سۆرخوین کۆبانێ: ڤیان خاوەن هێز و ئیرادەیەکی مەزن بوو
Portreler
زاهیدە ئەحمەد/ژنها
کۆبانێ- لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی هونەرمەند و شەرڤانی یەپەژە ڤیان پەیمان، کە لە بەرخۆدانی بەشکۆی کۆبانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا و لە بەرخۆدانی جزیرەدا گیانی لەدەستدا، فەرماندەی یەپەژە سۆرخوین کۆبانێ باس لە بەرخۆدان و ئازایەتی ئەو شەرڤانە دەکات.
ڤیان پەیمان شەرڤان و هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ڕابردوو لە ٦-٤-٢٠١٥ لە بەرخۆدانی سەرێکانیێی کانتۆنی جزیرەدا لە شەڕێکی بەرامبەر چەتەکانی داعش شەهید بوو. لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونیدا، سۆرخوین کۆبانێ فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان سەبارەت بە ژیان و تێکۆشانی ئەو ژنە شۆڕشگێرە بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
سۆرخوین کۆبانێ سەرەتا باسی لە هەڤاڵێتی ڤیان پەیمان کرد و وتی: "ڤیان پەیمان ژنە تێکۆشەرێک بوو بە دەنگ و ڕەنگ و بەهرەمەندی خۆی جۆش و مۆڕالی دەبەخشی بە هەڤاڵەکانی لە بەرەکانی جەنگدا، ڤیان بە هەڤاڵەتی مەزنی خۆی دەناسرا لە ناو هەڤاڵانی، کاتێک شەهید ڤیان دەچێت بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی هەڤاڵەکانی کە لە شەڕدا گیریان خواردبوو، شەهید دەبێت."
فەرماندەی یەپەژە وتیشی: "من و ڤیان هاوڕێی منداڵی یەکتری بووین، ڤیان هەر لە منداڵیەوە خاوەن هێز و کەسایەتیەکی گەورە بوو، شەهید ڤیان بە دەنگبێژی و ئاوازەکانی کۆبانێی بە جیهان ناساند."
سۆرخوینجەختی کردەوە کە ڤیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بە ئیرادەو هێزی جەوهەری ژنەوە تێکۆشا و ڕۆژێک هەنگاوی بەرەو دواوە نەهاوێشت و وتی: "هەردووکمان بەیەکەوە بووین لە بەرخۆدانی کۆبانێ، سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و بارو دۆخی شەڕێکی سەختدا ڤیان هەمیشە بە ورە و مۆڕاڵ، گۆرانی بۆ ئازادی دەوت، بەگۆرانیەکانی بەرخۆدانی زیندوتر دەکردەوە."
سۆرخوین کۆبانێ لە کۆتایشدا وتی: "کاتێک ڤیان گۆارانی دەوت هەموو هەڤاڵان لە دەوری کۆدەبوونەوە،ڤیان لە بەرامبەر ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری تێکۆشانی دەکرد، ئەو شەڕی هزری لە شەڕی چەکداری جیا نەدەکردوە، ڤیان هەم بە چەک هەمیش بە دەنگی خۆی شەڕی لەبەرامبەر دڕندەترین هێزی جیهان دەکرد، ئێمەش وەک هاوڕێ و هاوڕێبازانی ئەو بەڵێنی خۆمان دووپاتدەکەینەوە."
(ش ب)