لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

چار شێوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە منبج دەسوتێنرێن

Kadının Kaleminden
ئاب 02 / 2016


 

 
گەلاوێژ ئەورین
 
چارشێو هەروەک لەناوەکەیەوە دیارە، مرۆڤ دەتوانێ لەسەر ئەو ڕاستیەی کەلەناوەرۆکیدا هەڵیگرتووە شرۆڤەی جودای بۆ بکات. چوار دیوار یان چوار گۆشەی ڕەش و تاریک، ماڵێک کە شەوە و قەت ڕۆژی لێ نابێتەوە. لەم دەستەواژەیەوە مرۆڤ دەتوانێ بزانێ کە چارشێو چۆن سەرەتا ژن و دواتر تەواوی کۆمەڵگای لەناو چوار دیواری ڕەشدا دیل کردووە و ڕاستیەکانی شاردۆتەوە.
 
دەڵێن چارشێو لە سەردەمی دروست بوونی دەوڵەتی سۆمەرو ئاکادیەکاندا بۆ ئەو ژنانەی کە لەشی خۆیان دەفرۆشت بەکار دەهێنرا. ئەو ژنانەی فاحشە بوون چارشێویان لەسەر بووە و ژنانی تریش سەریان ڕووت بووە. هەرکەس چارشێوی بکردایەتە سەر لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە سەمبولی خراپی بوو. لە تەوراتیشدا بەهەمان شێوە باس کراوە کە ئەو ژنانەی پارچەی ڕەش لەخۆیانەوە دەپێچن ژنانی فاحیشەن. بەڵام لەسەردەمی ئاشوریەکاندا ئەم شتە بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە، ئەو ژنانەی لەشفرۆشی دەکەن سەریان ڕووت دەکەن و ژنانی تریش هەموو چارشێو دەپۆشن. ئەم گۆڕانکاریە نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەر پێشتر کۆمەڵێک ژن بن دەست بکرانایە و بکرانایە بە کۆیلە، بە ڕەوا کردنی چارشێو بۆ ژنان، تەواوی کۆمەڵگا بەر بە کۆیلایەتیەکی قوڵ دەچێت. هەروەک دەزانرێ چارشێو بە هاتنی ئیسلامەوە نەهاتووە، لە دینی جولەکەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیسلام و پێشتریش لە زیهنیەتی کۆیلە کردنی کۆمەڵگاوە دێت. ژن وەک خوداوەندێک کە هەموو جێدەستی دیارە و پیرۆزە، دەچێتە پەرستگاکان بەڵام وەک فاحیشە و چارشێوی لەخۆی پێچاوە دێتە دەرەوە. جەستەی ژن وەک عەیبێک دەبینرێت و دەبێ بپێچرێتەوەو داپۆشرێت، ژنان گوناهبارن و دەبێ خۆیان لەژێر چارشێودا بشارنەوە. لە ڕاستی چارشێو لە خۆپێچاندا سەرەتای مێژووی کۆیلایەتی هەیە. بە فڕێ دان و لابردنی ئەو چوارگۆشە ڕەش و تاریکە، بێگومان ژن مێژووی ئازادی دەنوسێتەوە. ئەو ئیمپراتۆرانەی کە بۆ جاری یەکەمین لە مسقەتینەکاندا چوارشێوە ڕەشەکانیان بە ژنان پۆشی، لە سەر خاکی میزۆپۆتامیا یان لەنێوان هەردوو ڕوباری دیجلەو فراتدا گەورە بوون. لەهەمان جێگا، لەو جێگایەی کە سەرەتا مرۆڤەکان چارشێوی ڕەشیان لە لەشی دایکە خوداوەندەوە پێچا، خۆی ون کرد، ئەمڕۆ لەسەر هەمان خاک بە چێژی ئازادی دوای هەزاران ساڵ بەبێ دەنگی. دیمەنەکانی منبج ئەو ڕاستیە ڕوون دەکەنەوە. چارشێو بە تایبەت لە دینی ئیسلامدا بە پاراستنی ناموس و بەهای ژن پێناسە دەکرێت، ژنی بێ چارشێو ژنێکی بێ شەرم و گوناهکارە و دەبێ سزا بدرێت، ئێستاش لەهەندێ وڵاتانی عەرەب و لە ئێران ژنان بە زۆر لە چوارگۆشەی تاریک و ڕەشەوە دەپێچرێن. ئیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک ئەوەی جگە لە ڕەنگی ڕەش ڕەنگێکی تر بۆ ژنان نیە، سەرنج ڕاکێشە کە هەموو ئاڵاو سەمبولەکانی تاڵانی، شەڕ و دڕندایەتی بەڕەنگی ڕەش خۆیان پێناسە دەکەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕەنگی ڕەش ڕەنگی ماتەمە، ژن بۆ لەدەست دانی ئازادی و فرۆشتنی لەشی دەگری لەسەر ئەم خاکە. ژن هەزاران ساڵە کە بۆ لەدەستدانی نرخ و بەها، ئازادی و واتای ژیانی خۆی شین دەگێڕێ.
 
لە منبج ژنان ئەو چارشێوە دەسوتێنن. ئاگر لە مێژوویەکی هەزاران ساڵە بەردەدەن کە ئەوانی کۆیلە کردووە. سوتاندن و فڕێ دانی چارشێو ڕوداوێکی بچوک نیە کە مرۆڤ بەئاسانی بەسەریدا تێپەڕێت. هەر لەو شوێنەی کە واتای ئازادی لە ژێر چارشێودا خنکێندرا، ئەمڕۆ ڕۆحێکی ئازاد لە دایک دەبێت. ئازادی دیوارو چوارچێوەی شەوە ڕەشەکانی تێکداو لە دەشتی پیرۆزی منبج-دا بە خوێنی ئەڤیندارانی ئازادی، مێژووی تاریکیان پێچەوانە کردەوە. ژنان هیچ کات وەک ئەمڕۆ کە لە منبج ڕوویدا نەیان توانیبوو ئەوەندە بە بوێری چارشێوی ڕەش بسوتێنن. لەم کاتەدا ئەو وتەیەی ڕێبەر ئاپۆ بەبیری مرۆڤ دێتەوە کە دەڵێ :" ئەگەر ژن ڕێگای ئازادی خۆی بدۆزێتەوە، وەک ئەو چۆلەکەیەی کە لە قەفەس ئازاد بووە، بەبێ ئاوڕ دانەوە دەفڕێت و حەوت وڵات تێپەڕ دەکات." هەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئیتر لەناو چوارگۆشەی ڕەشدا جێی نابێتەوە و بەرەو ئازادی دەفڕێت، شەوی تاریک ئیتر لەسەر ئەم خاکە نامێنن...
 
سەرچاوە: ڕۆژنامەی (یەنی ئوزگور پۆلەتیکا)