پۆرترەکان بنوسە تۆماربکە

دایکێک بۆ کچە شەهیدەکەی'بەخێرچیت کچە جوانەکەم'

Portreler
ئازار 31 / 2016


 

 
ژنها
 
شرناخ- دایکی ڕوکەن جودی کچە گەریلای یەژا-ستار کە لە بناری شاخەکانی کاتۆ گیانی لەدەستدا، تاکە وتەیەک دوای ڕۆشتنی کچەکەی' بەخێرچیت کچە جوانەکەم'.
 
لەبۆتان لەدایکبوون و گەورەبوون واتای ئازادی و جوانی دەگەیەنێت، هەمیشە بۆ گەلانی بەرخۆدێر شاخەکان بوونەتە قەڵا، ئەو مرۆڤانەی لە شاخ چاویان بە دونیا هەڵێناوە و یەکەم هەناسەیان، یەکەم نیگا و یەکەم وشەیان هەر بە ئازادی بووە. بۆتان خاوەن مێژویێکی دێرینی بەرخۆدانیە کە وەک میراتێک بۆی ماوەتەوە، ئەو منداڵانەی لە بۆتان لەدایک دەبن لە سەر ڕەگی ڕەسەن باڵا دەگرن، هەیبەت گۆنگەن ناسراو بە ڕوکەن جودی یەکێکە لەوانەی میراتی بەرخۆدانی بۆ ماوەتەوە.
 
ڕوکەن جودی لە ساڵی ١٩٩٤ لە ناوەندی شاری شرناخ چاوی بە دونیا هەڵێناوە، ڕوکەن سەرەڕای ئەوەی لە ئامادەیی دەخوێنێت دەرفەتێکیش بۆ خۆی دەڕەخسێنێت کە خەباتی گەنجانی وڵاتپارێزیش بکات، چونکە سیاسەت و سیستەمی دەسەڵاتداری قبوڵ ناکات، لە ساڵی ٢٠١٠ دا ڕوو دەکاتە شاخەکانی کاتۆ، ڕوکەن ساڵێک لە ناو ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە دەمێنێت و لە ٢٩-١٠-٢٠١١ لە چیای کاتۆ لەگەڵ سێ لە هەڤاڵانی لە ئەنجامی شەڕێکی دژ بە سوپای تورکیا گیان لەدەست دەدەن.
 
مەولودەی دایکی ڕوکەن بەو شێوەیە باسی ژیانی کچەکەی دەکات: "کاتێک بەو تەمەنەی خۆیەوە لە ماڵ دەرچوو، دەمزانی کە کچەکەم ژیرە و کارێکی باش دەکات و زوو فێر دەبێ. ئەو بەرامبەر سیستەمێک سەری هەڵگرت و چوو، کاتێک دەماننارد بۆ خوێندن نیوەی کاتی خۆی دیار دەکرد بۆ خەباتی گەنجان، هەوڕێیەکی زۆر خۆشەویستی هەبوو، ئەو کات بەیەکەوە چوون بۆ ناو ڕیزی گەریلای پەکەکە، هەمیشە بەیەکەوە بوون، بە نهێنی گۆڤاری گەنجانیان دەخوێندەوە تا لە کۆتایدا ڕێگەیەکی ڕاستیان بۆ خۆیان هەڵبژارد."
 
دایکی ڕوکەن کاتێک هەواڵی پێدەگات کە کچەکەی ڕۆشتووە دەڵێت؛ 'بەخێرچیت کچە جوانەکەم'، مەولودە وتی: " ئەوەندە منی خۆشدەویست، بەر لەوەی بڕوات منی برد بۆ نەخۆشخانە، ڕۆژی پێنجشەمە منی برد بۆ نەخۆشخانە و ڕۆژی هەینی دایکی هاوڕێکەی هاتە لام و وتی کچەکانمان چوون بۆ شاخ، ئەو کات تەنها وتم؛ 'بەخێرچیت کچە جوانەکەم'."
 
مەولودە لەکۆتایشدا وتی دوای ئەوەی زانیم کچەکەم گەیشتۆتە چیای کاتۆ، هیچ بەدوای نەگەڕام، ڕۆژێک چووم بۆ فیستیڤالی چیای کاتۆ هەرچەند لەوێ بوو بەڵام هەلێکی گونجاوم بۆ نەڕەخسا تا بیبینم، تادوای فیستیڤالەکە بە سێ مانگ هەواڵی شەهید بوونی هاتەوە، کاتێک چوومە سەر تەرمی کچەکەم بینیم کە کچەکەم گەورە بووە، جەستەیەکی سارد و بۆنی شاخی لێدەهات، شانازی پێوە دەکەم چونەکە دواین جار پێم وتبوو بەخێربچیت کچە ئازیزەکەم، لە پێناو گەلێک شەهید بوو و دەیزانی بۆچی شەڕ دەکات، کاتێک هیچ گولـلەی پێنامێنێت بۆ ئەوەی چەکی هەڤاڵێکی شەهیدی هەڵگرێتەوە شەهید دەبێت، لە ڕۆحی ڕوکەندا هاوڕێیەتیەکی قوڵ و خۆشەویستی بۆ مرۆڤ هەبوو."
 
(ش ب)