لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

كوشتن بەناوى شەرەف

Kadının Kaleminden
ئاب 07 / 2016


 

فەرزانە عەلی
كوشتن بە ناوی شەرەفەوە، رەنگە ئەمە بەرچاوترین نموونەی دڕندەییەكانی رەگەزی نێر بێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئارەزوە سێكسیەكانی رەگەزی مێینە، كەدواتر بە ناوی شەرەف پاساوی دەدەن، ئەم مەسەلە گرنگ‌وهەستیارە و لە زۆركۆمەڵگەدا لەهزری نێرینەكانی خێزانەكاندا چەقیبەستوە، واتە ئەو دەستەلە پیاوان كە دەربارەی ژنان بەو شێوازە بیردەكەنەوە هەمووكردەوەو رەفتارە سێكسیەكانی ژنانی خێزان دەخەنە ژێر چاودێری خۆیانەوە، بە هەموو شێوەیەك چەمكی شەرەف لە جەستەی ژندا پێناسە دەكەن ‌و خۆیان بە خاوەنی دەزانن، واتە ئەگەر هاتوو رۆژێك یەكێك لە ئەندامە مێینەكانی خێزانەكەی ببینێت كە هاورێیەكی پیاوی هەیە یان پەیوەندی سێكسی هەبووە لەگەڵ خۆشەویستەكەی یان پیاوێكیتر لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەوا دەبێت ئەوژنە باجەكەی بە مردنی خۆی بدات كە دیسانەوە هەر دەبێ‌ ئەندامانی نێرینەی خێزانەكەی بریاری بۆ بدەن كە بژیت یاخود نا..!
خۆی پرسە گرنگەكە لێرەدا ئەوەیە گەر ژن ببێتە شەرفی پیاو ئەی پیاو خۆی دەبێتە شەرفی كێ‌..؟ ئەم پرسیارە رەنگە زۆرجار كرابێت ،بەڵام بەردەوام بێ‌ وڵام ماوەتەوە. وەك ئەو تاوانانەی كە بە ناوی شەرەفەوە ئەنجامدەدرێت و هەمیشە بێ‌وڵام دەمێننەوە، یاخود رەنگە ئەوپەری نەرمی تێدا بەكار ببرێت، بۆ نمونە بە سوڵحی عەشایەری و دەستێوەردانی ریش سپی وپیاو ماقوڵانی ناوچەكە چارەسەر بكرێت، و بە رێكەوتن لەسەر بڕێك پارە كە لە ماڵی دەستدرێژیكار یان حەزلێكراو وەردەگیرێت بەم شێوە نایاساییە كێشەكە بەناو چارەسەر دەكرێت ‌و ئەو مەسەلەیە بۆ هەتایە چاوپۆشی لێدەكرێت، بكوژ كە ژن یان خوشك یان دایك یاخود كچی خۆی كە بە حساب بە شەرەفی خۆی پیناسەی دەكات بەو بڕە پارەیە دەگۆرێتەوە. یان هەندێكجار گەر مەسەلەی پارە نەیەتە ئاراوە لە بری خوێنی كوژراوەكە كچێكی دیكە دەبێتە قوربانی. واتە ئەوكچەی كە دەستنیشان دەكرێت دەبێ‌ بە بێ‌ رەزامەندی وخواستی خۆی بدرێتە ماڵی كوژراوەكە، كە ئەوكچە تاكو مردن ئەبێ بەو ئازارو ئەشكەنجەیەوە لەو ماڵەدا وەكو خزمەتكارێك بژیت. ئەمەش لە كاتێكدایە كە سیستمێكی یاسایی نێودەوڵەتی وەكو رێكەوتننامەی سیداو بەتایبەتی برگەكانی بنەبڕكردنی هەموو جۆرە جیاوازییەك لە دژی ژنان كە لە ساڵی (1997)وە بە رێكەوتننامەی ژنان یان سیداو دەناسرێت بوونی هەیە و راستەوخۆ لە لایەن كۆمیتەی (CEDAW)ەوەوە چاودێری وشیكردنەوەی بۆ دەكرێت.
بڕگەكانی جاڕنامەی توندوتیژی لە دژی ژنان لە ساڵی (1993)ەوە لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە وەكو بریارێك دەرچوە، ئەم بڕیارەش بۆ پۆلێنكردنی توندوتیژی خێزانی ‌و هەروەها پشتگیری كردنی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت رەگەزی مێینە ‌و رەتكردنەوەی پاساو هێنانەوەی بكوژ یان ئەو كەسەی كە توندوتیژی ئەنجامداوە دەرچوە.
هەندێكجار بۆ نمونە ئەو توندوتیژیانەى لەسەر بنەمای دواكەوتویی و داب‌ونەریتەوە كە ئاماژەیان بۆ دەكرێت لەوانەیە لە لایەن كەسانێكی خاوەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بە ژنێك بكرێت لێرەدا گەشەكردنی چەمكی بەرپرسیاریەتی حكومەت دەور دەبینێت كە نابێت رێگر بن لە بەردەم دادگایی كردن وسزادانی ئەو كەسانەی كە توندوتیژیان بەرامبەر بەژنان ئەنجامداوە بەتایبەتی ئەوكەسانەی كە لە ناو دام ودەزگاكانی خۆیاندا كاردەكەن.
ئەمەی كە باسی لێوە كرا تا رادەیەك ئەوەمان بۆ پشتراست دەكاتەوە كە مەسەلەی كوشتن بەناوی شەرەفەوە یاخود هەر جۆرە توندوتیژییەك كە بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێت هاوكێشەیەكە كە بوەتە جێ‌ بایەخی سیستمی یاسا نێودەوڵەتیەكان ‌ورێكخراوەكانی مافی مرۆڤە لەجیهاندا، چونكە مەسەلەی كوشتن لەپێناو شەرفدا تایبەت نیە بە ناوچەیەك یاخود وڵاتێكی دیاریكراو تاوەكو لەژێر چەتری یاسا ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەدا كاری بۆ بكرێت وهەندێك جاریش بە بێ‌ئەوەی یاسا ئاگادار بێت بەرێكەوتن لەسەر بڕێک پارە وبەسوڵحی عەشایەری تاوانبارەكە رزگاری بێت.
لێردا گرنگی مەسەلەكە لەوەدایە كەبەو سیستمە یاسا نێودەوڵەتیەی كە باسی لێوەدەكرێت ‌وبوونی هەیە تا چەند لەو وڵاتاندا رێز لەو بڕیارانە دەگیرێت وئەنجامدەرانی تاوانەكان لە دادگایەكی سەربەخۆدا بە سزا دەگەیەنرێن كە ئەمە خاڵی جەوهەری مەسەلەكەیە‌و ئەو ناوەندە سەربەخۆانەی كە داكۆكی لە مافی مرۆڤ دەكەن چاوەروانی ئەو هەڵوێستەی وڵاتانن، چونكە مەسەلەیەكی جیهانیە وتایبەت نیە بەوڵاتێكی دیاریكراوەوە كەدەبێت لە پێناو پاراستنی مافی مرۆڤدا هەموو كەسێك لە هەر پلەو پایەو پۆستێكدا بێت كاتێك كە توندوتیژی بەرامبەر بە مرۆڤێك ئەنجامدەدات ملكەجی یاسا بێت.
سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە