پۆرترەکان بنوسە تۆماربکە

ڕۆژەڤین، خوداوەندە دڵدارەکەی بەرخۆدان

Portreler
نیسان 25 / 2016


 

 
 
نەشمیە گولەر/ژنها
 
بەدلیس- بنەماڵەی  ڕۆژەڤین گارزان شەرڤانی(YPS-JIN)، کە لە بەرخۆدانی گەڤەردا گیانی بەختکرد، بە وتەی رۆژەڤین خوداوەندە دڵدارەکەی بەرخۆدانیە دەسیان بە ناساندنی کچە شەهیدەکەیان کرد.
 
ئەڤیندار کلج ئەرسەلان، ناسراو بە(ڕۆژەڤین گارزان) ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل-ژنان(YPS-JIN) لە شاری گەڤەری باکوری کوردستان لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دا شەهید بوو، ڕۆژەڤین لەدوای خۆی دوو گۆرانی شۆڕشگێری بەناوەکانی(واری من چیایە) و لۆرینێک ژ بۆ سەرۆک) بەدەنگە زوڵالەکەی جێهێشتووە.
 
ڕۆژەڤین لەساڵی ١٩٨٩ لە گوندی "سۆگوڵتو"ی سەربە شاری تاتوان لە هەرێمی بەدلیس چاوی بەدونیا هەڵێناوە، هەر لەمنداڵیەوە خولیای کێو کوێستانەکان دەبێت و هەمیشە خۆشەویستی خۆی بۆ ژیان و سروشت دەربڕیوە، ڕۆژەڤین بە وریایی و فیداکاری ناسراو بووە لەلایەن دراوسێ و هاوڕێکانی، دوای ئەوەی خوێندنی تەواو دەکات لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی ئەستەنبۆل وەردەگیرێت. ڕۆژەڤین لە ساڵی ٢٠١٣ دا وەک زۆرێک لە گەنجان کە باوەڕیان بە پرۆسەی چارەسەری و سیاسەتی دەوڵەتی تورک نامێنێت، ڕێگەی شاخەکان دەگرێتە بەر و بۆ خاوەنداریکردن لە ناوی شەهیدان و ڕێبازی ئەوان، ڕۆژەڤین ناوی شەهید ڕۆژەڤین ئامەد لەخۆی دەنێت کە ساڵی ٢٠١٢دا لەگەڵ ١٥ لە هەڤاڵانی لە پێدەشتەکانی هەرێمی بەدلیس لە ئەنجامی پێکدادانێکدا شەهیدببوو.
 
سورەیا دایکی شەهید ڕۆژەڤین دەڵێت ڕۆژەڤین  لەناو هاوڕێکانی بە خۆشەویستی خۆی بۆ دەلیلا مەیاسەر (هونەرمەند و گەریلای شەهید دەلیلا) دەناسرا، هەورها وتی: "کاتێک ڕۆژەڤین منداڵ بوو زۆرم خۆشدەویست بۆیە هیچ کارێکم پێنەدەکرد، پێم خۆش بوو خوێندنەکەی تەواو بکات و وەک من بێدەسەڵات نەبێت، کاتێک کچەکەم گەورە بوو زۆر قەدرم دەگرت، ڕۆژەڤین یەکێک لە منداڵە هەرە خۆشەوسیتەکانی گوند بوو و هەمووان خۆشیان دەویست."
 
سورەییا وتیشی: "ڕۆژەڤین هێشتا لە قۆناخی خوێندنی ناوەندی دابوو پێشەنگی منداڵان و لاوانی دەکرد، لەبەر ئەوەی مامۆستا بێڕێزی پێکردبوو، ڕۆژێک هەڵدەستێت بە سوتاندنی تایەری ئۆتۆمبێلی مامۆستاکەی، هەمیشە بیری لای ژیانێکی ئازاد بوو، پێی خۆش نەبوو کەس حوکمی بکات."
 
دایکی ڕۆژەڤین بەوشێوەیە باسی لە کاتی شەهیدبوونی کچەکەی دەکات: "پێش ئەوەی کچەکەم شەهید ببێت هەوڵی دابوو قسەم لەگەڵ بکات، لەبەر ئەوەی من لە گوند بوو شەبەکەی تەلەفۆن نەبوو، نەمتوانی قسەی لەگەڵ بکەم، کاتێک ئاگاداریان کردینەوە کە ڕۆژەڤین شەهید بووە چووین بۆ ئەرزەڕۆم بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی، بەڵام دەوڵەت ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەکردین، تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا سەیری تەرمەکەشی بکەین، بێڕێزیان پێدەکردین و لەژوور بەدەریان دەناین، نامەوێت چیتر گەنجانی وەک ڕۆژەڤین شەهید ببن، دەبێت هەرچی زووە ئەو خوێنە بوەستێنرێت."
 
ئیکرام کلج ئەرسەلانی باوکی ڕۆژەڤین، بەو جۆرە باسی لە خۆشەویستی خۆی  بۆ ڕۆژەڤین و کەسایەتی کچەکەی کرد: "کاتێک لە گوند بووین یاسای جەردەوانی (جاشایەتی)مان بەسەر داسەپێنرا، لەبەر ئەوەی قبوڵمان نەکرد و چەکی دەوڵەتمان هەڵنەگرت، دووچاری کۆچپێکردن بووین بۆ شارەکانی تورکیا، ڕۆژەڤین کەسێك مرۆڤدۆست بوو، خۆشەویسی بۆ خاک و نیشتیمان بەر لە هەر شتێک بوو، لە شارەکانی تورکیا دڵی بۆ کوردستان لێدەدا."
 
باوکی شەهید ڕۆژەڤین وتی: "ڕۆژەڤین لەبەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتدار و سیاسەتی دووفاقی حکومەتی ئاکەپە، وازی لە ژیانی ئاسایی خۆی هێناو لە ساڵی ٢٠١٣ وەک زۆرێک لە گەنجان باوەڕیان بە پرۆسەی چارەسەری نەما ڕێگەی شەرەفی هەڵبژارت، ئێمە سەرمان بەرزە کە کچەکەمان بوو بە ڕۆڵەی گەل و نیشتیمان."
 
(ش ب)