لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

شانۆگەری ئێران و PDK

Kadının Kaleminden
تەمموز 08 / 2016


 

 
گەلاوێژ ئەورین
 
هەبوونی هەر هێزێکی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان بەهەر ناوێکەوە بێت بۆ پارچە کردنی یەکێتی کوردانە. ئێمە لەسەردەمێکداین کە هەر هێزێکی کوردی خۆی بسپێرێتە هێزە داگیرکەران، شانسی ژیانی نیە. هەندێ شتی سەرنج ڕاکێش لەم دوواییانەدا ڕوویان داوە کە نابێ مرۆڤ بەئاسانی لەبەر چاویان دەرباز کات. ساڵی پار لەم کاتانەدا هێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەئەنجامی پلانگێڕی PDK بەبێ ئەوەی داوای مۆڵەت بکەن یان ئاگاداریەک بدەن، چوونە هەرێمەکانی پاراستنی میدیاو جێگیر بوون. ئەوان هێزێکی کوردی بوون، هەستیاری دروست بوونی شەڕی براکوژی لە ئارادا بوو. بەڵام خۆی لەخۆیدا کاتێ هێزێکی تر دەچێتە شوێنێک کە هێزێکی تری لێیە مانای ڕاگەیاندنی شەڕە. ڕووداوەکە بێ ئەوەی قوڵ بێتەوەو ئامانجە چەوتەکانی بپێکێ کۆتایی هات. ئەو پێشمەرگانەی حدکا کە لەوێ بوون ئەوەیان وت کە فەرماندەکەیان بەزۆر ئەوانی ناردووەو پێی وتوون ئەگەر پێویستیش بوو شەڕ بکەن و لەوێ جێگیر بن. کوردستان خاکی هەرکەس و لەوەش گرنگتر هی هەر تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕە کە بەڕاستی بخوازێت تێکۆشان و شەڕ لەبەرامبەر داگیرکەران بکات، ئەو هێزە گلێنەی چاوی خەڵکی کوردستانە. گومان لەوەدا نیەو بۆ گەلی کوردیش سەلمێندراوە کە کێ تێکۆشانی ڕاست لەدژی داگیرکەران دەکات. بەڵام ئاژاوەگێڕی، فەسادی و پلانگێڕیەکانی PDK کە کوردان بەرەو شەڕی براکوژی ببات و PKK لە ڕەوشێکی ئاستەنگدا بهێڵێتەوە، مایە پووچ بوو.
 
وەک دیارە بەشی دووەمی شانۆگەری PDK دەست پێ دەکات، ئاشکرایە هێزی سەربازی هەردوو پارتی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە لە ژێر سێبەری هەرێمی کوردستان و هەندێ هێزی تردا بەکاردەهێنرێن. پارچە بوون، شەڕی یەکتریان کردو لەڕێبازی تێکۆشانی چەندین ساڵەی خۆیان کەبە خوێنی هەزاران شەهید بونیادنرابوو، دوور کەوتنەوە. هەر وەک ئەوەی کە هێشتا ئەمە کەم بێت، ئەمجارە بەدەستێکی دەرەکی لەبەرامبەر هێزێکی کوردی بەکاردەهێنرێن. بەکەیفی دڵی بەڕێوەبەرانی کورد کە بەساڵان لەبن دەستی ئەودا ژیان دەکەن، بەداخەوە هەڵسوڕان و هەڵدەسوڕێن.  PDK و ڕاگەیاندنەکانی بەجارێک وەک ئەوەی شۆڕشێک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگیرسابێت، بانگەشەیان دەکرد کە حدکا کەوتۆتە ڕۆژهەڵات و بەقسەی ئەوان شەڕی چەکداری دەست پی کردۆتەوە، ویستیان ڕای گشتی فریو بدەن. بۆ هەر کەس جێی سەرسوڕمان بوو کە ئایا خێرە ڕاگەیاندنەکانی  PDK ئەوەندە حەیران و لایەنگری تێکۆشانی چەکداری و ئازادین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام لە مێژە ڕووی ڕاستی  PDK بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات ئاشکرا بووەو هەرچیش بکات کەس باوەڕی پێ ناکات. هەرکەس تێگەیشت کە لە ژێر کاسەدا نیو کاسەیەک هەیە. ڕووداوەکە ئەوەندە بەپەلە خێرایی دەستی پێ کرد مرۆڤ زوو تێگەیشت کە سیناریۆیە. هێزەکانی حدکا جارێک لە گوندێکی مهاباد بینران، هەموویان لەلایەن سوپای ئیرانەوە شەهید کران، ڕۆژی دواتر هێزەکانی ئێران حاجی ئۆمەران و سیدەکانی تۆپ باران کرد کە بووە هۆی بریندار بوونی چەند هاوڵاتیەک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەلە لێدوانێکی شەرمەزارکردنی ڕاگەیاند. بەڵام بۆ ئەوەی سیناریۆکە ئاشکرا نەبێت تورکیاشی خستە ناو لێدوانەکەو بۆ ئەوەی دڵی ئەو وڵاتانەش خۆش بکات هێزە کوردیەکانیشی شەرمەزار و هوشیار کردەوە کە لە دژی وڵاتە دراوسێکان هیچ شتێک نەکەن.
 
بەر لە ئەوان تورکیا چەندین جار بە تانک و تۆپ بەسەر خەڵکی مەدەنی و خاکی کوردستانی دا داوە، هەر ڕۆژ شوێنێکی کوردستان بۆمباران دەکات، بەدەیان خەلکی مەدەنی شەهید و بریندار کردووە، سەدان کەس شوێن و ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە، بەڵام ڕۆژێک تەنها ڕۆژێک لەسەر ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیان نامەی شەرمەزارگردن نەبوو. خێر بوو ئەمجارە بەپەلە ئێران و تورکیای ئیدانە کرد. لەپێش هەرشتێکدا  PDK دەیەوێ YNK ناچار کات کە سەر بۆ سیاسەتەکانی ئەو نەوی بکات. هەروەها کاتێ کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕش دەستی پێ کرد پێشی پێ بگرێت و هەندێک هێزی دەرەوەی پژاک و کۆدار، ئەوانەی مارژیناڵ بوون و سەربە خۆیانن لە ڕۆژهەڵات بەجێ بکات و ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە. PDK وەک AKP دەیەوێ خۆی لەو ڕەوشەی لەئارادایە دەرباز بکات و کوردان بخاتە بەرامبەر یەک و بۆخۆی خەیاڵی کوردستانی سەربەخۆ پێک بێنی. PDK بۆ ئەوەی هێزە کوردیەکان پارچە بکات و سیاسەتی داگیرکەران پێک بێت هەموو شتێکی کردووەو دەیکات. ئێران و PDK لە زستانەوە کە وەزیری ئیتلاعات هاتە هەولێر ئەم سیناریۆیان نوسیوەو ئێستاش شانۆگەریەکەی نمایش دەکەن.
 
سەرچاوە: (یەنی ئوزگور پۆلەتیکا)