ڕێکخراوە ناودارەکانی ژنان بنوسە تۆماربکە

یاسای حەرەم سەراکان: دەستدرێژی

Kadının Kaleminden
تشرینی دووەم 21 / 2016


 
 

 
گەلاوێژ ئەورین
 
 
دەستدرێژی بە داگیرکردن و تاڵانی خاک دەستی پێ کردووە، دەستدرێژی لە کەلتوری نێچیروانی سیستمی پیاو سالاریەوە دێت، ئاکارێکی هەزاران ساڵەیە. بەمەبەستی تێرکردنی غەریزەی شاو سوڵتانەکان، هەزاران ژنیان لە حەرەم سەراکاندا ئامادە دەکرد. ئەو ژنەی کە ڕوو بەڕووی دەستدرێژی سوڵتان دەبووەوە خاوەن شانس بوو لە ڕەحمی خودا بەشێکی بەردەکەوت و پێویست بوو شکورو سپاسی خودا بکات. لە ڕاستی ئەم وتانەدا ناوی خودا هەیە بەڵام ئەو ژنەش بەشانس بوو کە پادشا دەستدرێژی دەکردە سەر. لەو حەرەم سەرایانەدا بەهەزران ساڵ بەناوی خێرو بەرەکەتی خوداوە دەستدرێژیان ڕەوا کردووە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئیمپراتۆرەکان ڕوویان لەهەر شوێنێک دەکرد، بەر لەهەر شتێک ژنانیان وەکو غەنیمەت بۆخۆیان دەگرت و دەیانکردنە خزمەتکاری پادشا. بێگومان شێوازی خەساندنی کوڕانی گەنجیش لە سەراکاندا هەر لەهەمان کەلتورو بەهەمان ئامانج لە بنەمادا ئەوەیە کە کەسانێک بەخۆوە گرێ دەدەن کە گوایا ڕاستگۆو دڵسۆز لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە. جا بۆ ئەوەی تا کۆتایی بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی لەگەڵ سوڵتان بمێنێتەوە پێویستە بێ ئیرادە بکرێن. لەسەرتادا ڕۆح، مێشک و لەدوواییشدا جەستەی دەبێتە هی سوڵتان. یان ئەوەی کە تۆ موڵک و ماڵی منی، منیش چۆنم پێ خۆش بێت دەتوانم بەوشێوەیە بەکارت بهێنم. ئەو وتەیەی کە لە پەرتوکی پیرۆزدا دەڵێ 'ژن زەویە و دڵتان چۆنی دەوێ ئاوا سودی لێ وەرگرن' لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
هەتا ئەوکاتەی دەسەڵاتداری، شەڕ، تاڵانی و داگیرکاری هەبێت، شاو سوڵتانیش هەن، کۆشک و سەراو حەرەمسەرای ئەوانیش دەبێت. هەموو شتێک هی سوڵتانەو غەنیمەتە. پاروی هەرە باش بۆ سوڵتان بێگومان کۆمەڵگایە، بۆ ئەوەی ئەو پاروە بەدەست بهێنێت پێویستە دەست بخاتە ناوەرۆک و جەوهەری کۆمەڵگا. لەوکاتەوەی کە کراسی پیرۆزی بەبەر شەڕی تاڵانیدا کراو بە زۆر کرایە ڕاستیەکی فریودەرو درۆ، ئیدی دەستدرێژیش پیرۆز کرا. ئەمڕۆ شەڕی تاڵانی بەردەوامە، وڵات پارچە دەکرێت و سنورەکان بە دڵی سوڵتان خەت دەکێشرێنەوە، ئێستا مرۆڤ دەتوانێ بڵێ پەنجەی پیسی سوڵتان قوڕگی کۆمەڵگای گرتووە. هەموو ڕۆژێک و هەموو لایەنەکانی ئەو کۆمەڵگایە لە بن مەترسی دەستدرێژیدایە، هەرکات بیەوێ زەویەکەی دەکێڵێ! ئەوە پەرگالی دڕندەی مۆدێرنێتەیە کە بەرگی مۆدێرن بوونی کردۆتە بەری داخوازیەکانی سوڵتانی دەستدرێژکار و کەس هەستی پێ ناکات و هەندێ جاریش ڕەوایەتی پێ دەدەن، بە فیلم، دراما، وێژە و فەلسەفە وەها مەیلی چەپەڵی سوڵتانیان ڕەوا کردووە کە بەجارێک کۆمەڵگا دەبینێ لە ناو بەرداشی دەستدرێژیدا دەپلیشێتەوەو گیان دەدات. هەروەک چۆن ئیمپراتۆری ئێران یاسای سیغە (هاوسەرگیری کاتی) ڕەوا کردووەو تا ئێستاش کۆمەڵگای پێ تەمبێ دەکات.
 
بۆیە تا دەچێت سوڵتان هارتر دەبن و بە دەست  بەسەر هەموو کۆمەڵگادا دەگرن وتێر نابن. بۆیە سەرەتا خاک داگیر بکە، بکوژەو بێ ئیرادە بکەو ئەوانەش کە ماونەتەوەو بەرخۆدان دەکەن مەحکومی شێوازێکی تری مردن یان دەستدرێژی دەبن. ئەمڕۆ نابێ مرۆڤ بەهەڵەدا بچێ لەوەی کە سوڵتانی عوسمانی بۆچی وا بەئاسانی یاسای ڕەوا کردنی دەستدرێژی دەردەکات، کۆمەڵگای سڕ کردو بێ پەرچەکرداری هێشتەوە. دەستیان گەیاندە واری مەم و زینەکان و شارەکانیان سوتاند، وێرانیان کردن. ئەمە ئەو سوڵتانە دەستدرێژکارەیە کە خاوەنی هەزارو یەک حەرەمسەرایەو دەمامکەکەی هەڵماڵدراوەو ئیدی ڕەسەنایەتی باب و باپیرانی درێژە پێ دەدات. هیچ جیاوازی لەنێوان دەستدرێژی لە زیندانی پۆزانتی و بەزیندوویی سوتاندنی منداڵانی کورد لە ژێرزەمینەکاندا نیە، ئامانج کوشتنی ژیانە.
 
ئیدی جیاوازی لەنێوان ئەرێ کردنی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور و یاسای لێخۆشبوون و ڕەوا کردنی دەستدرێژی دەستدرێژکاران نیە. لە ڕاستیدا هەردووکیان ئەوەندە لەیەکەوە نزیک و وەک یەکن کە مرۆڤ دەتوانێ ڕاستینەی دەستدرێژکارانی کۆشکی ئەردۆغان و ڕاستینەی حەرەمسەرای عوسمانیەکان بەبێ ئەوەی بە ئەندازەی تاڵە موویەک هەڵەی تێدا بێت، بخاتە پاڵ یەک. بەڵێ تۆ ئەو یاسایەت ئەرێ کرد، بەڵێ تۆ فەرمانی شەنگالت ڕەوا بینی و پێکت هێنا، بەڵێ تۆ ڕوو لە قەندیل و ڕۆژئاوا دەکەیت و دەستی تەجاوزکاران ماچ دەکەیت، هیچ جیاوازیان نیە. داعش ئەوانەی پراکتیزە کردو ئەردۆغانیش ساڵانێکە یاسای ڕەواکردنی زیهنیەتی داعش ئامادە دەکات.
 
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا