وەك هاوژین هاوڕێبازێكی شەهید کەمال
Kadının Kaleminden
چنور غەریب
ماوەیەكی دڕێژ پێكەوە ژیاین، تایبەتمەندی و كەسایەتی ئەو مرۆڤە زۆر جیاواز بوو، رەنگە من نەتوانم بە تەواوی باس لەو مرۆڤە مەزنە بكەم. كاتێك باسی شەهیدێك دەکەین، سەختە، نە پێنووس دەتوانێت بینوسێت، نە مرۆڤیش دەتوانێت واتای تەواو بداتە ئەو بابەتە. بۆیە بۆ من دوو جار قورس دەبێ یەكەم وەک هاوژیانێك و دووەم وەك هەڤاڵێك.
"شەهید كەمال" لە تەمەنی لاوێتی خۆیەوە دەستی كردووە بە خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی گەلەكەی. لە ساڵی 1983 لە ڕیزەكانی " یەکێتی نیشتمانی کوردستان" دا بووەتە پێشمەرگە. لە دوای ئەنفالە بەدناوەكەی باشووری كوردستان، یەكێك بووە لەو پێشمەرگە پارتیزانانەی كە باشووری كوردستانی چۆڵ نەكردووە و بەردەوام بووە لە خەبات. هەر لەو خەباتەدا لە ساڵی 1989 لە لایەن ڕژێمی “بەعس”ەوە دەستگیر دەكرێت. لە زیندانەكانی ئەمنی سلێمانی، ئەبووغرێب و بادوش لە موسڵ زیندانی كراوە. لە زیندانیش دا بێ دابڕان لە خەبات بەردەوام دەبێت.
كەسایەتی هەڤاڵ كەمال وەها بوو كە هەرگیز لە پێناو گەل و وڵاتەكەی دا ترسی لە شەهید بوون نەبوو. هەر بۆیە زیندانی كردبوو بە مەیدانی تێكۆشان. لە ساڵی 1992 دا لە پرۆسەی “دیل بە دیل” دا ئازاد دەبێت و هەمیسان لە ناو گەل دا دەست بە تێكۆشان دەكاتەوە. لە ساڵی 1993 ژیانی هاوبەشمان پێك هێنا. لەو كاتەوە تا شەهید بوونی هەڤاڵ کەمال بە قۆناغی زۆردا ژیانمان تێپەڕاندووە.
"شەهید كەمال" تا بڵێی مرۆڤێكی بوێر و دڵسۆزی گەل و وڵاتەكەی بوو. لە سەرەتای هاوسەرگیریماندا تا ساڵی ٢٠٠٧، واتا پێش ناسینی فكر و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ، لە بەرامبەر بنەماڵەكەیدا كەسایەتییەكی پیاوسالار و دەسەڵاتدار بوو. هەر لە بەر ئەوەی لە ناو تەڤگەری ئاپۆیی تێكۆشانی دەست پێ كرد، لە لایەن دەسەڵاتی باشووری كوردستانەوە چەندین جار سزای سیاسی درا، زیندانی كرا و سوكایەتی زۆریان پێ كرد. بۆ نموونە لە ئاسایشی سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژ شکەنجەو زیندانی. ڕۆژ بە ڕۆژ كەسایەتییەكی نوێ لە شەهید كەمالدا دروست دەبوو و لە هەموو بوارەكانی ژیاندا گۆڕانكاری و پێشکەوتنی تێدا ئاوا دەبوو.
خۆشەویستی و عەشقی بۆ گەلەكەی زیاتر دەبوو و بۆ ساتێكیش دوودڵ نەدەبوو لە تێکۆشان. هەڕەشەی زۆری لێکراو پیلانی زۆریان بۆ دانا، بەڵام یەك هەنگاویش بۆ دواوە نەدەهات. هەر ڕۆژ پێشكەوتن لەودا دەردەكەوت، بە باوەڕتر دەبوو بە یەكێتی و یەكڕیزی گەلی كورد و چارەسەری پرسی وڵاتەكەی. تێگەیشتن لە ڕێكخستن و تەڤگەری شۆڕشگێری لەودا زیاتر و زیاتر دەبوو. یەك لەو تێگەیشتن و باوەڕمەندیانە، بڕوا بە ئازادی ژن بوو كە ئەمەش ببوو بە هۆكاری گۆڕانكاری گەورە لە بنەماڵەی ئێمەدا. بووین بە ئەو خێزانەی كە هەر كەس لە هەڵسوکەوتی نوێی ئێمە سەرسام بوو. وەكوو بنەماڵەیەكی وڵاتپارێز، هەموومان لە ناو كار و خەباتدا بووین. بووین بە بنەماڵەیەكی رێكخستنی و بەباوەڕ بە یەك. ژیانمان پڕ بوو لە خۆشەویستییەكی هەڤاڵانە و ڕاستگۆیانە لە بەرامبەر یەك .
شەهید كەمال هەموو كات وەكوو هاوژینێک لە ئەركی نێو ماڵدا هاوكاری من بووە تا من بتوانم كار و ئەركی ڕێكخستن بە سەركەوتوویی پێك بێنم. هاوكاریكردنی ئەو دەبووە مایەی پێشخستنی فكری بۆ من. هەموو كاتێ دەیگوت : ( ئێستا تێدەگەم كە ڕێبەر ئاپۆ بۆ دەڵێ هەتا ژن ئازاد نەبێت كۆمەڵگا ئازاد نابێت(.
شەهید كەمال دەیگوت : "لەو كاتەوەی بە فكری ڕیبەر ئاپۆ ئاشنا بووم ، ژیانم گۆڕاوە و بووم بە مرۆڤێكی خۆشبەخت لەم ژیانەدا." هەمیشە پێی دەگوتم كە دەبینم تۆ وەك هاوژینێك خۆت پێشدەخەیت من شانازیت پێوە دەكەم. هەر كات من كارێكم نەكردبایە، ئەو هانی دەدام و ورەی بەرز دەکردمەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانم. هەموو كات هەوڵی پێشخستنی منی دەدا و دەیگوت : (ڕاستی تێكۆشان و سەركەوتن ئەوەیە كە هاوژینەكەت لە ناو تێكۆشاندا بێت(.
"شەهید کەمال" هەردەم باسی لەوە دەکرد کە لە هاوفكری و تەواوكاری یەكتر لەگەڵ من لە خەبات و تێكۆشاندا هێز دەگرێ . لە ژیانی بنەماڵەکەماندا باوكێكی دڵسۆز بوو، بیری وەها دەردەبڕی : ( باوكایەتی ئەوە نییە بە بەردەوامی لە لای منداڵەكەت بیت؛ باوكایەتی ئەوەیە كە تێكۆشان بكەیت تا داهاتووی منداڵەكەت گەش بێت و لە وڵاتێكی ئازاد دا بژی). منداڵەكانی وا فێركردووە كە هەردەم لە سەرپێی خۆیان ڕاوەستن و چاوەڕوانی دەستی كەس نەبن و پشت بە خۆیان ببەستن.
لە كۆتاییدا دەتوانم بڵێم وەك هاوژینێك شانازی بە ڕابردووم دەكەم كە لەگەڵ شەهید كەمال ژیام. لە ئێستاشدا سەربەرزم بەو مرۆڤە تێكۆشەرە خۆنەویستە كە هیچ كات دوودڵ نەبوو لە تێكۆشاندا تا گەییشتە ئاستی پیرۆزی شەهادەت .
سەرچاوە: گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