لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

ژنۆلۆژی چیە و بۆچی؟

Kadının Kaleminden
تشرینی یەکەم 28 / 2016



 
 
نەجیبە قەرەداغی
گۆڕانکاریەکانی جیهان لەسەرەتای سەدەی ١٩ لە ڕووی پیشەسازی، تەکنیکی، سیاسی و ئابوری، ڕاستتر لە سەردەمی هەڵکشانی سەرمایەداری دا، زیاترین کاریگەری لە بواری کۆمەڵایەتی کرد. مۆدێرنیتە کە خۆی لە سێ پێگەی سەرمایەداری، دەوڵەت نەتەوە و پیشەسازگەرایی دا بەهێزکرد، کێشە و قەیرانی گەورەی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دا دروستکرد، هەر لە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگە تا دابڕانی تاک لە یەک و نامۆبوونی نەوەکان لە یەکتر و هتد. ئەڵبەتە " ڕزان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی " مەبەستەکەمان بۆ کورت و پوخت دەکاتەوە. سۆسیۆلۆژی "کۆمەڵناسی" وەک زانستێک کە کاری تیۆڕی و ئاکادیمی دەکات، وەک پێویستیەک بۆ لێکۆڵێنەوە و خوێندنەوەی پەیوەندی و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان سەریهەڵدا. زۆر لقی وەک مێژووناسی، زانستی سیاسی، مرۆڤناسی، دەروونناسی ، ئاخیرەتناسی و زۆر بواری تر لێ بۆوە و لە ژمارە نەهاتووش تێز و بەرهەمی هزری گەلاڵەکرا. بەو پێیەش سۆسیۆلۆژی وەک جۆرێک لە ئالەنگاری مۆدێرنیتە و خوێندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو داڕزان ولێکترازانە کۆمەڵایەتیانەی کە تاک و کۆمەڵگەی ڕووبەڕووی دەبویەوە، هاتە مەیدان.
ئەگەر بێ ژمارە لقەکانی زانستی کۆمەڵایەتی بەرهەمهات، ئەدی ئەو هەموو کێشە، ئالۆزی، داڕزان و لێکترازانە کۆمەڵایەتی، توند وتیژی و نەخۆشیە کۆمەڵایەتیانە چیە کە هەر ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە و هی نوێی لێ زیاد دەبێت. ئەدی ئەو شەڕە 5 هەزار ساڵەیە بۆ یەکلانەبۆتەوە کە دەوڵەت، دەسەڵاتداری و پیاوسالاری لەبەرامبەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بە تایبەتی ژن بەڕێوەی بردووە.
بێ گومان هەموو هزرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتی دا چ میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و دواترینیان زانستە کۆمەڵایەتیەکان بۆ چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی مرۆڤ سەریهەڵداوە، بەڵام بەبەکارهێنانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ مسۆگەرکردنی هەبوونی خۆیان، ئەو جۆرانەی هزر لە ئامانجە سەرەکیەکانیان لایاندا. تەنانەت پەیامەکانیان لە سەردەستی زۆرێک لە فەیلەسوف و زاناکان پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵگە و مرۆڤ بۆوە و ڕەواییان بە پێگەی دەسەڵات بەخشی. تۆماس هۆبز دەڵێ " مرۆڤ بۆتە گورگی مرۆڤ"، بانگەشەی ڕێگرتن لەوە، میکانیزمانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری ڕەوادەکرد.. تۆماس هۆبز و فرانسیس باکۆنیش بە ئۆگۆست کۆنت کاریگەر بوون. ئۆگۆست کۆنت کە بە داڕێژەری زانستی پۆزەتیڤیست دادەنرێت مێژوو دابەش دەکات بۆ سێ قۆناخ ١.قۆناخی ئاینی (لاهوت) ٢. قۆناخی میتافیزیک ٣. قۆناخی زانستی . لە قۆناخی ئایینی دا پێی وابووە کە بتپەرستی، فرەخودایی و پاشان تاکخودایی هەبووە و بۆ بەشی یەکەم کە بتپەرستیە پێی وایە کە مرۆڤ بیرکردنەوەی نەبووە. ئەم نکوڵی کردنە لە مێژووی هزر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی نکوڵی لە سەردەمی ژنە خوداوەندەکان و ئەو بەرهەمە یەکەمانەی کە هەر یەکەیان سەمبولی داهێنانێکن، بناغەی دیدی پۆزەتیڤیزمە لەسەر مێژووناسی و زاڵکردنی دیدی ئۆرینتالستیە لەسەر دەستپێکردنی مێژووی کۆمەڵگەبوون لە میزۆپۆتامیادا.
ناکۆکیەکی تری زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەیە کە زانستی بۆ هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکان تەرخان کردووە، بەڵام نادیدەیە لە ئاست هەبوونێکی وەک ژن " ژن نەک وەک هەبوونێکی بایۆلۆژی" بەڵکو وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی و بەرپاکەری یەکەم شۆڕشی گوند و کشتوکاڵ لە مێژووی مرۆڤایەتی دا و نەک تەنیا نیوەی کۆمەڵگە، بەڵکو بناخە و خولقێنەری کۆمەڵگەیە. لە کاتێکدا کە هۆکاری سەرەکی قەیران و گێژاوی مرۆڤایەتی سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتداریەوەیە و دەسەڵاتداریش بەپێی هزری پیاوسالاری و لەسەر بنەمای تێکشکاندنی سیستەماتیکانەی پێگەی ژن لە مێژوویی مرۆڤایەتی دا شکڵی گرتووە. لە خودی ژن دا کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەبوون خراوە. ڕێبەر ئۆجالان دەڵێ" هەبوونێکی لەناوبراوە، بەڵام زانستی بۆ دادەڕێژرێت". لە سەر بنەمای ئەو دیدە تێدەگەین کە ئەوەی سەرەتا دەبێ بکرێت ڕاستکردنەوەی ئەو لنگەوقوچیەیە کە دۆخی مێژوو و کۆمەڵگە تێکەوتووە لە ڕووی پێناسەکردن و مەعریفەتناسیەوە. سۆسیۆلۆژیەکی کە لە ئارادایە زانستێکە کە زهنیەتی پیاوسالاری کاریگەری گەورەی لەسەر کردووە.
زانستە کۆمەڵایەتیەکان هێندە پارچەکراوە و لەیەک دابڕێنراوە کە تەنیا بۆتە تێزگەلێکی ئەبستراکت و لە ڕاستینەی کۆمەڵگە دوورخراوەتەوە و بۆتە مەیدانێکی چەلەحانێی "ڕۆشەنبیران و کۆمەڵناسان" و لە تێز و بەرهەمی سەرکاغەزدا ماوەتەوە. زانستە کۆمەڵایەتیەکان نەیتوانیوە بێ لایەنانە و سەربەخۆبێت لەئاست دیاردەکان دا، بەڵکو لە ژێر کاریگەری دەوڵەت - نەتەوە و بەرژوەندیەکانی دەستەبژێری دەسەڵات دا بەکاردەهێنرێت.
ئەوەی لە ڕووی کردییەوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا دەیبینین کە فەلسەفە ، ئایین و زانست بە گشتی و زانستی کۆمەلایەتی بە تایبەتی لە پاوانی پیاوسالاریدایە و دژ بە کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت و تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵگە کراوەتە ئامرازی ناکۆکی و ململانێ دوایی نەهاتووەکان. ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەستە بەو ئەپستمۆلۆژی و مەعریفەتناسیەوە کە دەسەڵاتداران لە چوارچێوەی مێژووییەکی نوسراو دا بەرهەمیان هێناوە و زۆر جاریش مێژووی کۆمەڵگە و ڕەوتە چاکسازی و ڕۆشنگەرییەکانیان لە ناوبردووە.
ژنۆلۆژی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردەوە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕیشەیی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەستی پێکرد. وەک وشە ژنۆلۆژی لە دوو وشەی ژن و لۆژی پێکدێت واتە زانستی ژن یان ژنناسی. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕێبەر ئۆجالان پێشنیاری بۆ بزووتنەوەی ئازادی ژنی کورد کرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئازادی ژن، پرسی ئازادی پیاو و کۆمەڵگە بە گشتی لەسەر زانستی ژن-ژنۆلۆژی قاڵ ببنەوە و لەسەر ناوەڕۆکی ئەو زانستەش پێشنیارەکانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە و کار خستە ڕوو. ماوەی حەوت ساڵیشە بزووتنه‌وه‌ی ژن لێکۆڵینەوە لەو زانستە دەکات و دەیەوێ بە پێهەڵگرتنێکی نوێ لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دا دەروازە لەسەر سەردەمێکی نوێی مەعریفی بکاتەوە هەم لەسەر بنەمای مەعریفی مێژوویی و هەم تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی کوردستان لە بەرهەمهێنانی چەمک و زاراوەی نوێ لە بواری تێکۆشانی کۆمەڵایەتیەوە.
لەڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە ئەو کاتەی کە زانست و مەعریفە تەنیا لە چوارچێوی ژیری ئەنالتیکی"شیکاری"دا گەشەی کرد لە ژیری هەستیاری و بەها ڕۆحیەکان دابڕا کارەساتی گەوری لێکەوتەوە بۆ ئەوەش پێی وایە کە " ڕۆحی مەعریفە بە بەها واتادار و جوانەکانی کۆمەڵگەبوونەوە بە دەست دێت".
هۆکاری ئەرێنی و نەرێنی هەیە لە هێنانە ئارای ژنۆلۆژی، لە هۆکارە ئەرێنیەکان ئەو جیهانەی ژنە کە تا دواڕادە سەرکوت کراوە و وزەکەی بە ئەقلیەتی پیاوسالاری لە میکانیزمای خێزان و دەوڵەت قەتیس کراوە، ژنە نوسەری فێمینست ماری دالی دەڵێ " ژن لە درکی ئەوەدا نیە کە هەبوونێکی هەڵگری وزەی سروشتی –ژنەرژی- یە" ، ژنۆلۆژی زانستی دەرخستنی ئەو وزەیە و کەنالیزەکردنێتی بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی دادوەر، یەکسان و ئازاد دا. سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی خێزان و بە رۆح و ئەقلی ژن دەستبردنە بۆ دیموکراتیزەکردنی خێزان لەچوارچێوەی تیۆڕی هاوژیانی ئازاد دا. لەو واتایەی کە هاوژیانی ئازاد تەنیا بەپەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو دەست پێناکات، بەڵکو بە پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی سۆسیالیست فەراهەم دەبێت. کەی هاوسەری یان هاوژیانی دەبێتە هاوسەرێتی ئازاد، کاتێ پەیوەندیەکان لەسەربنەمای موڵک و زۆربوون نەبێ. لە هۆکارە نەرێنیەکان کە پاڵنەری هاتنە ئارای ژنۆلۆژی، بەرەنگاربوونەوەی ئەو وێرانکاری و خراپەکاریانەیە کە بە درێژایی مێژوویی دەسەڵاتداری بە تایبەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر کۆمەڵگە و ژن دروستی کردووە، هەروەها توێژینەوە و تیۆڕیزەکردنی تێکۆشان لە بەرامبەر ئەو وێنە و پێگەیەیە کە ئاینە تاکخوداییەکان بۆ ژنیان داتاشیوە، بێ خزانە ناو" نکوڵیکاری پۆزەتیڤیزم و مامەڵەی پیرۆزکاریانەی ئایدیالیزم لە ئایین". واتە ڕووناکردنەوەی ئەو تاریکیە کەلەسەر مێژووی نەنوسراو هەیە.
ژنۆلۆژی تەنیا تیۆڕی و ئاکادیمی نیە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هەم لە ڕووی ئاکادیمی و تیۆڕیەوە، پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە و ژنانەوە تێز بەرهەم دێنێت. ئەگەر ئابوری یەک لەو بوارانە بێ، لە جیهان دا ئێستا ئابوری تەنیا مەیدانێکی ململانێێ دەستبەسەرداگرتن، زەوتکردن، تاڵانکاری، گەندەڵی و مافیاگەریە و پەیوەندی بە کۆمەڵگە نەماوە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە نیە، تەنانەت بەرهەمه‌ ئابوریەکانیش بۆ پێویستیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە نیە. بەرهەم هێنانی بۆمبی ئەتۆمی و خستەبازاڕی ٢٥٠٠ جۆری پەنیر لە هۆڵەندا جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک نیە لە کاتێکدا کە لە زۆرێک لە هەرێمەکانی ئەم سەر زەمینە مرۆڤ لە برسان دا دەمرن، نمونەیەکی تر ژیانی ئەو ژنەیە کە خۆی داهێنەری ئابوری بووە لە سەردەمی نیۆلۆتیک دا، بەڵام ئێستا بۆ ناچار دەکرێت بۆ قوتی ڕۆژانەی ببێتە لەشفرۆش و سواڵکەر یان ناچار ببێ بۆ بژێوی ژیانی مل بۆ هەموو سیاسەتێکی قۆرخکاری ئابوری لە نێو خێزان بگرە تا شوێنی کار کە چ بکات و زۆربەی کاتیش هاوتەریبە لەگەڵ خراپترین جۆری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی. ژنۆلۆژی بۆ نمونە لە بواری ئابوری دا پەردە لەسەر ئەو ڕاستیە سەپێنراوە هەڵدەداتەوە و بە تێزی ئابوری کۆمیناڵ و بەشداری ڕاستەوخۆی ژن و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە ئابوری دەخاتەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی کە یەکەم جار بە شێوەی هەروەزیانە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بووە و ژن تێدا ناوەند بووە.
لە ڕووی مێژووییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی نەنوسراو دەکات و لە دیدێکی بابەتیانە و پشت بە ڕاستیە مێژووییە داپۆشراوەکان لە کاروبارە ئەرکۆلۆژییەکان و نوسراوەکان دا لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە، داستان، چیرۆک، پەند و بەرهەمە ئەدەبی و مێژووییەکان دەکات بۆ دڕاندنی ئەوەی وەک قەدەرێک بە سەر ژن دا سەپێنراوە.
ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە ٩ هەزار ساڵی شێوەگرتنی ژن و پیاو و پێگەکانیان دەکات، لە نۆ قات"چین یان تەبەقە"دا بە وردی لەوە دەکۆڵێتەوە کە لە ژن چۆن بە میتۆلۆژی، دواتر ئایین، هەروەها بە فەلسەفە و دوایینیشیان لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداری گەیشت بەم دۆخەی ئێستای. ئەگەر بمەوێ بە سادەیی گوزارەی لێبکەم، ژنۆلۆژی لە کاروانی ٩ هەزار ساڵی ژن دەکۆڵێتەوە و سیحری دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەتاڵ دەکاتەوە و درۆکانیان ئاشکرا دەکات و هەم بە کاروباری ئەرکۆلۆژی ڕاستیەکان هەڵدەکۆڵێ و شکۆ بۆ ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە بوون بە ژێر کاولاشی دەوڵەت، ئیمپراتۆریەکان، هەم کۆدی دەقە متیۆلۆژییەکان کە دواتر دەبنە بناخەی سەرەکی ئاینەکان دەکاتەوە.
یەکێكیتر لەو بوارانەی کە زۆر گرنگە لە ژنۆلۆژی دا ڕەخنەگرتنی ڕیشەییە لە فێمینیزم، چونکە زۆرێک لە ڕەوتە فێمینیستەکان پێیان وایە کە فێمینیزم هەبێ ژنۆلۆژی بۆچیە؟ لە تیۆڕی و پراکتیکی ژنۆلۆژی دا بە فراوانی ئەوە دەخرێتە ڕوو کە نکوڵیکار مامەڵە لەگەل فێمێنیزم ناکات، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە. ژنۆلۆژی پێی وایە کە ڕەوت و بزووتنه‌وه‌کانی فێمێنست ڕاستە کە پرسی ژنیان زەق کردۆتەوە، ڕەخنەیان لە نێرسالاری و سێکسیزم گرتووە و زەمینەی بەشداری ژنانیان لە زۆر بواردا کردەوە، بەڵام ژنۆلۆژی ڕەخنە لە دیدی ئۆرێنتالیستانەی فێمینیزم دەگرێت کە هێشتا لە ژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دایە. ژنۆلۆژی دەکرێت دەروازە و میکانیزمایەک بێت بۆ فێمینستەکان کە لەگەڵ کۆمەڵگە یەکیان بخاتەوە، چونکە فێمینستەکان بوونەتە توێژێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، وادەزانن کە تەنیا کاری ئەوان قسەکردنەو بەرهەمهێنانی تێزە. ژنۆلۆژی تەنیا ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی پێویستیش دەخاتەڕوو بۆ کۆمەڵگە و زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەیی- ڕادیکاڵ دەکاتەوە.
ڕەخنەی ئەو ڕێکخراو و سیستەمانەی کە لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا خۆیان ڕێکخستن دەکەن لە ڕەوتە فێمینیستیەکان ئەوەیە کە لەئاست ئەو شەڕەی لە جیهان دا بەرپاکراوە، پەرتەوازە، بێ ڕێکخستن و نە ڕەخنەیان هەیە و نە چالاکی. لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەریان لەو شەڕەدا هەیە، فێمینیستەکان بێدەنگن بۆ ئەوەش ژنۆلۆژی پێی وایە کە دەبێ سەرلەنوێ فێمینیستەکان پێناسەی دۆست و دوژمن بکەنەوە. لە تیۆڕی و ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە گەورەترین دوژمن هەژمون و سیستەمە باڵادەستەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری و زهنیەتی پیاوسالاری و زهنیەتی کلاسیکانەی ژن لە هەموو جێیەک دوژمنی هاوبەشن. دوژمن بەو واتایەی کە تێکۆشان لەبەرامبەری دەکات کە ئەو ئاستەی کە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدا دەکات یان ڕەتی دەکاتەوە تا ئاستی خۆلێدابڕان بۆ نمونە لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری و و هەموو چەمک و دەزگاکانی. لەم قۆناخەی ئێستاش دا ژنۆلۆژی بۆتە مایەی سەرنجی زۆرێک لە بزووتنه‌وه‌کانی ژنان لە جیهان دا و دەیانەوێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و لێی تێبگەن.
ژنۆلۆژی زانستێک نیە کە تەنیا سنوردار بێ بە ژن، بەڵکو لێکۆڵێنەوەی وردی لەسەر دەوڵەت، دەسەڵاتداری و مێژوویی سەرهەڵدانی باوکسالاری هەیە نەک بەو رێباز و ئامرازانەی کە کۆمەڵناسی باو کاری لەسەر کردووە، بەڵکو لە ڕێباز دا چەمکی حەقیقەتی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی سۆبژە-ئوبژە نیە و ڕەهای ناکات، چونکە پێی وایە کە جیاکاری سۆبژە-ئۆبژە بەرهەمی عەقلیەتی باڵادەستی "زهنیەتی هەژموونی" یە. ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە و زەمینەسازی پراکتیکی دیدی ژن بۆ مێژوو و ئەمرۆی کۆمەڵگە چ لە بواری سیاسی، ژینگەیی، دیمۆگرافی ، تەندروستی، پەروەردە و ئابوری و زۆر بواری دیکە کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ڕووکەشیانە بایەخی پێداوە.
ژنۆلۆژی لە چاکسازی لە سیستەمێکی بنبەست و داڕماو زیاتر کار لەسەر تێزی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات بۆ ئەوەش لە گۆڕینی یاسایی و چاکسازی یاسایی و دەزگاکان دا کار لە سەر گۆڕانکاری زهنی لە کۆمەڵگە و تاکەکانی دا دەکات. بە واتایەکی تر ژنۆلۆژی پاکردنەوەی زهنیەتی کۆمەڵگەیە لە هەموو کاریگەری و خەوشەکانی دەسەڵاتداری، لەبەرئەوەی کە دەسەڵاتداری لە شێوەی ٤٠٠ ساڵی دوایی دا کە قۆناخی هەڵکشانی سەرمایەداری بوو، گەورەترین وێرانکاری لە زهنیەتی کۆمەڵگەدا دروستکردووە. دابڕان لە کۆمەڵگە و تاکڕەوێتی و بوونە توێژی "ڕۆشەنبیر، دەسەڵاتدار، سەرمایەدار، ... هتد" وەک مۆدێرنبوون وێنە دەکا. کام یەکێک لە ئێمە باوک و دایکممان وەک کەسی دواکەوتوو نەبینیوە؟ یان بە ڕێکردن لەگەڵیان لە جێگا گشتیەکان دا هەستمان بە شەرم نەکردبێ؟ یان خۆنیشاندانمان وەک کەسی مۆدێرن هەزاران درۆمان نەکردبێ؟ ئەمانە هەموو نەخۆشی مۆدێرنیتەن، دوورکەتنەوە لە کۆک، دوورکەوتنەوەن لە کۆمەڵگەبوون.
