ڕێکخراوە ناودارەکانی ژنان بنوسە تۆماربکە

ئایا داعش ژنانی ئێزیدی گۆڕی؟

Kadının Kaleminden
حوزەیران 24 / 2016


 

 
مه‌راڵ چیچه‌ک
 
تێگه‌یشتن ‌و واتادانه‌ كورد به‌شێوه‌یه‌كی شایسته‌ بێ‌ گومان ئاسان نیه‌. چۆن ده‌توانرێت باس له‌ تێكۆشانی پارستنی هه‌بوون‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی گه‌لێك بكرێت كه‌ هه‌نوكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر له‌ لێواره‌كانی جینۆسایدێكی بێ‌ هاوشێوه‌دایه‌؟ یان چۆن ده‌توانرێت دیاله‌كتیكی له‌ مردن ژیان، له‌ پرسه‌ یاخی بوون، له‌ نه‌بوون بوون و ئافراندنی كوردان هه‌ڵسه‌نگێندرێت؟ ئه‌م دیاله‌كتیكه‌ له‌ كوردستان بووه‌ته‌ شێوازێكی ژیانكردن. له‌خاكی كوردستاندا به‌دێراژیی مێژوو بێجگه‌ له‌مه‌ شتێكی تر قبوڵ نه‌كراوه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڵبژارده‌ نیه‌ ناچارییه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ شتێك نیه‌. شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ ته‌سلیمیه‌ته‌، مردنه‌، له‌ناوچوونه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاوەستان له‌ لێواری ئەم جینۆسایده‌ كه‌ 200 ساڵه‌ بێ‌ ڕاوه‌ستان به‌سه‌ر گه‌لی كورد دا ده‌سه‌پێندرێت، ئه‌مڕۆش له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان به‌رده‌وامە، كورد هه‌تا ئێستا بێجگه‌ له‌ به‌رخۆدانی بۆ ژیان هه‌ڵبژارده‌یه‌كی تری نیه‌. نمونه‌ی هه‌ره‌ به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م ڕاستیه‌ له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆماندا ده‌توانین له‌ باكور، ڕۆژئاواو شه‌نگال ببینین.
 
له‌ كاتێكدا كه‌ یادی دووه‌مین ساڵ وه‌گه‌ڕی هێرشه‌ جینۆسایدكاره‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئایا ده‌توانرێت به‌رخۆدانی كوردانی شه‌نگال به‌تایبه‌ت ژنانی ئێزیدی دابڕاو له‌م راستیه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد بگیرێتە دەست؟ ئه‌م هێرشه‌ی داعش كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ دژی خه‌ڵكی شه‌نگال ‌و ئه‌و ئێزیدیانه‌ی تێیدا ده‌ژین، پێناسه‌ی سه‌رده‌میی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی 200 ساڵه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كورددا ده‌سه‌پێنرێت‌و له‌م ڕژێمی جینۆسایده‌ دابڕاو بەدەستەوە ناگیرێت. له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی داعش له‌ شه‌نگال رابه‌ركرا دانابڕێنرێت له‌ مێژووی به‌رخۆدانی گه‌لی كورد له‌ به‌رامبه‌ر جینۆسایده‌كان.
 
وه‌زیری پێشوی كاروباری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئێستای (پ.د.ك) چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ هه‌فته‌ی رابردودا ده‌رباره‌ی ژنانی ئێزیدی شه‌نگال هه‌ڵسه‌نگاندنگه‌لێكی كرد كه‌ كاردانه‌وه‌‌و ناڕه‌زایی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌. چنار سه‌عد، كچی سه‌عد عه‌بدوڵڵایه‌ كه‌ وه‌زیری كشتوكاڵ بووه‌‌و له‌ ساڵی 2003 له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 1ی شوباتی ناو لقی (پ.د.ك)ی شاری هه‌ولێردا گیانی له‌ده‌ست داوه‌، له‌ هه‌مانكاتدا سۆسیۆلۆگه‌. به‌گوێره‌ی خۆی گوایه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی سۆسیۆلۆگانه‌ بۆ ئه‌وگۆڕانكاریانه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێزیدی ده‌كات كه‌ دوای جینۆسایدی ئێزیدیه‌كانی شه‌نگال به‌ ده‌ستی داعش دروست بووه‌.
 
