لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

سیاسەت هونەری كاركردنە

Kadının Kaleminden
تەمموز 05 / 2016


 

زەینەب گەرمیان
 
هەوڵدانەكانی ئەمڕۆی لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستان بۆ چارەسەری ئەو پرسانەی كە رووبەرووی بووەتەوە هەرچەند لە ئاستێكدا بەرێوە دەروات، بەڵام بەگوێرەی پێویست ئەنجامگیر نابێت كەواتە كیشەیەك هەیە لە مەداخەلە كردنەكەدا، چونكە هەتاوەكو ئەو گرێكوێرەیەی كە هەیە نەكرێتەوە ناتوانرێت ئەنجامێكی ئەرێنیش ببینرێت. لێگەرین هەیە بەڵام پارچە پارچەیە، وەكو ئەوە وایە كە بە دەستێك چەپڵە لێبدەن بێگومان ئەمەش مەحاڵە. یەك نەگرتنەوە، بڕوا بەیەك نەكردن پشت بەهێزی خۆ واتا گەل نەبەستن، بەرامبەر بەیەك هەمیشە لە ناو ناكۆكی وپیلانگێریدابوون ویەكتر ریسواكردن و چەندە لە رووی سەقەتی كاریانەوە بڵێی هێشتا كەمە.
 
لە سیاسەت كردندا هونەری كاركردن پێویستە، شێواز و رێباز و خیتاب پێویستە، هاوپەیمانی ئیرادەو پێوستیەكانی گەل و نیشتیمان پێویستە، ئەگەر بەم شێوازە نەبێت ناتوانین بڵێن سیاسەتێكی بە ئەخلاق جێگای باسە، لە شوێنێك ئەخلاق بووبە بابەتی باسكردن، ئەبێ لەو شوێنە زۆر بە جددی هەڵسوكەوتی خۆت لە بەرچاو بگریت، بەتایبەت كە ئێمەی كو‌رد خاوەن مێژوو و رابردوویەكی چۆنین، چەمك و نزیكایەتیمان بۆ بەرەو پێشەوە بردن و هەنگاونان چۆنە خۆ ئەبێ ئاورێك بدرێتەوە لە رابردوو.
 
بە بوچونی من گەل ئامادەیە بۆ گۆرانكاریەكی ریشەیی، بەڵام ئەو گروپ، دەستە و شەخسانە كە ئەمرۆ لەژێر ناوی هێزی سیاسی و دەسەڵاتەوە خۆیان فەرز دەكەن، رۆژبە رۆژ رەوشەكە ئاڵۆز دەكەن و هەر جارەو بەناوێكەوە دەست بە كۆبونەوە و قسەی بریقەدار دەكەن، گرینگ ئەوەیە كە ئەنجامی ئەو دانوستناندنانە لە رووی كرداریدا فەرامۆش نەكرێت. ئەوەی فەرامۆش كراوە هەنگاوە كرداریەكانە، بە هۆكاری چی، بە هۆكاری ئەوەی كە غەمی خەڵكیان نییە و نەوەكو بە بەرنامە، ئاوەدانی و ئارامی گەل لە بەرچاو بگیردرێت، بە پێچەوانەوە بەرنامە و پرۆژەی دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان بۆ بەرژەوەندی خۆیان چۆنیان بووێت ئاوا نزیك دەبنەوە وهێزو لایەنەكانی باشوری كوردستانیش پاشماوەی ئەم زلهێزانەی جیهانن.  بابەت  وناوی كورد لای ئەوانەوە زۆرتر لە چوارچێوەی ناو و بەرژەوەندیەكانیانەوە                                                                                                                                                                                                                                                                                                              بە كار دەهێنرێت و هیچیتر. زۆرجاران گەل دەڵێ لێرە رێبەر و پێشەنگ نییە بەڵكو دارو دەستەی دیكتاتۆری و مافیایی هەیە منیش ئەڵێم بێگومان ئەوەی پەیرەو دەكرێت رێك ئەو پێناسەیە دەگرێتە خۆ، چونكە ئەوەی خۆبە خۆ دەیكەین دوژمن بە دوژمن نایكات. ئێستا ئەوەی لە باشوری كوردستان پەیرەو دەكرێت هەڵوەشاندنەوەی كوردستانە نەوەكو بوونیادنان، بۆنمونە (پێشمەرگە گیانی خۆی بەخت ئەكات لە پێناو پاراستنی گەل و نیشتیماندا لە هەموو هەلو مەرجێكدا گوند و شارۆچكەكان لە ژێر دەستی چەتەكانی داعش پاك دەكاتەوە، كەچی لە ژێر ناوی هاوپەیمانیدا لە رێگای حەشدی شەعبییەوە رادەستی داعش دەكرێتەوە، ئەمە چی واتایەك دەدات؟ ئەوەیە خوێنی خۆت ئەرێژێنی پەیوەیندی بە هاوپەیمانی منەوە نییە. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە ناوەندێكی فەرمییە بە ئارەزووی خۆ دایدەخات و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانتار و وەزیرەكان دەگرن. بریاری پارێزبەندی پەرلەمانتاران خستنە رۆژەڤەوە و بریاری گرتنی كەسایەتی سیاسی و سكرتێری حزبەكان، داخستنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بە تایبەت رێكخراوەكانی ژنان و گرتنی رۆژنامەوان و چالاكانی سیاسی)، ئەمە جێبەجێكردنی ئەو پیلانەیە كە دژبە بەرژەوەندیەكانی كوردە. لێرەدا مەبەستم لە نەبوونی ئەخلاقی سیاسی ئەمەیە.
 
لایەنێكیتری گرینگ ئیرادەی گەل بە هەند وەرنەگرتن و بەشداری نەكردنی ژنان لە سیاسەتدا بۆخۆی گەورەترین قەیرانە، گۆشەگیركردنی ژنان گۆشەگیر كردنی كۆمەڵگایە ئەمە حەقیقەتێكەو نكۆڵی لێ ناكرێت. هاوكات لە گەڵ ئەوەش بەكار هێنانی ژن لە گۆرەپانی سیاسیدا بۆ بەرژەوەندی حیزبایەتی و ئەقلیەتی نێرسالاری. لە نموونەی چنار سەعد و بە دەهان ژن وەكوو ئەو هەیە كە تەنیا پیونێكە لە كایە سیاسیەكاندا. ئەو خیانەتەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتی هێرش بردنە سەر گەلی شەنگال بە دەستی داعش كردی و شروڤەكانی چنار سەعد كە وتی: "ئەگەر داعش نەبوایە، جیهان ژنانی ئیزدی نەدەناسی و..." شوێنێكی مێژووی و برینێكی وەهای بە دوای خۆیەوە هێشتووە كە بە هیچ لێبوردنێك سارێژ نابێت. ئەمە كایەكردنە بە نرخە پیروزەكانی گەل و تێنەگەیشتن لە ئێش  وئازاری ئەو گەلەیە. هەروەها بەكار هێنانی ژن بەرامبەر بە ژنە و لێرەدا جارێكیتر راستی ئەقلیەتی دەسەڵاتخواز و رەگەزپارێزی ئاشكرابوو.    
                                                                                                                                                                                                                                                                           
بابەتی دیكەش ئەوەیە ئەگەر ئاورێك لە بەشەكانیتری وڵات بدەینەوە ئەبینین كە لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باكوری كوردستان بە چ شێوازێكی مێژووی ئازادی و قارەمانی دەنوسێتەوە و ئەم بەرخودانە هەموو جیهانی سەرسام كردوە. ئەمە بۆخۆی ئاڵتەرناتیڤی چارەسەری سەرجەم كێشەكانە كە رووبەروومان بووەتەوە، و ژنانیش پێشەنگن لە ناو ئەم شۆرشە، چ لە رووی سیاسی، رێكخستنی، سەربازی وهتد. جێگای باسە ئەو بوێرییەی لە كەسایەتی ژناندا هەیە بێ وێنەیە، لە بیرمان نەچێ ژنانی كورد بوون توانیان دوو كۆنگرەی ژنانی چواربەشی وڵات ببەستن، كۆنفرانسی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوین ببەستن ورێپێوانی ژنانی جیهان بهێننە كوردستان. ئەمانە دەسكەوتی گەورەن بۆمان كە ژنان خاوەن هێزن، ئەو كارانەی بەبێ بوونی ژنان ئەنجام دەدرێت تاوەكو ئێستا سەری نەگرتەو سەریش ناگرێت. كۆمەڵگا لە سەر دەستی ژن ئاوابووە هەر بە پێشەنگایەتی ژنانیش ئازاد دەبێت، وەكو ژنێك دەڵێم ئیتر بەسە چیدی یاری بە نرخه پیرۆزیەكانی گەل نەكەن.‌ 
 
سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە