لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

14ی ته‌مووز رۆحی سه‌رخستنی شۆرشه‌

Kadının Kaleminden
تەمموز 12 / 2016


 

نەجیبە عومەر
 
گه‌لانی ئازادیخواز هه‌ندێک رۆژیان هه‌ڵبژاردوه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی شۆرش و هه‌نگاوی مێژوویی. یان له‌رۆژێکدا مرۆڤایه‌تی ده‌سکه‌وتی گرینگی به‌ده‌ست هێناوه‌و بۆ به‌واتادارکردنی ئه‌و رۆژه‌و به‌ده‌ستخستنی نرخی به‌هێزتر، له‌هه‌مان رۆژدا بریاری شۆرشێکی به‌هێزتر دراوه‌. یه‌کێک له‌ورۆژانه‌ش رۆژی 14ی ته‌مووزه‌. ئه‌م رۆژه‌ بۆ گه‌لانی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌گشتی  وگه‌لی کورد به‌تایبه‌تی زۆر واتاداره‌. له‌ 14ی ته‌موزی 1958 له‌ئه‌نجامی شۆرشێکی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری له‌ئێراقدا سیسته‌می شا هه‌ڵوه‌شاو سیسته‌مێکی کۆماری سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرا. له‌ فه‌ره‌نسا هه‌رله‌م رۆژه‌دا شۆرشی فه‌ره‌نسا به‌رپا بوو. له‌14ی ته‌مموزی ساڵی 1982 له‌ زیندانی ئامه‌د له‌پێشه‌نگایه‌تی کادرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) به‌دروشمی "به‌رخودان ژیانه‌" بریاری مانگرتن هه‌تا مردن وه‌رگیرا. له‌ئه‌نجامی چالاکیدا پیلانگێری و کوده‌تای 12 ئه‌یلولی 1980 که‌پاکتاوکردنی هه‌موو شۆرشگێرانی کردبووه‌ ئامانج، روبه‌روی زه‌بری کوشونده‌ بوویه‌وه‌ وله‌و پێناوه‌دا به‌چالاکی مانگرتن  هه‌ڤاڵان "که‌مال پیر، محه‌مه‌د خه‌یری دورموش،  عاکیف یڵماز و عه‌لی چیچه‌ک" شه‌هیدبوون.
 
