لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

با ڕژێمی ئێران دوایین زنجیرەی درامای خۆی تۆمار بکات

Kadının Kaleminden
مایس 24 / 2016


 

 
گەلاوێژ ئەورین / ژنها
 
ڕژێمی ئێران لەم دوواییانەدا و بەمەبەستی بێ دەنگ کردنی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکان، هەموو ئەو چالاکانەی کە باسی مافی مرۆڤ دەکەن، تەنانەت چالاکانی ژینگەپارێزیش دەگرێت و بەندیان دەکات. بێگومان سەرتا گەلی کوردو هەموو پێکهاتەکانی ئێران ڕوو بەڕووی سیاسەتی فاشیستی دەبنەوە. ئێران بە دەوڵەمەندیە کەلتوریەکەیەوە دەناسرێت، لەبەر ئەوە بە داسەپاندنی سیاسەتی یەک ڕەنگ کردن ڕژێم ناتوانێ مەیلی ئازادی خەڵکی ئێران لەناو ببات. وەک نمونە ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر ئاینی بەهائی لەسەر ناوی ئەوەی کە ئەمە دینێکی دروست کراو و سیاسەتی ئیسرائیلە، لەسەر ئەو ئاینە بەڕێوە دەبرێت، گۆڕستانێکی جودا بۆ مردووەکانیان دروست دەکرێت، بەهائیەکان بەهیچ جۆرێ ناتوانن مەراسیمە ئاینیەکانیان بەڕێوەبەرن، چونکە تاوانەو هەر بەهۆی ئەو تاوانەشەوە چەندین چالاکوانی بەهائی ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندان. هەرەدوایی لەبەر ئەوەی کچی هاشمی ڕەفسەنجانی، فایزە ڕەفسەنجانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنێکی بەهائی لەزینداندا کردبوو، هێرشی کرایە سەرو هەڕەشەی زۆری لێ کرا، فایزە تەنانەت لەلایەن باوکیەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکرا کە دەبێ سزا بدرێت. لە ڕوانگەی مەلاکانی ئێرانەوە کەسانی بەهائی پیسن و نابێ کەس نزیکیان بێتەوە، هەربۆیە لەم ڕۆژانەی دوواییدا ئاینی بەهائی و شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە بەچەندین شێوە سوکایەتیان پێ دەکرێت و هەڕەشەیان لێ دەکرێت، بەجۆرێک کە مەلاکانی شاری قوم فەتوای ئەوە دەدەن کە خوێنی ئەوان حەڵاڵەو کاتی فتوای کۆتایی ئەوانیش هاتووە.
 
لەلایەکی ترەوە لەگەڵ هاتنی ٩ گوڵان، ڕۆژی لە سێدارەدانی ٤ شۆڕشگێڕی کورد، لە ڕۆژهەڵات و لە چەندین شوێنی جیهان ئەو تێکۆشەرانە بەبیرهێنراونەتەوە. بەڵام ڕژێمی ئێران لەبەر ئەوەی خۆی لەبەر ئەوە ڕاناگرێت هەڵمەتێکی ڕەشکردنی ئەو شۆڕشگێڕانەی دەست پێ کردووە. بە ڕۆژانە لە تەلەفزیۆنی هەرێمی سنە فیلمی دیکۆمێنتاری کە پڕە لە پیسی و بێ ڕەوشتی پەخش دەکات. لەو بەڵگە فیلمەدا سەرەتا تەڤگەری هەرچواربەشی کوردستان کە لە پێناو ئازادیدا تێدەکۆشن وەک ئەوەی کە لەیەک حیزب بن نیشان دەدەن و چەواشە کاری دەکەن. بە وتەی کەسانی خۆفرۆش و جاش هەوڵ دەدەن تێکۆشینی زەینەب جەلالیان، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەمهولی و عەلی حەیدەریان بچوک بکەنەوە. دەیانەوێ وا نیشانی گەل بدەن کە ئەو مرۆڤانە هەڵخەڵەتێنراون، بەبێ ئەوەی سیاسەتەکانی کوشتن، هەڵواسین و دەستێوەردانەکانی خۆیان لەبەرچاو بگرن. ئەوە هەڵوێستی ئێرانە بەتایبەت لەم کاتەدا بە زانا بوون دەری دەبڕێت و هەرچەندەش کەم بێت بەڵام هەندێ ڕێکخستنی کوردان دژبەری ئەو هەڵوێستەی ئێران ڕاوستان. بەڵام سوکایەتی گەورە بە کەلتورو هونەرو شەهیدان و نرخە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت و بێ دەنگ بوون لەڕاستای ئەم سیاسەتەدا بێ شک ڕژێمی ئێران بۆ کردەوەی زیاتر هارتر دەکات. هەروەک چۆن گوشار دەخرێتە سەر یارسانەکان و سوکایەتیان پێ دەکرێت، بەهەمان شێوە سوکایەتی بە نرخە هەرە پیرۆزەکانی گەل، شەهیدان و پێشەنگانی ئەوان دەکرێت.
 
ئێران لەگەڵ ئەو هەموو سیاسەتی چەواشەو ڕەشکردنەدا کەچی بەمەبەست و پلان بەناوی سزادانەوە کەسانێک کە بەمادەی هۆشبەرەوە تیجارەت دەکەن، ڕۆژانە دەیان گەنج کە لە بەندیخانەکانادان دەکوژێت. کەسانێک کە پێش لە سزاکەیان چەند ساڵێک لە زینداندا ماونەتەوە ئێستا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. ڕژێمی ئێران بەناوی پاراستنی ئاسایشەوە هەموو ئەو دەروازە سنوریانەی گرتووە کە خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان کاسبیان تێدا دەکرد، ئەو کەسانەش کەلە سنور دەرباز دەبن یەکڕاست گوللەباران دەکرێن و دەکوژرێن. بەو جۆرە گەل بێ کار ماوەتەوەو هەتا دەچێت ڕێژەی بێ کاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبێت. بۆیە خەڵکیش ناچارن لەسەر سنورەکان کاسبی بکەن بەڵام لەبەرامبەردا یان دەستگیر دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن یان هەر لەوێدا دەکوژرێن. ئەو کەسانەشی کە هەڵوێستێکی دژبەر نیشان دەدەن دەستگیر دەکرێن، دەتوانین بڵێین ڕژێمی ئێران هەموو دەریچەو مەیدانەکانی ژیانی لەخەڵک، بەتایبەت گەلی کورد گرتووەو دەیەوێ ڕۆحی ژیانی خەڵک بکوژێت. ئێران لەجیاتی ئەوەی دەچێت ئەڵقەی فیلمی ڕەشکردنی نرخە پیرۆزەکانی گەلی کورد تۆمار دەکات با بچێ دوایین زنجیرەی درامای کۆتایی دەسەڵاتداری خۆی تۆمار بکات. لەجێگای ئەوەی تەڤگەری ئازادی کە ئەمڕۆ بۆ مافی ڕەوای گەلی کورد تێدەکۆشێت، چەواشە بکات، با ئیتر دەست بە نوسینەوەی ڕۆمانی ڕەشی خۆی بکات.
 
سەرچاوە: ڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا"
 
(ش ب)