ژنانی ئێزیدی بوونه قوربانی خیانه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد
Kadının Kaleminden
ئەوین زیلان
هه‌زاران ساڵه که ئه‌قڵیه‌تی نێرسالاری هه‌ر کات ویستیان پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خویان بپارێزن، یا هه‌وڵیاندا به رێگای جه‌سته‌یی و فکریه‌وه به سه‌ر ژناندا زاڵ بن، یا ئه‌گه‌ریش نه‌کرا به رێگای قڕکردنی جه‌سته‌یه‌وه هه‌وڵی له ناوبردنیان داوه. له‌م پێناوه‌دا هه‌میشه یه‌که‌مین قوربانی ژن بووه. به تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگایانه که ژن توانیویه له بواری کەلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه خۆی بپارێزی، هێرشی زۆرتری کراوەتە سەر. نمونه‌ی ئه‌مه‌ش له ساڵی ٢٠١٤ له شه‌نگال روویدا که له ئه‌نجامی خیانه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه، به هه‌زاران ژن بوون به قوربانی ئه‌قلیه‌تی داگیرکەر، دژه ژن و نامرۆڤانه‌ی داعش. یا سه‌ریان بڕین، یا بۆ پێوه‌ندی جنسی و لاشفروشی فرۆشتیان و یا سووتاندیان، له‌و کاته‌دا که‌سیش نه‌بوو بڵێ بۆ و که‌س به‌رگری نه له ئێزیدی کرد و نه پێشیان له به‌دیل گرتنیان کرد. به پێچه‌وانه ئه‌وانه‌ی که بانگەشەی پارێزوانی کۆمه‌ڵگایان ده‌کرد، له کاتێکدا که پێویستی به پاراستن هه‌بوو، هه‌ڵهاتن و بوون به بینه‌ری ئه‌و رووداوه دڵته‌زێن و گه‌مه سیاسیه و له دووره‌وه پێکه‌نیان. ئێستاش یه‌کێک وه‌کوو چنار سه‌عد که گوایه خۆی به نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌زانێ، باسی ئه‌وه ده‌کات که چۆن هێرشی داعش ژنی ئێزیدی به جیهان ناساندوه. وادیاره ئه‌و کرده‌وه چه‌په‌ڵه‌ی که بوو به هۆکاری قوربانی بوونی هه‌زاران ژنی ئێزیدی، به‌ڕه‌وای ده‌بینێ. که واته ئه‌گه‌ر به پێ قسه‌کانی چنار بڕۆین پێویسته ژنانی ئێزیدی ده‌ستخۆشی له ئه‌و لایه‌نانه بکه‌ن که له شه‌نگال هه‌ڵهاتن و ژنانی ئێزدیان دا به ده‌ستی داعشه‌وه و بوو به هۆکاری ناوزڕاندیان. ئه‌مه بابه‌تێکه جێگای شه‌رمه‌زاریه. ئه‌و رووداوه‌ی شه‌نگال هه‌تاهه‌تا نه له بیری گه‌لی شه‌نگال و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان و ژنان ده‌چێته‌وه و نه ئێمه‌ی ژن ده‌بێت له بیری بکه‌ین. چنار سه‌عد وەک ژنێک نا بەڵکو بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری جوڵە دەکات، نه‌ک ته‌نیا هیچ له ئێش و ئازاری ژنانی کورد و به‌تایبه‌ت ژنانی شه‌نگالی تێنه‌گه‌یشتووه، هاوکات پیۆنێکه (مۆرهیکه) بۆ گه‌مه سیاسه‌یه‌کانی پارته‌که‌ی. منیش لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دهکهمهم ئه‌ی بۆچی له کاتی خۆیدا هه‌وڵی ئه‌وه‌تان نه‌دا که ژنان و خه‌ڵکی شه‌نگال په‌روه‌رده بکه‌ن، هه‌تا فێری خۆپاراستن ببن؟