پۆرترەکان بنوسە تۆماربکە

"لەیلا قاسم تا بەر سێدارەش پارێزگاری لە کەلتور و زمانی خۆی کرد"

Portreler
مایس 12 / 2016


 

ژنها    
 
خانەقین- ئەمڕۆ ٤٢ ساڵ بەسەر ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکانی جەواد هەمەوەندی و ئازاد سلێمان و نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە ڕەشید کە لەڕۆژی ١٢-٥-١٩٧٤ لەلایەن ڕژێمی بەعس لەشاری بەغدا لەسێدارەدران. لە ساڵرۆژی لە سێدارەدانیدا کچی پوری لەیلا قاسم باس لە تێکۆشان و ژیانی ئەو ژنە تێکۆشەرە دەکات و دەڵێت: دەسکەوتەکانی ئێستای ژنان بەرهەمی تێکۆشانی لەیلایە.
 
لەیلا قاسم حەسەن ژنە تێکۆشەری کورد ساڵی ١٩٥١ لە گوندی "بامیلی" سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کردوە لە خانەقین، لە ساڵی ١٩٧١لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١ دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد وەرگیراوە. لەیلا کە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەکیش و زوڵم و زۆرداری ڕژیمی عێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستکردبوو.
 
لەیلا ھەر زوو ئاشنای ڕێکخستنەکانی کوردی دەبێت و ساڵی١٩٧٠ پێوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە، لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی گەنجان. لەیلا بە ئامانجی زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەبات، ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە.
 
لە ئاداری ١٩٧٤دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشەکانی ڕژیمی عێراق بۆسەر ناوچەکانی کوردستان، ڕژیمی بەعس دەستیکرد بە کۆچبەرکردنی ھەزاران هاوڵاتی و ڕاوەدوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد. هەروەها دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک‌ بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە شەوی ٢٨/٢٩ ی نیسانی ١٩٧٤ دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی - حەسەن حەمە ڕيشید ، ئازاد سلێمان میران ، جەواد ھەمەوەند، نریمان فوئاد مەستی - لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران و دوای دوو حەفتە لە دەستگیرکردنیان لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران.
 
سەعدیە عەلی ئەکبەریان کچی خاڵی لەیلا قاسم باس لەوە دەکات کە ئەوان بەیەکەوە خەباتی زۆریان کردوە و لەیلا بە چاونەترسی هەمیشە لە پێشەنەگیدا بووە سەعدیە وتی: " لەیلا لە هیچ نەدەترسا بەردەوام کاری خۆی دەکرد، لە بەعس نەدەترسا، هەمیشە دەیویست لە پێشەوە بێت، باکی بە مردن نەبوو بۆیە تا چووە بەر سێدارەش هەمیشە بەرگری لە زمان و کەلتوری نەتەوەی خۆی دەکرد. لە ماڵەوە کەسوکاری پشتگیریان دەرکرد و کاریان لەگەڵ دەکرد، منیش یەکێکم کە زۆر جار کارمان بەیەکەوە کردوە، ئەو زۆر چالاکانە کاری دەکرد."
 
سەعدیە ئاماژەی بەوەش کرد کە خاوەنداریکردن لە ٤٢ ساڵەمین ساڵرۆژی ئەو شەهیدە، ئەرکی سەر شانی گەنجانە و جەختیشی کردەوە: "دەبێت گەنجانی ئێستا بە کوڕ و کچەوە وەک لەیلا خاوەنداری لە خاک و نەتەوەیەکانیان بکەن. چونکە لەیلا بۆ نەتەوەکەی کار و خەباتی کرد لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەختکرد. لەیلا قاسم بۆتە سیبمۆلێک ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی شانازیە، بۆ ژنانیش بۆتە نمونەی ژنی سەرفراز و کۆڵنەدەر."
 
سەعدیە عەلی ئەکبەریان لە کۆتایشدا وتی: "هەر ساڵ یادی شەهید لەیلا قاسم وەک یەکەمین ژنە تێکۆشەر کە لەسێدارە دراو و پێشەنگی ژنان لە کوردستان دەکرێتەوە تا ئێستاش ژنان خاوەنداریان لێکردوە، ئەو خەباتەی کە ئێستاش لەنا و ژنانی هەرێمەکەدا هەیە بەرهەمی خۆڕاگری لەیلایە، هیوادارم بتوانن زیاتریش خاوەنداری لە ڕێبازەکەی بکەن."
 
(ش ب)