پۆرترەکان بنوسە تۆماربکە

"ئەوینداری بەرخۆدانم و ڕێگەی بەرخۆدانم هەڵبژاردوە"

Portreler
تەمموز 11 / 2016


 

ژنها
 
مێردین – تەرفا چۆکۆ، ناسراو بە (تێکۆشین دێرسم) دوای ئەوەی وتی: "ڕێگەی بەرخۆدان دەگرمە بەر حەزم لە بەرخۆدانە"، بەشداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، تێکۆشین ساڵێک لەمەوبەر لە هەڵمەتی ڕووبار قامیشلۆدا لە شەڕێکی بەرامبەر بە چەتەکانی داعش، لە شارۆچکەی سەرێکانیێ گیانی بەختکرد.
 
تەرفا چۆکۆ، ناسروا بە (تێکۆشین دێرسم) خەڵکی شارۆچکەی قۆسەری سەربە شاری مێردینی باکوری کوردستان بوو، تەرفا لە ٧/٧/٢٠١٥ لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەی: هێمن ڕۆژێ نورەدین ئایبایراک(ئۆزگور دۆغان) سەهابائەتین سای(ژیان ئامەد)، شاهین ئولوبای(باران باری) ناسیم تاشکان(ڕوبار ئۆزیم)، کوبڕا پۆڵات(زیلان ئینان) لە هەڵمەتی ڕووبار قامیشلۆ لە شارۆچکەی سەرێکانی کانتۆنی جزیر ژیانیان بەختکرد.
 
تەرفا ماوەیەک لە شارۆچکەی قۆسەر ڕۆژنامەی بڵاو دەکردەوە، هیچ وێنەیەکی مناڵی نەبوو، بۆیە کاتێک بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبێت، وێنەیەک دەگرێت و بۆ بنەماڵەکەی دەنێرێتەوە. ناوی لەسەر ناسنامە تەرفایە بەڵام لە ماڵەوە پێیان دەوت"هورکێ"(بە واتای وردیلە و بچکۆڵە)، ئەو هەمیشە بە خێزانەکەی دەوت: "بەناوی بەرچەم بانگم بکەن"،هۆکارەکەشی ئەوە بوو یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بەناوی بەرچەم لە کۆبانێ ژیانی بەختکردبوو. سەرەتا تەرفا بەناوی بەرچەم بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ دەبێت و پاشان بەناوی تێکۆشین دێرسم تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات.
 
شوکریە چۆکۆ دایکی تەرفا لە یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی کچکەی دەڵێت: "چەندە کچکەم تێکۆشانی دەکرد جوانتر دەبوو."
 
شوکریە باسی لەو ساتانە کرد کاتێک چوونە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کچەکەیان، بینیویە لە سەر تابوتەکەی نوسراوە تێکۆشین دێرسم و وێنەی کچەکەی لەسەر بووە. ئەو کاتە پێی وتوە: 'کچەم تۆ چەندە تێکۆشانت کرد ئەوەندەش جوان بوویت'، شوکریە وتی: "شانازی بە ژیان و تێکۆشانی کچەکەم دەکەم، لە بەر ئەوەی کوردان دەکوژران کچەکەم ژیانی خۆی فیدا کرد، بۆیە خەمگین نابم بەوەی شەهید بووە، بە پێچەوانەوە سەر بەرزم، ئەو لە پێناو شکۆ و شەڕەفی گەلەکەی تێکۆشا، بەلای منەوە هیچ کەس وەکو ئەو جوان و بەنرخ نیە."
 
شوکریەی دایکی لەبەردەوامی وتەکانیدا وتی: "بەرخۆدانی مێژووی خۆی و هاوڕێکانی هەرگیز لە یاد ناکەین، بەرلەوەی تەرفا بڕوات پێی وتم؛ 'ڕێگەی بەرخۆدانم هەڵبژاردوە و لە بەخۆدان حەز دەکەم'، هاوڕێکانی خۆی زۆر خۆشدەویست، بۆیە ڕێبازی ئەو رێبازی هەموومانە، ئەو بە ئەشقەوە لەسەر ئەو ڕێبازە تێکۆشا و تا کۆتایش بەرخۆدانی کرد."
 
شوکریە بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ماوەی ساڵ و نیوێک بوو پەیوەندی بە تێکۆشان کردبوو، دوای ئەوەی لەماڵ دەرچوو نە ئەو پەیوەندی پێوە کردین و نە ئێمەش پەیوەندیمان پێوە کرد. خۆزگە بۆ جارێک گوێم لە دەنگی بووایە و پاشان باکم بە مەرگ نەبوو، بە حەسرەتی بیستنی دەنگی ئەوم، بەڵام بۆ جارێکیش گوێم لە دەنگی نەبوو سیمای جوانیم نەبینی. تەنیا ئەوەم بیست کە شەهید بووە، لە تەلەفزیۆنەوە بینیم کە ئاڵاکانی 'یەپەگە' و 'یەپەژە' لە سەرێکانیێ دەشەکێنەوە، کاتێک ئازادی سەرێکانیێم بینی زۆر خۆشحاڵ بووم، من بەناوی کچکەم تێکۆشین سەرم بەرزە."
 
(ش ب)