ده‌سکه‌وته‌کانی 14ی ته‌مووز چی بوو؟
 
یه‌که‌م: له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌ریتانیاو هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کانیان به‌ مه‌به‌ستی داگیرکاری وپێَکهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا مۆدێلی ده‌وله‌ت - نه‌ته‌وه‌ وه‌ک شێوازێکی به‌رێوه‌بردنی بێ ئیراده‌کردنی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست پێشخست و یه‌کێک له‌و ده‌وله‌تانه‌ش ده‌وڵه‌تی ئێراق بوو.  له‌ شۆرشی 14ی ته‌مووزی ئێراقدا به‌پێشه‌نگایه‌تی سه‌ربازی ئازادیخوازو به‌رێبه‌رایه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌به‌ریتانیا له‌سه‌ربنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی و دژبه‌رایه‌تی گه‌لانی ئێراق ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بی سونه‌ی و ره‌گه‌زگه‌را بونیات نابوو، هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌. ئه‌م شۆرشه‌ کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتی دیموکراتی بۆ گه‌لانی ئێراق ده‌سته‌به‌رکرد. سه‌ر له‌نوێ پێناسه‌کردنی ئێراق و پێکهاته‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی راست و په‌سه‌ندکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کوردو له‌ده‌ستورو له‌پراکتیکیشدا هه‌وڵه‌کانی بۆچاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی چاکسازی کشتوکاڵ، پێشخستنی عه‌داله‌ت، دابه‌شکردنی زه‌وی ئاغاکان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان له‌سه‌ر جوتیاران و هه‌ژاران وهه‌ر به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پرسی کورد بانگکردنه‌وه‌ی مه‌لامسته‌فا له‌روسیا بۆ به‌غداد له‌لایه‌ن عه‌بدولکه‌ریم قاسم سه‌رۆکی کۆماری ئێراقی  ئه‌وکاته‌. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌سه‌رۆکایه‌تی (پارتی دیموکراتی کوردستان -- ئێراق ) په‌ده‌که‌ دژایه‌تی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ی کردوو له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب و ئاغای ده‌سه‌ڵاتدارو هێزه‌پیلانگێریه‌کان بوو به‌یه‌ک، جوڵانه‌وی ئه‌یلولیان له‌ساڵی 1961 پێشخست. که‌ئه‌م هه‌نگاوه‌بوو به‌ زه‌ره‌رو زیانێکی مه‌زن بۆگه‌لی کورد هه‌تارۆژی ئه‌مرۆش زیانه‌کانی به‌رده‌وامه‌. یه‌کێکیتر له‌ده‌سکه‌وته‌کانی شۆرشی 14ی ته‌مووز دانانی ده‌ستورێکی بنگه‌ی دیموکراتیانه‌ که‌ بۆجاری یه‌که‌م  ناسینی ئیراده‌ی ژن و رێگه‌پێدان بۆبه‌شداربوونی ژنان له‌هه‌موو کایه‌کانی ژیاندایه‌. به‌تایبه‌تی له‌کایه‌ی سیاسی و به‌رێوه‌بردندا به‌فه‌رمی ناساندنی هه‌موو رێکخراوه‌ ژنانه‌کان و پێشخستنی یاسای باری که‌سێتی که‌گۆرانکاری بنگه‌یی له‌ره‌وشی ژناندا ئه‌نجامدا. بۆجاری یه‌که‌م "نه‌زیهه‌ دلێمی" که‌ به‌رپرسیاری کۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی ئێراق بوو واتا ئه‌ندامی حیزبی شیوعی ئیراقیه‌ وه‌ک ژنێک ده‌بێته‌ وه‌زیر. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ئه‌و ده‌ستوره‌ی به‌ریتانا له‌کاتی رژێمی شادا دایڕشتوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌نادات ژن له‌په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تدا جێگه‌بگرن. پێناسه‌ی ئه‌و هاوڵاتیه‌ی که‌بۆی هه‌یه‌ بێته‌ په‌رله‌مانتار ته‌نها باسی هاوڵاتی پیاو ده‌کات و له‌و کاتانه‌دا "فاتمه‌ ره‌واندوزی" که‌نوینه‌رایه‌تی 8 گوندی ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌کات له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێـت بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ په‌رله‌مانتار، به‌ڵام به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زی مێینه‌یه‌ رێگه‌ی پێنادرێت. هه‌ربۆیه‌ شۆرشی گه‌لانی ئێراق له‌دژی رژێمی پاشایه‌تی و بونیاتنانی سیسته‌مێکی دیموکراتیانه‌ و له‌دوای په‌یمانی سایکس بیکۆ و لۆزان و دابه‌شکردنی کوردستان و به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی له‌ناوبردن و نکۆڵیکردنی گه‌لی کورد، بێگومان شۆرشی 14ی ته‌مووز وه‌رچه‌رخان وجه‌ساره‌تێکی به‌هێزه‌ له‌دژی هه‌موو هێزه‌ کۆنه‌پارێزیه‌کانی هه‌رێمی و جیهانیه‌کان و بۆهه‌موو گه‌لی کوردو گه‌لی ئێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست. دیسان هه‌نگاوێکی گرنگ بوو بۆ ژنانی ئێراق به‌گشتی به‌کوردو عه‌ره‌ب و تورکومانه‌وه‌.
 
