لە پێنوسی ژنانەوە بنوسە تۆماربکە

ژنێکی گه‌نج خاوه‌ن ئیراده چۆن‌ دروست ده‌بێت

Kadının Kaleminden
ئاب 10 / 2016


 
 
 
 

 
ژینۆ که‌ریم
 
پێشه‌کی ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ مێژووی ژن دا بخشێنین ده‌بینین که‌ نزیکه‌ی 5هه‌زار ساڵه و له‌دوای سیسته‌می دایک سالاری‌ ژن قۆناغ له‌دوای قۆناغ به‌جۆره‌ها شێوازی مۆدێرن ده‌کرێت به‌ کۆیله‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سیسته‌می پیاوسالاری ده‌سه‌لاتداری سه‌رمایه‌دار وه‌ ده‌شبێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ سه‌ره‌تای به‌ندایه‌تی و کۆیلایه‌تی له‌ شارستانیه‌تدا به‌ کۆیله‌ کردنی ژن ده‌ستی پێکرد، واته‌ سه‌ره‌تای کۆیلایه‌تی مرۆڤ به‌ ژن ده‌ستی پێکرد که‌ ژن له‌ پله‌ی به‌رێوبه‌رێتی و ده‌سه‌ڵاتداریدا به‌ جۆره‌ها شێوازی شه‌ر کردنی سیسته‌می پیاوسالار هێنرایه‌ خواره‌وه.‌ دایک له‌ پله‌ی پیرۆزیدا هێنرایه‌ خواره‌وه‌ بۆ پله‌ی کۆیلایه‌تی که‌ تا سه‌رده‌می ئه‌مرۆشمان ژن له‌ جه‌وهه‌رو واتا راسته‌قینه‌که‌ی دور خراوه‌ته‌وه‌ که‌ ژن بوونه. له‌ ئێستادا ده‌بینین که‌ ژن ته‌نها وه‌ک ژنێک نابینرێت به‌ڵکو وه‌ک کاڵاو ئامرازێک ده‌بینرێت ئه‌مه‌ش به‌ هه‌زاران ساڵ کاری له‌سه‌رکراوه،‌ ئێستاش به‌زۆری له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کان کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت و له ‌لایه‌ن‌ وڵا‌ته‌ بچوکه‌کانیش چاوی لێده‌کرێت که‌ ده‌بینین له‌ ئێستادا ئه‌و ئامانجه‌ جێگه‌ی خۆی گرتووه‌ که ‌ژنانی گه‌نج(کچان) به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌کاندا بوون به‌ ئامرازێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌ کار ده‌هێنرێن. کراون به‌ کاڵاو رازێنراونه‌ته‌وه‌ به‌جۆره‌ها شێواز له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و رێکلام کردن و شوێنه‌کانی بازرگانی کردن به‌کار ده‌هێنرین.‌ هه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ی که‌ هه‌زاران ساڵه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر خێزانه‌کان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بینرێت که‌ چۆن خێزان به‌ پله‌ی یه‌که‌م بوون به‌ هێزی سه‌رکوتکردنی ژنانی گه‌نج(کچان) و لاواز کردن یاخود نه‌هێشتنی ئیراده‌ی ژن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌موو جوڵه‌و بیرکردنه‌وه‌کانی ژن.‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌کان‌ ده‌بینین کاتێک کچێک که‌ ده‌چێته‌ ته‌مه‌نی 8بۆ9 ساڵی داده‌برێنرێن له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌و دوور ده‌خرێنه‌وه‌ له‌ دنیای منداڵی وتێکه‌ڵ بوون له‌گه‌ل چوارده‌ور و کۆنترۆڵ کردنی مێشکیان وپه‌روه‌رده‌کردنیان به‌ شێوه‌یه‌کی نا ته‌ندروست له‌لایه‌ن‌ باوکێک که‌ پله‌ی یه‌که‌می خێزانه‌و ده‌خوازێت ته‌واوی هێزو ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی ئه‌ودابێت و دایکێک که‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی کچه‌که‌ی خۆی په‌روه‌رده‌ کراوه‌ و خودی خۆشی له‌ دنیای‌ کۆیلایه‌تیدا ژیانی کردووه‌ وگه‌وره‌ بووه‌ توانای ده‌ربڕینی رای خۆی نییه‌. ئه‌م کچه‌ چونکه‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌و ده‌ست ده‌گیردرێت به‌ سه‌ر ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌کانیداو کۆنترۆڵ ده‌کرێت به‌ بیانووی شه‌ره‌ف وناموس، هه‌زاران کۆتو به‌ندو ناوی تر ده‌بێت باجی کچ بونی بدات له‌ژیان، وه‌ کاتێکیش ژنێکی گه‌نج(کچێک) ده‌که‌وێته‌ ته‌مه‌نی گه‌نجی و کامڵ بوونی ته‌واوی کێشه‌کانی و تاڵی ژیانی له‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ هه‌ندێکجار کچ ناچار به‌ هه‌ڵه‌ کردن ده‌کرێت یاخود هه‌ندێک جار خودی خۆی ده‌که‌وێته‌ ناو هه‌ڵه‌کانی ژیان که‌ هۆکاری ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی له‌ ژیان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌ی که‌ به‌درێژایی مێژوو ژنی چه‌وساندۆته‌وه‌ و چۆته‌ ناو خێزانه‌کانه‌وه‌و وای کردووه‌ که‌ کچێک له‌ ناو خێزانێکدا ته‌نها پشت به‌ که‌سانی خێزانه‌که‌ی ببه‌ستێت،‌ هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش واده‌کات که‌ ژنێکی گه‌نج له‌ده‌ره‌وه‌ی خێزان ئه‌گه‌ر روبه‌روی کێشه‌یه‌ک ببێته‌وه‌ نه‌توانێت به‌ ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه‌ روبه‌رووی کێشه‌کانی ببێته‌وه، ئیراده‌ی ته‌سلیم بکات یاخود هه‌رکات له‌ده‌ره‌وه‌ی خێزان نه‌توانێت ژیانێک به‌خواستی خۆی هه‌ڵبژێرێت کاتێکیش ده‌گاته‌ ته‌مه‌نێکی دیاریکراو یان ناچار به‌ هاوسه‌رگیری ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ واته‌ به‌ زۆری دایک وباوک یاخود ناراسته‌وخۆ ناچار ده‌بێت هاوسه‌رگیری هه‌ڵبژێرێت. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ له‌ ژیانێکی ناخۆش و کۆیلایه‌تیدا ژیان ده‌کات و سنوردارکردنی بیرکردنه‌وه‌کانی ته‌نیا ئامانجی ئازادبوونی له ژیانی کۆیلایه‌تی ناو خێزان هاوسه‌رگیری بێت وابزانێت پیاوێک ئه‌و ده‌پارێزێت و ژیانێکی باشتر له‌ژیانی ناو خێزانی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، به‌ڵام ته‌واوی کێشه‌کانی لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌ناو خێزانی تاکه‌ رێگه‌یه‌کی خۆ ده‌ربازکردنی هه‌بێت که‌ هاوسه‌رگیریه‌ ئه‌ی له‌ ژیانی هاوسه‌رگیری چۆن رێگه‌یه‌کی ئازادبوونی دیکه‌ بدۆزێته‌وه.‌ بێگومان یان ده‌بێت قبوڵی ته‌واوی ئه‌و سه‌رکوتکردنانه‌ بکات، ئیراده‌ی ته‌واو ته‌سلیمی پیاوێک بکات یانیش ده‌بێت قبوڵی نه‌کات و به‌ جیابوونه‌وه‌ کۆتایی به‌و رێگه‌یه‌ش بهێنێت که‌ روبه‌روی زۆرێک گرفت وتانه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌کاته‌وه‌. لێره‌دا پرسیارێک دێته پیش که‌ چاره‌سه‌ری چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کچێک له‌ته‌مه‌نێکی که‌می ژیانیدا رووبه‌روی ئه‌م گرفتانه‌ نه‌بێته‌وه‌و کۆتای رێگاکانی به‌م جۆره‌ نه‌بن؟ یاخود چۆن متمانه‌و باوه‌ریه‌کی به‌هێز له‌ ژنانی گه‌نجدا دروست ببێت؟ چۆن ژنێک بتوانێت روبه‌روی کیشه‌کان ببێته‌وه‌؟ چۆن وه‌ک ژنێکی گه‌نج خۆمان له‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ له‌سه‌ر ژن هه‌یه‌ له‌لایه‌ن سیسته‌می پیاوسالاری و سه‌رمایه‌داری هه‌زاران ساڵه خۆمان بپارێزین‌؟ بێگومان ئێمه‌ی ژنانی گه‌نج تاکو ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ له‌ مێژووی خۆمان ئاگادار ببین و له‌ واتای راسته‌قینه‌ی خۆمان تێبگه‌ین وبزانین ته‌واوی ئه‌و شارستانیه‌تانه‌ی که‌ له‌ پیشکه‌وتندان و سه‌ره‌تاش گه‌شه‌ی سه‌ند له‌سه‌ر ده‌ستی ژن به‌دی هاتوون و پیشکه‌وتون. نه‌مانتوانیوه‌ یاخود رێگه‌ نه‌دراوه‌ که‌ ده‌رک به‌تواناو هێزی خۆمان بکه‌ین و بیانخه‌ینه‌ کار که‌ بیسه‌لمێنین‌ ژن خاوه‌نی ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌ و ده‌توانێت ئه‌و هێزه‌ ناوه‌کیه‌ی که‌ هه‌یه‌تی له‌ پێشکه‌وتنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاو وڵاتدا به‌کاری بهێنێت، پێویسته‌ ژنانی گه‌نج(کچان) به‌ سود وه‌رگرتن له‌و ژنانه‌ی که‌ له‌سه‌ده‌کانی رابردوودا توانیان شۆرشێک به‌رپا بکه‌ن دژی پیاوسالاری و توانیان رابه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌کان بکه‌ن و توانیان له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی ژیان جێ په‌نجه‌ی خۆیان دیاری بکه‌ن ئیراده‌یه‌کی به‌هێز له‌خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن و روبه‌روی ته‌واوی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات ببنه‌وه‌ که‌ چه‌نده‌ها ساڵه ‌کچانیان له‌ نێوان چوار دیواردا کۆت و به‌ند کردووه‌، ‌نه‌ک ته‌نها رووبه‌روی ئه‌م کێشانه‌ ببینه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ هێز وه‌رگرتن له‌ ژنانی پێشه‌نگی ئه‌مرۆ له‌ رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان که‌ به‌ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه‌ روبه‌روی تیرۆر ده‌بنه‌وه‌ و پێشه‌نگایه‌تی بۆ ئازادی و دیموکراسی ژن و کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن، روبه‌روی هه‌ر پلانگێڕیه‌ک بۆ سه‌ر خاک ووڵات و مرۆڤایه‌تی بوه‌ستین وببینه چاره‌سه‌ری بۆ ته‌واوی گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا ومرۆڤایه‌تی، چونکه‌ سیاسه‌تی راست ودروست و په‌روه‌رده‌ی دروست به‌ ئیراده‌ی ژنانی گه‌نج به‌دی دێت، ئه‌م ئیراده‌یه‌ش به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروست له‌ مێژووی ژن و ناسینی خودی ژن و ده‌رککردن به‌ تواناو هێزی خۆمان دروست ده‌بێت. وه‌ستان له‌دژی سه‌رکوتکردنی خێزان و کۆمه‌ڵگاو ئه‌و سیسته‌مانه‌ که‌ ته‌نهاو ته‌نها بۆ ژن سنوریان کێشاوه‌و ژنانیان به‌گشتی کردووه‌ به‌ قوربانی، وه‌هۆشیاریه‌کی ته‌ندروستی له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی په‌روه‌رده‌ی سه‌ره‌تایی و دانانی وانه‌یه‌کی ته‌ندروست له‌سه‌ر ناسینی ژن له‌ ناوه‌نده‌کانی خوێندن، بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی له‌نێو کۆمه‌ڵگاو ده‌زگا جۆربه‌جۆره‌کاندا،  په‌روه‌ر‌ده‌ی هۆشیاری بۆ دایکان و باوکان بۆ ئه‌وه‌ی چیتر نه‌ کۆمه‌ڵگا و نه‌ خێزان ئاسته‌نگ نه‌بن له‌به‌رده‌م تواناکانی ژنانی گه‌نج( کچان)و بۆ دروستکردنی ئیراده‌یه‌کی به‌هێز له‌نێو ژنانی گه‌نجدا(کچان). بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خۆمان روبه‌روی گرفته‌کان ببنه‌وه‌ نه‌وه‌ک کچانی شه‌نگال ببینه قوربانی سیاسه‌تی چه‌وتی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ڵکو وه‌ک کچانی رۆژئاوای کوردستان ببینه‌ پێشه‌نگی خه‌بات و تێکۆشانی گه‌ل و ببینه‌ پارێزه‌ری ژیانی خۆمان و کچانی تری جیهان. چونکه‌ ئه‌و ژنانه‌ی که‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان له‌ خه‌باتدان و دژی ده‌ستدرێژیه‌کانی گه‌وره‌ترین تیرۆریستی جیهان ده‌وه‌ستن به‌بێ هانا بردن بۆ خێزان و که‌سانی تری کۆمه‌ڵگا به‌ ته‌نیاو به‌ ئیراده‌ی خۆیان سه‌رکه‌وتنیان تۆمارکرد که‌ئێستا ده‌یانبینین بوونه‌ته‌ سمبولی ئازادی بۆ ته‌واوی ژنانی جیهان و گه‌لان.
سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە