پۆرترەکان بنوسە تۆماربکە

دواین نامەی ڕێحانە جەباری بۆ دایکی: دایە مەگری گوێ بگرە..

Portreler
تشرینی یەکەم 29 / 2016



 
 
 
ژنها
 
ناوەندی هەواڵ – ڕێحانە جەباری کە دوو ساڵ لەمەوبەر و لە لایەن ڕژێمی ئێران لە سێدارەدرا، لە نامەیەکیدا کە بەر لە سێدارەدان بۆ دایکی نوسیویە، دەڵێت: لەو ڕۆژەوەی ئەفسەرێک بەهۆی نینۆكەكانمەوە ئازاریدام، لەو كاتەدا زانیم كە جوانی یەكێك نییە لە سیماكانی ئەم سەردەمە، جوانی شێوە، جوانی بیر و هیوا، جوانی خەت، جوانی چاو و سەیركردن، جوانی دەنگ.
 
ڕێحانە جەباری، تەمەن (٢٦) ساڵ، کە بەتۆمەتی كوشتنی‌ مورتەزا سارابەندی‌(کە ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەر، ئەویش بەرگری لە خۆی کردبوو)  لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٤  لەلایەن كاربەدەستانی ئێرانەوە لەسێدارە درا.
 
بەر لەسێدارەدانی بۆ دایکی خۆی نوسیویە:
 
بۆ دایکی ئایزەکەم:
ئەمڕۆ زانیم كە سەرەم هاتووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی لەسێدارەدان، بێتاقەتم بەوەی كە تۆ پێت نەوتم كە گەشتومەتە كۆتایی گەشتەكەم لە ژیانمدا، هەست ناكەیت مافی خۆمبوو كە بزانم؟ ئەزانی؟ بێتاقەتم بۆ ئەوەی كە تۆ بێتاقەتی، بۆچی دەرفەتێكت نەدامێ تادەستی تۆ و باوكم ماچكەم؟
 
١٩ ساڵ لەم جیهانەدا ژیام، لەو شەوە شومەدا دەبوایە من كوژراو بومایە و لاشەكەم لەسوچێكی شاردا فڕی بدرایە، دوای چەند ڕۆژێكیش پۆلیس تۆی دەبرد بۆ دادوەری پزیشكی بۆ ئەوەی لاشەكەم بناسیتەوە، ئەو كاتەش تۆ دەتزانی كەمن دەستدرێژی سێكسیم كراوەتە سەر، كەسیش نەدەگەیشت بە بكوژەكە، چونكە ئێمە ئەو پارە و نفوزەی ئەوانمان نییە، ئەو كاتەش ئەوەی لەژیانتدا مابوو بە ناخۆشی حەیاچوندا بەسەرت دەبرد، دوای چەند ساڵێكیش بە بێدەنگی دەمردیت و چیرۆكەكە كۆتایی پێدەهات.
 
بەڵام چیرۆكەكە بە لێدانێكی نەعەلەتی گۆڕانی بەسەردا هات و جەستەكەم فڕێنەدرا، بەڵكو كەوتە گۆڕستانی زیندانی (ئەوین) و ژورە تاكە كەسییەكەیەوە"، ئێستاش لە زیندانی (شهر ری)م كەلەگۆڕێك دەچێت و، تەسلیمی قەدەر بوم و سكاڵا ناكەم، چونكە تۆ لەمن باشتر دەزانیت كە مردن كۆتایی نییە.
 
لەتۆوە فێربوم كە مرۆڤ بۆیە لەم جیهانەدا لەدایك دەبێت بۆ ئەوەی ئەزمون وەربگرێت وانەفێربێت، فێربوم كە دەبێت مرۆڤ هەندێ جار بجەنگێت، لەبیرمە كاتێك پێتوتم شۆفێری ئوتومبیلەكە ناڕەزای دەربڕیوە بەرامبەر بەو پیاوە دڕندەیەی لێیداوم، بەڵام دڕندەكە بە قامچی لەسەر و دەموچاوی داوە، دواتر بە كاریگەری ئەو لێدانە مردووە، پێت وتم كە پێویستە مرۆڤ تێبكۆشێت بۆ ئەوەی بەهای خۆی بەرز ڕابگرێت، تەنانەت ئەگەر پاداشتەكەشی مردن بێت.
 
كاتێك چومە قوتابخانە لەتۆوە فێربوم كە ڕەوشتێكی بەرزم هەبێت و بەڕووی شەڕ و سكاڵادا بوەستم، لەبیرتە چەند زۆرت لێدەكردم بۆ ئەو ڕێگایەی كە پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بكەم، ئەزمونەكانت هەڵەبوو، كاتێك كارەساتەكە ڕویدا مەبدەئەكەم یارمەتی نەدام، كاتێك خرامە بەردەم دادگا گۆڕام بۆ ژنێكی بكوژ، تاوانبارێك كە هیچ بەزەییەكی نییە، تەنانەت فرمێسكێكیش لەچاوم نەهاتە خوارەوە، لە كەس نەپاڕامەوە، نەگریام چونكە من متمانەم بە یاسا هەبوو.
 
بەڵام من بە تاوانەكە تاوانبار كرام، دەبینیت، تەنانەت مێروشم نەدەكوشت، قالۆنچەكانم بە هەستەوەرەكانی هەڵدەگرت و بۆ دور فڕێم دەدان، لەنێوان شەو و ڕۆژێكدا بومە بكوژ، بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵەی منیان لەگەڵ گیانەوەرەكان دەخوێندەوە وەك ئەوەی نێرابم، دادوەرەكە ئەو ڕاستییەی نەبینی كە من لەو كاتەدا نینۆكەكانم درێژبوو تیژبوون.
 
