"ژیانێک بە بەدوای ئازادی و حەقیقەتدا..."
Portreler
ئایسەل ئیشق/ ژنها
ئامەد – ژیان یڵماز، لە بەرخۆدانی 'سور' گەیشتە کاروانی نەمران، وەک ناوی خۆی ببووە ناوێک بۆ ژیان لە کۆڵانە تەسکەکانی 'سور'، تەرمی ژیان دوای سێ مانگ لە گۆڕستانی بێکەسان دەرهێنرا و لەلایەن هەزاران کەسەوە بە خاکسپێردرا. خوشکی ژیان دەڵێت: ئەوانەی بەدوای ئازادی و حەقیقەتدا دەگەڕن بێکەس نین."
بەرخۆدانی ناوچەی سوری ئامەد ماوەی شەش مانگی خایاند، ژیان یڵماز ئەندامی (یەپەسە- ژن) لە ١٠٣ یەمین ڕۆژی ئەو بەرخۆدانیەدا، بۆ ئەوەی ژیان واتادارتر بکات، بۆ گەیشتن بە نهێنی سەرکەوتن و گەیشتن بە حەقیقەت، بۆ ئەوەی ببێتە پارچەیەک لە بەرخۆدانی، گیانی خۆی وەک یادگاریێک پێشکەش بە کۆڵانەکانی 'سور' کرد، ژیانی خۆی کردە خەڵاتێک بۆ منداڵە بێنازەکانی سور، ویستی وەک ناوی خۆی ژیانێکی خۆشیان پێببەخشێت. ژیانی تەمەن ٢٣ ساڵان لە ١٠ مانگی ئادار لە ئەنجامی هێرشێکی سەختی هێزەکانی دەوڵەتی تورکدا گیانی لەدەستدا، دوای سێ مانگ لە پشکنینی(DNA) تەرمی ژیان ناسرایەوە و ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی بۆ سازکراو بەخاک سپێردرا.
ژیان لە ساڵی ١٩٩٣دا لە شاری ئامەد چاوەکانی لە ژیان دەکاتەوە، هێشتا تەمەنی بچوکە خێزانەکەی بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک دووچاری کۆچبەری دەبن و ڕوو لە شاری ئەستەنبۆل دەکەن، ژیان هەرچەند تەمەنی زۆر بچوک دەبێت بەڵام هەرگیز حەز بە ژیانی شارەگەورەکان ناکات، ژیان لەکاتی خوێندنی ناوەندیدا دەکەوێتە نێو هەوڵدان بۆ ئەوەی وەک کچێکی کورد خەبات بۆ گەلەکەی بکات، بۆیە لەناو کۆمەڵەی گەنجاندا خەبات دەکات، ژیان لە یەکەمین ساڵی زانکۆدا پەیوەندی دەکات بەریزی شەرڤانان و لە (٢-١٢-٢٠١٥)دا بەشداری دەکات لە بەرخۆدانی بەشکۆی گەل لە ناوچەی 'سور' کە وەک خۆی بوو بە قەڵای بەرخۆدانی، ژیان لە (١٠-٣-٢٠١٦) گەیشتە کاروانی نەمرانەوە.
دایکی ژیان: کچەکەم هەمیشە پێی وتم دەبێت شانازیم پێوە بکەیت و سەرت بەرز بێت.
کەزبان دایکی شەهید ژیانە کە هەردوو چاوی خۆی لەدەستداوە بەو شێوەیە باسی لە کچەکەی کرد: "کچەکەم یەکێک بوو لە خوێندکارە ژیرەکان، بەڵام حەزی لە خوێندن لە خوێندنگەکانی دەوڵەت نەبوو، کاتێک لە خوێندنی ئامادەیی بوو مامۆستایێکی فاشیتسی هەبوو، هەموو ڕۆژێک بانگی دەکرد، چونکە ژیان دەیوت نامەوێت لە لای ئێوە بخوێنم ئێوە دەمانچەوسێننەوە، هەمیشە بە هاوڕێکانی دەوت دەچم بۆ ناو گەریلا، کاتێک لە زانکۆ دەیخوێند بە منیشی وت، بەڵام من نەمهێشت وتم؛ خوێندن تەواوکە کچکەم دوای بڕیار بدە، وتم؛ کچکەم ڕۆناکی چاوەکانم نەماوە هەر تۆم هەی گەر تۆ بچیت ناتوانم بژیم. ڕۆژێک بە گریانەوە هاتەوە ماڵ، وتم؛ چی بووە کچەکەم؟ وتی؛ دەڕۆم، ئیتر دڵی خۆش کردم وتی؛ 'دایە ئەگەر جلوبەرگی گەریلا بپۆشم هێندە جوان دەبم نامناسیتەوە ، بۆیە دەبێت شانازیم پێوە بکەیت و سەرت بەرز بێت'،ئیتر لەماڵ دەرچوو. دوای ئەوەی بەرخۆدانی سور دەستی پێکرد ئەویش لەگەڵ هەڤاڵانی چووبوو بۆ ئەوێ، هەر لەوێش شەهید بوو، هەموو گەریلا شەهیدەکان بە ڕێزەوە بیردێنمەوە، هەمووان ڕۆڵەی منن."
"حەز ناکەم بە زمانی کەسانێکیتر قسەبکەم"
زەینەب یڵماز خوشکی ژیان وتی: "ژیان ئاشقی ژیان بوو، ژیان کاردانەوەیەک بوو لەبەرامبەر سیاسەتەکانی تواندنەوە لە شارەکانی تورکیا و لە باکوری کودستان، هەمیشە دەیوت؛ بۆچی بە زمانی کەسانێکیتر قسە دەکەین؟ بۆچی دەبێت بە کلتورێکیتر بژین. دەیوت؛ حەز ناکەم بە زمانێکیتر قسە بکەم. بیرکردنەوەکانی ژیان هێندە مەزن بوون ناتوانم بە وتە دەریان ببڕم."
زەینەب لەسەر ناشتنی خوشکەکەی لە گۆڕستانی بێکەسان وتی: "ئەوانەی لە ڕێگەی ئازادی و حەقیقەت دا ژیانی خۆیان بەختکردوە هیچ کاتێک بێکەس نین، با دەوڵەت بێت و ببینێت کە ژیانی من بێکەس نیە."
(ش ب)