لە نەسریەوە تا بێریڤان ژنانی ئێزیدی بەرخۆدانی دەکەن
Dosya Haber
گێڕانەوەی کۆمەڵکوژی شەنگال لە زاری ژنانەوە
ئیلهام حاجی – خەنسێ خدر / ژنها
شەنگال – ئەو ژنە ئێزیدیانەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا ڕووبەڕووی دڕندەیی فاشیزمی داعش بوونەوە بەهەرکەسێکیان ڕاگەیاند: "ئیتر ڕێگەی بەرخۆدانیمان هەڵبژاردوە، ئەو ژنانەی بوونەتە دیلی دەستی داعش و ناشرینترین مامەڵەیان لەگەڵ کرا لە یاد ناکەین."
مێژوو گەلی ئێزیدی پڕیەتی لە فەرمان و کارەساتی تراژیدی، زۆرێک لەو فەرمانانە لەبەر ئەوەی نەنوسراونەتەوە مێژووەکەیان نازانرێت. لە ساڵی ٢٠٠٧ تەقینەوەکانی گریزێر و سیبەی شێخ خدر، سەرەتایی ئامادەکاری بوو بۆ ٧٤ مین فەرمان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە سەر ئێزیدیەکان ئەنجام درا. هەر لەو کاتەوە کۆمەڵکوژیێکی لەو شێوەیەیان بە ئامانج گرتبوو، بۆیە ئەو تەقینەوەیەش وەک فەرمانێک وایە، هاوشێوەی فەرمانی ٧٤مین. ڕۆژی ٣/ ی ئاب ڕۆژی مەرگی مرۆڤایەتی بوو لە شەنگال.
بۆ ئەوەی لە نزیکەوە درک بە ئازارەکانی ژنانی ئێزیدی بکەین، گوێمان بۆ ژنانی ئێزیدا ڕادێڕا، ئەوان دەتوانن وەک خۆی بیگێرنەوە، چونکە ئەوانن شایەتی سەرجەم دیمەنەکان بوون، ویژدانی ئەوان بوو گڕی تێبەردرا.
"بەرد بوو بەسەرین و خاک بوو بە جۆشەک"
کاتێک بەناو چادرەکاندا دەگەڕاین چاومان بە ئەسمەر قەرۆ و هاوژینەکەی مامە ئەلیاس کەوت، سەرەتا ئەسمەر دەستی بە گێڕانەوەی ساتەکانی کارەسات کرد: "تاوەکو توانیامان خۆمان ڕزگارکەین سەدان جار مەرگمان بەچاوی خۆمان بینی. ئەو کاتە شوشەکانی ئاومان پڕدەکرد و دەمانخستە ناو گۆرەوی بۆ ئەوەی لەبەر خۆرەتاو نەکوڵێت، تا گەیشتینە قەرەچ ئاوەکەمان تەواو بوو، پاشان شەومان بەسەر داهات و گەشتینە گوندی قەندیل، برازایەکەم شوشەیەکی پێنج لیتر ئاوی هێنا، تاگەشتینە دەروازەی گەلی ئەویش تەواو بوو، لەسەر عەرز دەخەوتین، جۆشەکمان زەوی و سەرینمان بەرد بوو و ئاسمانیش بەسەر سەرمانەوە پێخەف بوو، شەو و ڕۆژێکمان بەو شێوەیە تێپەڕاند، بڕە ئاردێکمان پێبوو کرم لێیدابوو، بەلام بەهەر جۆرێک بێت ٩ نانم لێ دروستکرد و خواردمان."
"پەکەکە هاوکاریمانی کرد"
ئەسمەر لە بەشێکیرتری گێڕانەوەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە گەریلاکانی "پەکەکە" بە هانایانەوە چوون و وتیشی: "زەحمەتیەکان هەر بەسەردەچن، بەلام ئەو ئازار و مەینەتیانەی بەسەر کچ و منداڵەکانمان داهات هەرگیز لە یادمان ناچێتەوە. دوای ئەوەی (پەکەکە) وەک فریادڕەسێک لەلایەن خواوە نێردرا، ئیتر ژیانمان وردە وردە ئاسایی دەبێتەوە، تاکە هیوامان ئازادبوونی دیلەکانمانە لە دەستی داعش."
"مەعکەرۆنیمان کردە هەویر و پاشان کردمان بە نان"
ئەلیاسی هاوژینیشی بەوشێوەی باسی لەو کاتە کرد: "١١٦٦ساڵ ئێزیدیەکان لە ژێر دەستی تورک و عەرەبەکاندا ژیان، ٦ فەرمان بەسەر ئامێدی و ٣٦ فەرمانیش بەسەر چیای شەنگالدا هاتوە، چەندین فەرمانیش لە باکوری کوردستان بەسەر ئێزیدیەکان هاتوون، ئەوەی دوو ساڵ ڕوویدا ٧٤ مین فەرمانی سەر ئێزیدیەکان بوو، بە درێژایی مێژوو هەواڵیان داوە ئێزیدیەکان لەناو ببەن، بەلام نەیانتوانیە و ناشتوانن."