 
دووه‌م: له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد به‌رێبه‌رایه‌تی رێبه‌رئاپۆ شۆرشی ژیانه‌وه‌ی گه‌ل ده‌ستی پێکردو بناخه‌ی تێکۆشانی کوردێکی ئازاد بونیاتنرا له‌کوردستاندا. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌12ی ئه‌یلولی 1980دا رژێمی تورکیا کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی ئه‌نجامدا. ئامانجی پاکتاوکردنی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌و شۆرشگێره‌کان بوو، به‌تایبه‌تی پاکتاوکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان. ژماره‌یه‌کی زۆر له‌کادیرانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ خسته‌ زیندانه‌وه‌و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان خواستی به‌داسه‌پاندنی هێڵی ته‌سلیمکاری ئه‌نجامبگرێت. به‌ڵام نه‌ک ته‌نها ئه‌نجامی نه‌گرت به‌ڵکوو له‌زینداندا به‌پێشخستنی مۆدێلێکی نوێ به‌رخودان هه‌موو سیسته‌مه‌ داگیرکه‌ره‌کانی روبه‌روی هه‌ژاندن کرده‌وه‌. به‌دروشمی "به‌رخودان ژیانه‌"، زیندان کرایه‌ گه‌رمترین مه‌یدانی تێکۆشان. له‌نه‌ورۆزی 1982 هه‌ڤاڵ مه‌زلوم دۆغان به‌ئاگری جه‌سته‌ی نه‌ورۆزی سه‌رکه‌وتنی له‌هه‌مووگه‌لی کورد پیرۆزکرد. هه‌ڤاڵان "فه‌رهاد کورتای، نه‌جمی ئۆنه‌ر، ئه‌شره‌ف ئانیک، مه‌حمود زه‌نگین" له‌ 18ی مایسدا بوونه‌ چوارینه‌ی به‌رخودان له‌دژی هێزی خیانه‌تکاران. دیسان له‌14ی ته‌مووزی هه‌مان ساڵدا به‌ پێشه‌نگایه‌تی "که‌مال پیر، محه‌مه‌د خه‌یری دورموش، عاکیف یه‌ڵمازو عه‌لی چیچه‌ک" بریاری مانگرتنی بێ کۆتای ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی هه‌موو جۆره‌ ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی درندانه‌ زۆرترین رۆژ ده‌توانن به‌رخودانی بکه‌ن. پاشان به‌شێوه‌یکی سه‌ربڵندانه‌ شه‌هید ده‌بن. هه‌ڤاڵ که‌مال پیرکه‌به‌نه‌ژاد تورکه‌ ده‌ڵێت ئازادی گه‌لی تورک به‌ئازادی گه‌لی کوردا تێده‌په‌رێت. به‌رده‌وام وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی سۆسیالستی ئه‌رکی خۆی ملیتانی و شۆرشگێری به‌سه‌رکه‌وتوانه‌ پێک ده‌هێنێت. هه‌ڤاڵ محه‌مه‌دخه‌یری دورموش سه‌ره‌رای به‌رخودانیه‌کی بێ وێنه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر مردم له‌سه‌رگۆره‌که‌م بنوسن "قه‌رزاری کوردستانم". هه‌ڤاڵ عه‌لی چیچه‌ک و  ئاکیف  یه‌ڵماز وه‌ک دووگه‌نج که‌ته‌مه‌نیان بچووکه‌ به‌ڵام ده‌بنه‌خاوه‌ن گه‌وره‌ترین به‌رخودانی. به‌هۆکاری هه‌ل و مه‌رجی سه‌ختی زیندان هه‌ڤاڵانیان له‌یه‌کتر دابراندووه‌، هه‌موویان ئاگاداری یه‌کترنین. "ئه‌سه‌د ئۆکتای" وه‌ک به‌رپرسیاری زیندان که‌ که‌سایه‌تیه‌کی فاشست و خوێنمژه‌ به‌ هۆڤایه‌تی خۆی به‌ناوبانگه‌ له‌ئه‌شکه‌نجه‌داندا. کاتێک هه‌ڤاڵ "که‌مال پیر"له‌زینداندا شه‌هید ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی کاریگه‌ریکه‌ی بشکێنێت به‌ مایکرۆفۆن و به‌ده‌نگێکی بڵند له‌ناو هۆڵی زیندانه‌کاندا ده‌گه‌رێت و ده‌ڵێت: "باوه‌ر به‌که‌مال پیرمه‌که‌ن که‌ده‌ڵێت من مانمگرتووه‌ له‌خواردن، که‌مال پیر بۆخۆی نان ده‌خوات و به‌ئێوه‌ ده‌ڵێت نان مه‌خۆن". کاتێک ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌گاته‌ ژووری زیندانی هه‌ڤاڵانی ژن که‌هه‌ڤاڵ سارا تێدا پێشه‌نگایه‌تی به‌رخودانی ده‌کات یه‌کسه‌ر له‌وه‌ تێده‌گه‌ن که‌ مانگرتن له‌خواردن هه‌یه‌و ئه‌و قسه‌ی ئه‌سه‌د ئۆکتای وه‌ک هه‌مووجارێک درۆیه‌ و بۆپشتگیری له‌هه‌موو هه‌ڤاڵان ده‌که‌ونه‌ ئه‌رکی مانگرتن له‌خواردن. بێگوومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ سارا به‌شێوه‌یه‌کی جه‌سورانه‌ به‌روی جه‌لاد(ئه‌سه‌د ئۆکتای) ده‌چێته‌وه‌ وتف ده‌کاته‌ سه‌ر ده‌م وچاوی ئه‌م جه‌لاده‌. هه‌ڤاڵ سارا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک هه‌ڤاڵی ژن که‌ له‌ناویاندا ئه‌ندامی پارتی چه‌پیشی تێدا هه‌یه‌ به‌یه‌که‌وه‌ مانده‌گرن. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ مێژوویه‌ بۆجاری یه‌که‌مه‌ پێش ده‌که‌وێت به‌هه‌موو شێوه‌یک پیلانه‌کانی دوژمن مایه‌پوچ ده‌بێت، چونکه‌ ئیتر مرۆڤیک به‌رخودانی ده‌کات نه‌ک لاوازیه‌کانی ناگیرێت به‌ڵکوو ئه‌و بۆخۆی شه‌هیدبوونێک که‌هێزو باوه‌ڕی ژیانێکی بێکۆتایی ده‌خوڵقێنێت، هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕی قوڵ له‌لای گه‌ل به‌تێکۆشان دروست ده‌کات.  نمونه‌ی شۆرشگێرێکی ئیراده‌پۆڵاین که‌هیچ هێزێک ناتوانێـت ئه‌وانه‌ په‌شیمان بکاته‌وه‌. ئیتر زیندان ده‌بێته‌ ناوه‌ندی تێکۆشان و به‌رخودان و پیلانه‌کانی کوده‌تای 12ی ئه‌یلوول پوچه‌ڵده‌بێته‌وه‌. ئیتر پارتی کرێکارانی کوردستان له‌زینداندا گه‌وره‌ترین ناسنامه‌ی شۆرشگێرێتی له‌لای گه‌ل قازانج ده‌کات. له‌جێگه‌ی رۆحی ته‌سلیمیه‌ت و نکۆڵیکردن له‌خۆ وخۆهه‌ڵواسین به‌داگیرکه‌راندا!! رۆحی به‌رخودانی و سه‌رهه‌ڵدان و فیداکاری و گیانبه‌ختکردن پێش ده‌که‌وێت. له‌که‌سایه‌تی هه‌ڤاڵ سارادا  به‌شداری بوونی ژنان بۆناو تێکۆشان پێش ده‌که‌وێت ئیتر مۆدێلێکی نوێ ژنی شۆرشگێر پێش ده‌که‌وێت که‌ نه‌ هاوکاری، پیاوه‌ به‌ڵکو له‌زینداندا وله‌ شه‌ڕدا و  له‌ سه‌رخستنی  ئایدۆلۆژیای ئازادیدا وسیاسه‌تی گه‌لدا پێشه‌نگه‌.
 