، ئایا بێجگه له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی هیچ کارێکی دیکه‌تان بۆ ژنان کرد؟، ئایا یه‌کجاریش دانیشتن گوێ له ده‌ردی دڵی دایکێک بگرن که بزانن ئێشی ژن چیه؟ ئه‌ی بۆچی ئێستا مافی خۆتان ده‌بینن که له سه‌ریان قسه بکه‌ن؟. ره‌نگه ژنانی ئێزیدیش وه‌کو زۆر ژن ته‌سلیمیه‌تیان قه‌بووڵ بکردیایه و خۆیان بفرۆشتایه، ئه‌مڕۆ وه‌کو زۆر له ژنانی به ناو ژن دەژیان، یا له ژێر ئه‌شکه‌نجه و لێداندا نه‌بوون. ره‌نگه به قه‌ولی چنار خان ژنانی ئێزیدی زۆر پێشکه‌وتوو نه‌بن، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ریان له به‌رامبه‌ر مێژوو نزم نیه، چونکە به لانیکه‌م ده‌زانن که ئه‌و هه‌موو زوڵمەی لێیان دەکرێت، له ئه‌نجامی به‌رخۆدانی و ته‌سلیم نه‌بووندایه، جا ژنانێ وه‌کوو چنار سه‌عد قسه‌یان بۆ مێژوو و ئه‌وانه‌ی که له داهاتوودا ئه‌م راستیانه ده‌بینن، چییه؟! وه‌کوو دیکه‌ش ئه‌گه‌ر ژنانی ئیزدی پێشکه‌وتوو نه‌بوون و نه‌یزانی خۆیان به ده‌ره‌وه بناسن، جا ئه‌وه مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ئێوه‌یه که به ساڵان خۆتان به خاوه‌نیان زانی، به‌ڵام هیچ پێشکه‌وتنێک له‌و کۆمه‌ڵگایه دروست نه‌بوو. هه‌ر ئه‌و ژنانه ئه‌مڕۆ که خۆیان په‌روه‌رده کردووه، هه‌م چه‌کیان به ده‌سته‌وه‌یه و هه‌م پێنووس. ئه‌وان ئیتر ده‌توانن بێ منه‌ت ئه‌رکی خۆپاراستن و پاراستنی هاوڕهگهزانیان پێک بێنن. ئه‌وه‌ی که ژنانی ئێزیدی به جیهانی ناساند، دڕندایەتی و هێرشی داعش نه‌بوو، هه‌وڵ و تێکۆشانی ژنان بوو که توانیان باسی به سهرهاتهکانیان بکه‌ن و رایبگهێنن. جا ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وانه‌ی که گوایه له شه‌نگال هێزی پاراستن بوون، بوونا، ئێستا هه‌موو ئه‌و قه‌تڵ وعامهش له بیر کرابوو، وه‌کو ئه‌وه‌ی هەرگیز شتێکی وا ڕووینەداوە، وه‌کو چۆن که هه‌وڵیاندا ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ها لێبکه‌ن. به‌و روورهشیهی که بۆ مێژووتان هێشته‌وه، ئیتر ناتوانن به لێبوردن خۆتانی لێ رزگار بکه‌ن. خه‌ڵکی شه‌نگال و ژنانیش ئیتر تێگه‌یشتوون و بابه‌تی هه‌ڵه و راستی له یه‌ک جیا ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وان ئیتر ده‌توانن بریاڕی داهاتووی خۆیان بده‌ن. ئه‌و کرداره نه‌ک ته‌نیا له دادگای حکوومه‌تدا به‌ڵکوو له دادگای مێژوودا ده‌بێت لێپرسینی لێ بکرێت. ئێوه ئیتر ناتوانن به لێبوردنێکی سه‌ر زاری په‌رده به سه‌ر ئه‌و رووڕهشیانهدا بده‌ن. ئایا ئه‌و کاته ئه‌گه‌ر گه‌ریلا ده‌رفه‌تی بدابایه که داعش هێرشی هه‌ولێری بکردایه، ئایا ئێستاش هه‌ر به هه‌مان شێواز قسه‌تان ده‌کرد؟ باشتر وایه نه‌ک به لێبوردن، ئیتر واز له سیاسه‌ت کردن به سه‌ر خه‌ڵکی کورد و به‌تایبه‌ت ئیزیدی بێنن و نه‌یانکه‌ن به تۆپی یاری و له کوێ ته‌نگاو بوون شه‌قێکی تیا هه‌ڵده‌ن.