زۆر گەشبین بووم بەوەی چاوەڕێی یاسا بكەم لە دادوەرەكانەوە، دادوەرەكە گوێ بە ناسكی دەستەكانم نەدا، كە ئەمە لەدەستی ژنێكی وەرزشەوان ناچێت، ئەو وڵاتەی خۆشەویستم تیا چاندبوو خۆشەویستی بۆم نەبوو، كەسیش یارمەتی نەدام كاتێك لەژێر لێدانی لێكۆڵەرەوەدا بووم و چەندین وشەی نەشیاویشی پێدەوتم، كاتێك هەموو جوانەكانی جەستەشم لەدەستدا بە تاشینی سەرم پاداشتیان كردم، یانزە ڕۆژ لە زیندانی تاكە كەسیدا هێشتمیانەوە.
 
ئازیزم شوعلە
مەگری بەم شتانەی گوێت لێدەبێت، لەیەكەم ڕۆژمدا لە بنكەی پۆلیس ئەفسەرێكی بەتەمەن كە خێزاندار نەبوو، بەهۆی نینۆكەكانمەوە ئازاریدام، لەو كاتەدا زانیم كە جوانی یەكێك نییە لە سیماكانی ئەم سەردەمە، جوانی شێوە، جوانی بیر و هیوا، جوانی خەت، جوانی چاو و سەیركردن، جوانی دەنگ.
دایكی خۆشەویستم
فەلسەفەكەم گۆڕاو تۆش بەرپرس نیت، وشەكانم تەواو نابن بۆیە داومە بەكەسێكی دیكە، تادوای لەسێدارەدانم بتداتێ و بێ ئەوەی تۆی ئامادە بیت، بێ ئەوەی بزانیت، زۆر نوسینم بە میراتی بۆ جێهێشتویت.
 
بەڵام پێش ئەوەی بمرم، دەمەوێت داوایەكت لێبكەم، كە دەبێت بە هەموو توانای خۆت و جێبەجێی بكەیت، ئەمە تاكە شتە كە لەم جیهانەدا دەمەوێت لە تۆ و لەم وڵاتە، دەزانم كاتت دەوێت بۆ ئامادەكردنی بۆیە بەشێك لە وەسێتەكەی خۆی بۆ ئاشكرا كردی پێش ئەوەی بمرم، مەگری و باش گوێم بۆ بگرە، دەمەوێت بچیتە هۆڵی دادگا و ئەم حەزەم ڕابگەیەنیت، چونكە ناتوانم ئەم حەزەم لەناو زینداندا بنوسم، بەڕێوبەری زیندانەكەش ڕێگە بە تێپەڕینی ئەم حەزەم نادات، بۆیە جارێكی دیكە لەپێناوی مندا هیلاك دەبیت، ئەمە ئەو شتەیە كە گەر بۆشی بپارێیتەوە توڕە نابم، هەرچەندە من چەند جارێك داوام لێكردویت كە لەكەس نەپاڕێیتەوە بۆ ڕزگار كردم لە پەتی سێدارە.
 
دایكی خۆشەویستم، ئازیزم شوعلە، ئازیزتر لە ژیانم
نامەوێ بچمە ژێر گڵ، نامەوێ دڵ و چاوە گەنجەكەم ببێتە خۆڵ، لێیان بپاڕێرەوە كە دڵ و گورچیلە و چاو، ئێسكەكانم، وەهەر ئەندامێكم كە دەتوانرێت بۆ كەسێكی دیكە بچێنرێت، پێشكەشی كەسێكی بكەن كەپێویستی پێی بێت، نامەوێ ئەو كەسەش ناوم بزانێت، یان چەپێك گوڵم بۆ بكرێت، تەنانەت ناشمەوێت نزام بۆ بكات، لە دڵمەوە پێت دەڵێم كە نامەوێت بخرێمە گۆڕێكەوە سەردانی بكەیت و لەسەری بگریت و خەفەت بخۆیت، ناشمەوێ جلی ڕەشی پرسەم بۆ بپۆشیت، هەموو هەوڵێكی خۆیت بدە بۆ ئەوەی ڕۆژە قورسەكانم لەبیر بكەیت.
 
جیهان خۆشینەویستین، قەدەریش وازی لێنەهێنام، من ئێستا خۆم دەدەم بەدەستەوە، بەسنگێكی فراوانەوە بەرەو ڕوی مەرگ دەڕۆم، لەبەردەم دادگای خوادا ڕوبەڕووی پشكنەرەكان دەبمەنەوە، تۆمەت ئاڕاستەی پشكنەر (شاملۆ) دەكەم، تۆمەت ئاڕاستەی دادوەر دەكەم، هەروەها دادوەری دادگای باڵا كەلێیدام كاتێك بەئاگا بوم، هەروەها گێچەڵیان پێدەكردم، لەبەردەمی خوادا تۆمەت ئاڕاستەی (فرۆندی) پزیشك دەكەم، هەروەها (قاسم شعبانی)، هەموو ئەوانەی كە ستەمیان بەرامبەر كردم و مافەكانمیان پێشێلكرد، جا بە نەزانی بوبێت یان بە درۆ، گرنگیان بەوە نەدا كە ڕاستی چۆنە.
 
ئازیزم شوعلە، ئەی خاوەنی باشترین دڵ
لەكۆتایدا ئێمە تاوانیان ئاڕاستە دەكەین و ئەوان تاوانبار دەبن، با چاوەڕێی ئیرادەی خوا بین، لەوێ باوەشت پێدابكەم تا ئەمرم، خۆشم دەوێیت.
ڕێحانە
 
(ش ب)