رۆحی 14ی ته‌مووز شۆرشی به‌رپاکرد، هه‌نگاوی مێژووی پێشخستن. له‌دژی هه‌موو کۆنه‌پارێزیه‌کان سه‌ریهه‌ڵدا و زهنیته‌ کۆنه‌کانی پارچه‌ پارچه‌کرد. ئیراده‌یکی پۆڵاینیان پێشخست، ئیراده‌یه‌ک که‌چۆکداده‌دا به‌ته‌واوی پیلانگێری و هێرشه‌ هۆڤایه‌تیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران. هه‌ربۆیه‌ به‌ رۆحی 14ی ته‌ممووز ئه‌مرۆ له‌هه‌رچواربه‌شی کوردستاندا شۆرش و تێکۆشان ده‌ستی پێکردووه‌ له‌دژی داگیرکه‌ران و هێزی نۆکه‌رو نه‌ته‌وه‌په‌رست و ره‌گه‌زگه‌راکان. له‌رۆژی ئه‌مرۆشدا به‌خوێندنه‌وه‌یکی باش بۆهه‌موو 14ی ته‌مووزه‌کان به‌تایبه‌تی به‌رخودانی زیندانی ئامه‌د ده‌گه‌ینینه‌ ئه‌و راستییه‌ی که‌ ئه‌وشۆرشه‌ی ئه‌مرۆ به‌پێشه‌نگایه‌تی فکری رێبه‌رئاپۆ بۆچاره‌سه‌ری دۆزی ره‌وای گه‌لی کوردو بونیاتنانی دیموکراسی و ئازادی ژن له‌ ته‌واوی کوردستاندا ده‌ستی پێکردووه‌ وبه‌ره‌و هه‌موورۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌چێت. ئه‌مه‌ به‌رهه‌می رۆحی به‌رخودانی 14ی ته‌مموزی زیندانی ئامه‌ده‌، و ئه‌و رۆحه‌ ئه‌مرۆ فه‌رمانمان پێده‌کات بۆ به‌رپاکردنو سه‌رکه‌وتنی  شۆرش . بۆچاره‌سه‌ری کێشه‌کانی باشوری کوردستان و ئێراق  رۆحی تێکۆشانێک پێویسته‌ که‌ ته‌واوی ئاسته‌نگیه‌کان له‌ره‌گ وریشه‌ بهێنێت، ئه‌ویش رۆحی به‌رخودانیه‌ له‌پێناوی ژیانێکی ئازاد و سه‌ربڵندانه‌دا. ئه‌مرۆ کاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ وه‌ک گه‌لانی ئیراق به‌کوردو عه‌ره‌ب و هه‌مووپێکهاته‌کانیتریشه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌کی بڵێین نا. به‌ هه‌ستی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی شۆرشی 1958 و به‌سیاسه‌تێکی ناوخۆی تایبه‌ت به‌گه‌لانی ئێراق شۆرشێکی دیموکراتیانه‌ له‌دژی هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌کیه‌کان له‌ ئێراقدا به‌رپا بکه‌ین و به‌رۆحی به‌رخودانی زیندانی ئامه‌دو به‌فکرو فه‌لسه‌فه‌و سیسته‌می کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی که‌ رێبه‌رئاپۆ پێشکه‌شی هه‌مووجیهانی کردووه‌ شۆرشی دیموکراتیانه‌ی گه‌ل سه‌ربخه‌ین. 
 
سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە