەورەتر ڕزگار بکەن، بە هەزاران هاوڵاتی ئێزیدیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و لە کەمپی نەورۆز(دەکەوێتە شاری دێرک)دا نیشتەجێیان کردن. هاوکات لە ڕێگەی ڕۆژئاوا وە لە سنورەکانی زاخۆ، دهۆک و هەرێمی حەفتانینەوە هاوڵاتیانی ئێزیدی ڕەوانەی باکوری کوردستان کران، لە باکوری کوردستانیش کەمپی نیشتەجێبوون و پێداویستی ژیانیان بۆ دابین کرا.
ئێش، مەینەتی و خیانەتەکان هەرگیز لە یاد ناکەین
جاددەی قیری نێوان چیا و شاری شەنگال، کە شایەتی بۆ دڕندەترین کارەساتی مێژوویی کرد، هێشتاش پڕیەتی لە جلوبەرگ و ئەو کەلوپەلانەی هاوڵاتیان لەگەڵ خۆیان دەبرد و لە بەر ئەوەی بۆیان ببون بە بارگرانی لە دوای خۆیان جێهێشتوون، یان لە کاتی کۆمەڵکوژکردنیان بەجێماون، ئەگەر بچیت بۆ سەر ئەو جاددەیە بێ ئەوەی هیچ کەسێک باسی ساتە ترسناکەکانی ئەو کاتەت بۆ بکات خۆت لە ئاست بێ ڕەحمی ڕووداوەکان تێدەگەیت. هێشتا بکەرانی ئەو کارەساتە دادگای نەکراون، پێشمەرگەکانی سەر بە (پەدەکە) وەک ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر شتێک ڕووی نەدابێت سەریان بائەدەن و بەناو شەنگال دەسوڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئێزیدیەکان بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان لە هەر سەد مەترێک ئاسایشێکیان داناوە، گەرچی تا ئێستاش گەلی مەینەت بەشی شەنگال لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە ئابڵۆقەی ئابوریان بەسەر سەپێنراوە و ڕێگە نادرێت لە ڕێگەی دهۆکەوە ئازوقەیان پێبگات. ئەگەر بە هەزاران ساڵیشی بەسەردا تێپەڕ ببێت ئێزیدیەکان ئەو ڕۆژە ڕەشانە و خیانەتی بەرامبەریان کراوە لە یاد ناکەن وەک ژنان هەمیشە ئەو وتەیە دووبارە دەکەنەوە " ئێش، مەینەتی و خیانەتەکان هەرگیز لە یاد ناکەین".
"سەرپەرشتی یەکینەیەک دەکەم بۆ ئەوەی بەرگری لە شەنگال بکەم"
بێریڤان یەکێک لەو ژنانە بوو کە دوای فەرمانی سەر ئێزیدیەکان بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی دا، بێریڤان کە ڕۆحی بەرخۆدانی لە نەسریەوە گرتوە(نەسریە ژنە تێکۆشەرێکی مێژووی ئێزیدیەکانە) بۆ ئەوەی تۆڵەی ژنانی ئێزیدی بکاتەوە، بڕیاریدا لەسەر ئەو ڕێبازە کۆڵنەدات تا سەردەکەوێت، بۆیە سەرەتا بڕیاریدا خۆی پێبگەیێنێت، تا بە زانابوونەوە تێبکۆشێت بڕیاریدا بەشداری لە پەروەردەدا بکات، دوای چەندین خولی پەروەردە بێریڤان وتی: "پێویستی ئێمەی ژنان ئەوەیە خۆمان بەرگری لە خودی خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی گەلەکەم بپارێزم یەکینەیەک لە هەڤاڵ دەگرم و لە شەنگال شەڕ دەکەم." هەرچەند تەمەنی بچوک بوو، بەڵام ئەو خاوەن هەڵوێستێکی پڕ لە بوێری بوو، بێریڤان لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکدا گیانی بەختکرد. بێریڤان لە دوای خۆیدا بەرخۆدانێکی مێژووی بۆ هەڤاڵانی جێهێشت.
لە چیای شەنگال ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی دامەزرا
ژنان دوای کۆمەڵکوژی ئیتر درکیان بەوە کرد کە تەنیا هێزی ژنان، رێکخستنی ژنان دەتوانێت کۆمەڵگە لە هەموو هەڕەشەکان بپارێزێزێت، بۆیە دوای ماوەیەک لە کۆمەڵکوژی لە چیای شەنگال و لە ژێر دروشمی "ژنانی ئێزیدی بە ڕێکخستن بوونی خۆیان وەڵامی هەموو فەرمانەکان دەدەنەوە" یەکەم کۆنفرانسی خۆیان بەست. کۆنفرانس بە بەشدار بوونی ١٨٠ ئەندام بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال درا، ئەوەش بووە ماییەی خۆشحاڵی بۆ سەرجەم ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژنان ڕایانگەیاند کە ئیتر هیچ کەس ناتوانێت ژنانی ئێزیدی کە بە گیانی بەسێ، بێریڤان، بنەوش و خانێ-کانەوە مێژووی بەرخۆدانیان تۆمارکردوە بچەوسێێنێتەوە. ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال دوای ئەوەی دامەزرا، یەکەم کۆبووەوەی خۆی لە ١٠/٨/٢٠١٥دا ئەنجامدا و دەستیان بەکار و خەباتەکانیان کرد.
YPJ-شەنگال ناوی خۆی بۆ YJŞ گۆڕی
یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال (YPJ-Şengal) لە ١٢ – ١٣ شوباتدا یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە چیای شەنگال بەست YPJ-Şengal-YJA-STAR و ژنانی گەنج کە بەگشتی ١١٥ ئەندام بەشداری کۆنفرانس بوون. کۆنفرانسەکە پێشکەشی ئەو ژنە ئێزیدیانە کرا کە لە تێکۆشانی چەتەکانی داعش ژیانیان لەدەست داوەو هەروەها کرایە دیاری بۆ بێریڤان شەنگال و بێریڤان ئارین و بەرخۆدانی باکور. ڕۆژەڤی سەرەکی کۆنفرانسەکە ئازادی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان بوو. لە کۆنفرانسی یەکەمدا یەپەژە – شەنگال ناوی خۆی گۆڕی و بۆ یەکینەکانی ژنانی شەنگال (YJŞ) و ڕایانگەیاند: " ئێمە وەکو پاراستنی ژنانی ئێزیدی لە ژێر چەتری YJŞ –دا لەبەرامبەر داعش و هەموو دەسەڵاتداریەکانی پیاوسالاری کە ژنان وەکو کۆیلە دەبینن تۆڵە دەستێنینەوە."
لە چیای شەنگال ئاڵای ژنانی ئێزیدی دەشەکێتەوە
هەر لەو کۆنفرانسەدا ئاڵای یەکینەکانی ژنانی شەنگال دیاری کرا. سۆرخوێن شەنگال، فەرماندەی YJŞ دەستنیشانی کرد کە لە چیای شەنگال ئاڵای ئازادی ژنانی ئێزیدی دەشەکێتەوەو راشیگەیاند: " سەرەتا ئەو ئاڵایە لەهەموو ئەو ژنانەی کەلەسەنگەردان و بەرخۆدان دەکەن پیرۆز دەکەم، لە ٨ ئاداردا ئێمە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ئاڵای خۆمان هەڵدا، ئەمە بۆ YJŞ زۆر گرنگ و واتادارە، لە ڕۆژی جیهانی ژناندا ئێمە ئاڵای خۆمان بەدەستەوە گرت و بەرزمان کردەوە. ئێمە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆو هەموو ژنان هەتا کۆتایی تێکۆشانی خۆمان بڵند دەکەین و پەیمانی ئەوە دەدەین."
ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی شەنگال کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕێکخستنی خۆیان بەرفراوان دەکەن لە ١٤ تەمموزی ٢٠١٦ لەسەر ناوی "بانگەوازی ژنانی ئێزیدی بۆ چالاکی نێونەتەوەیی دژ بە کۆکوژی" نوسراوێکی بۆ هەموو ژنان نارد. لە هەر چوار بەشی کوردستان و چەندین شوێنی جیهانەوە وەڵامی بانگەوازیەکە درایەوە. لە ٣ ئاب کاتژمێر ١١:٠٠ دەقەیەک چالاکی بێدەنگی ئەنجام بدرێت.
سبەی: گێڕانەوەی کۆمەڵکوژی شەنگال لە زاری ژنانی شەنگالەوە...
(ش ب)