"هەرگیز لە یاد ناکرێت"
غەزاڵ سەعدۆ، ژنێکیتری ئێزیدیە و بەو شێوەیە باسی لە فەرمانی ٣/ی ئاب کرد: "کاتێک وتیان هەرکەس بەرەو چیای شەنگال ڕادەکات، ئەو کاتە وتمان ڕەنگە لەوێش بمانکوژن، گەر بزانن هەموومان لەوێ کۆبووینەتەوە، بۆیە رامانکرد تا گوندی زەیتونیە، لەوێ وە بە ئۆتۆمبێل هاتینە شەنگال و لەوێشەوە بۆ گەلی عەلی سۆرکا، وتیان داعش نزیک بۆتەوە، جارێکیتر دەستمان بە رۆشتن کرد تا گەشتینە چیا، دوای سێ شەو وتیان تا دەتوانن بەرەو سەرێ هەڵکشێن، بەو هیلاکی و برسێتی و تینوێتیەوە ڕوومان لە بەرزاییەوە کرد، تا گەشتینە (چل مێر)، بەزۆر دەڕۆشتین، هێزمان لێبڕا بوو."
غەزال ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای هەموو زۆر و زەحمەتیەکان کاتێک کچ ژنانی بەدیلگیراوی بیر دەکەوێتەوە هەموو ئازارەکانی ئەو زەحمەتیانە لە بیر دەکاتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت گەورەترین نەهامەتی بۆ ئەوان بەدیلگیرانی هەزاران ژن بوو لەلایەن چەتەکانی داعش.
غەزال سەعدۆ، ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی ئاخیر زەمان بەناو دەکات، ناوبراو لە بەردەوامی گێڕانەوەی بەسەرهات و مەینەتیەکاندا وتی: "بەچاوی خۆم نەمبینی، بەڵام دوای ئەوەی لەگەلی دەرچووین وتیان زۆرکەسیان لەگەلی دا کوشت، داعش دڕندەیی خۆی لە هەر شوێنێک پیشان دەدات، جیاوازی کۆمەڵکوژی سەر ئێمەش باوەڕیمان بوو."
"تەحلێ دایکاتی بۆ هەموومان دەکرد"
دایە تەحلێ یەکێک لەو دایکانە دەبێت کە زۆرترین هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە فەرمانەکە ڕزگاریان بووە، لە کاتی فەرمانەکەدا ماڵی دایەک تەحلێ لە سەر چیای شەنگال بووە، ئەوان بێستان و باخیان چاندبوو، بۆیە بۆ هەموو لێقەوماوان دایکایەتی کرد و خاوەنداری لێکردن، خواردن و خواردنەوەی بۆ سەدان کەس ئامادە دەکرد و سەدان شەرڤانی بەخێو دەکرد، تا ئێستاش ٣٠٠خێزانی ئێزیدی لەسەر ماڵ و موڵکی دایە تەحلێ دەژین.
هاوڵاتیانی ئێزیدی ئێستاش دایە تەحلێ وەک دایکی خۆیان دەبینن و باس لەوە دەکەن کە بۆتە هۆی ئەوەی گیانی بەسەدان کەس لە مردن ڕزگار بکات.
مەرگی منداڵان تراژیدیایەکیتری کارەساتەکە
ئەلیف سلێمان، یەکێکیتر لە ژنانی چیای شەنگالە و دەڵێت یەکێک لە ناخۆشترین دیمەنەکان بینی مەرگی منداڵان بوو، ئەلیف وتی: "ماوەی پێنج ڕۆژ و پێنج شەو لە بناری چیای شەنگال ماینەوە، چونکە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵماندابوون تەمەنێکی زۆریان هەبوو نەیاندەتوانی بەرەو بەرزاییەوە هەڵکشێن، لە هەمووشی ناخۆشتر مەرگی منداڵان بوو، لە برسان و لە تینوێتیدا، تراژدیترین دیمەنەکانی ئەوکاتە مردنی منداڵانی دراوسێمان بوو بەهۆی بێشیری، هەرچەند رێگەیەکی سەختمان گرتبووە بەر بەلام زۆر باشتر بوو لەوەی بکەوینە دەستی داعشە دڕندەکان، یان بمانکوژن، دەبێت هەر کەسێک ئەوە باش بزانێت گەر لە ٧٤مین فەرمان لەناو نەچووین هەرگیز لەناو ناچین."
سبەی: نورێ خدر ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال: "بە ڕێکخستن بوون وەڵامی کۆمەڵکوژیەکان دەدەینەوە".
(ش ب)