لەوانەیە گرنگترین پرس لەمەسەلەی ژنۆلۆژی دا ئەوە بێ کە داخۆ لە کوێ ئەم زانستە و بەچ ڕێ و ڕێبازێک بگاتە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی؟ یان تەنیا ژنان دەگرێتەوە یان پیاوانیش؟. دەبێ بزانرێ کە دامەزراندنی ئاکادیمیاکان و ناوەندەکانی پەروەردەی ئەلتەرناتیڤ گرنگترین میکانیزمان، بەڵام ئەگەر ئەمانە نەبن، بەو واتایە نایەت کە پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەی نوێ لەچوارچێوەی ژنۆلۆژی دا هەر چاوەڕیی ئەو میکانیزمانە بێ، بەڵکو لە هەرکوێیەک دەرفەت بڕەخسێ دەکرێت جێی پەروەردە بێ. لە ماڵێک دەبێ یان کونجی دەزگایەک، لە باخچەیەک دا دەبێ یان بن تاشەبەردێکی چیاکان، لە هەر جێیەک دەکرێت بێ درەنگ کەوتن بکرێتە جێی پەروەردە کردن لەسەر زانستی ژن-ژنۆلۆژی، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگە دەبێ ئاکادیمیای ئەلتەرناتیڤی خۆی بونیاد بنێت لەبەرامبەر بە دەزگا پەروەردەییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری کە ئامانجیان هێشتنەوەی ئەو کۆیلایەتیە کە هەزاران ساڵە بە سەر ژن دا سەپێنراوە و ڕەوایی دانە بە مانەوەی پاوانی دەوڵەت لەبەرامبەر کۆمەڵگە. ئامانجی سەرەکی ژنۆلۆژیش ئەوەیە ژن و کۆمەڵگە ببێتە خاوەنی زانیاری لەسەر خۆی، چونکە ژنۆلۆژی زانستی ژن،ژیان و کۆمەڵگەیە. ژنۆلۆژی دارشتنی زانستێک نیە کە لە سفرەوە دەست پێبکات، بەڵکو هەڵگر و درێژپێدەری هەموو ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەیە کە بە درێژایی ٥-٦ هەزار ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دا، ژنۆلۆژی ئەو بەهایانە زیندوو دەکاتەوە و دەرفەتی ژیان و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم دەکات. ژنۆلۆژی گەیشتنەوەی ژنە بەو حەقیقەتەی کە هەزاران ساڵە ئاوەژوو کراوەتەوە و ون کراوە. بۆ ئەوەش ئاکادیمیا و ناوەندەکانی پەروەردە لەهەموو بوارەکانی ئابوری، دیمۆگرافی، ئەکۆلۆژی، مێژوو، تەندروستی ، پەروەردە ، سیاسەت و ئەتیک-ئەستاتیک دەبێت لە هەموو جێیەک و بەپێی پێویستی هەر جێیەکی بایەخی پێبدرێت، دەکرێت بەپێی هەر جێیەک ئەولەویەت لە بوارێک دابێت. بە کورتی ژنۆلۆژی زانست و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیە، هەر ئێستاش لە سەروبەندی شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان ئەم زانستە زیاترین زەمینەی پەرەسەندن و پراکتیک کردنی هەیە. هەر ئەوەشە کە هاندەر و پاڵنەری ژنانە و کۆمەڵگەیە لەو بەشەی کوردستان دا. ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت و ژنۆلۆژیش دەروازیەکی نوێیە، جێی مشتومڕێکی زۆر قوڵ، لە زۆرێک لەو وڵاتانی جیهان لەگەڵ فێمینیستەکان کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورە بەستراوە بۆ نمونە لە هەولێر، چیاکانی کوردستان، ڕۆژئاڤا و باکوری کوردستان ، کۆڵن، پاریس، زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین ، لە ئیسپانیا، هندستان و زۆر جێی تری جیهان. ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد سەرەتایە و بەردەوامی دەبێت.