ئه‌و به‌هانه‌ بۆ هێنانه‌وه‌ (ئارگومانتاسیۆن)ه‌ی له‌ لایه‌ن رووداوه‌وه ‌له‌ ڕیپۆرتاژێكدا به‌ مانشێتی "تراژیدیای داعش كۆمه‌ڵگای ئێزیدی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی گۆڕی" ده‌هێنرێته‌وه‌، پڕكێشه‌یه‌. ئەگەر بەهۆی نەبوونی نیەتی ئەرێنی ناوزەدکردنی جینۆسایدەکەش نەبێت، لەدژی ئەم لێدوانە کاردانەوەیەکی زۆر دروست بوو. له‌ ڕیپۆتاژه‌كه‌دا چنار سه‌عد ده‌ڵێت؛ له‌ گه‌ڵ هێرشه‌كانی داعشدا پێگه‌ی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای ئێزیدیدا گۆڕاوه‌‌و به‌م جۆره‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات :"ژنانی ئێزیدی پێشتر زۆر ناچالاك بوون‌و خاوه‌نی ڕۆڵ نه‌بوون. زۆربه‌یان دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ر، باوك و براكانیان له‌ده‌ست دا ناچاربوون خۆیان خۆیان به‌خێوبكه‌ن.(....) پێشتر كاتێك كچێك عاشقی كه‌سێك ببوایه‌ له‌ ئاینێكی تر ده‌كوژرا. به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌نده‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ژن ڕووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی‌و لاقه‌كردن بوووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا ناتوانێت هه‌ر به‌و جۆره‌ ڕه‌تیان بكاته‌وه‌، ئه‌وان ئیدی وه‌ك قوربانی ده‌بیندرێن‌و كه‌س له‌ هه‌وڵی كوشتنیاندا نیه‌. ئه‌مه‌ گۆڕانكاریه‌كی بنگه‌ییه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵگا هه‌وڵده‌دات له‌و نرخ‌و ته‌قالیدانه‌ دابڕێت كه‌ له‌ ڕابردوودا خاوه‌نی بووه‌"
 
كۆمه‌ڵگای ئێزیدیه‌كان له‌ شه‌نگال بێ‌ گومان له‌ دوای هێرشه‌كانی داعش وه‌ك جاران نه‌ماوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز وه‌ك جاران نابێته‌وه‌. ناتوانین له‌ ئێستادا ته‌نانه‌ت مه‌زه‌نده‌ی چوارچێوه‌ی كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م فه‌رمانه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا به‌گشتی‌و ژنان به‌تایبه‌تی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرێدانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی ژنانی ئێزیدی له‌ شه‌نگال رابه‌ریان كرد به‌و فه‌رمانه‌وه‌ی داعش به‌سه‌ریدا هێنان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ڕاستیه‌وه‌ نیه‌، بێ‌ ڕێزیشه‌ به‌و ژنانه‌ی بوونه‌ قوربانی ئه‌و فه‌رمانه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ئه‌م ئارگۆمانتاسیۆنه‌ خۆی زۆر ئۆریانتالیسته‌، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی كڵێشه‌یی‌و جنسیه‌تگه‌رایه‌. ئه‌وه‌ی قسه‌ ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زیری ئه‌نفال نه‌بوبێت كه‌ ده‌بێت ڕاستینه‌ی جینۆساید له‌ كوردستاندا بزانێت‌و ژنێكی سۆسیۆلۆگی كورد نه‌بێت، ده‌ڵێی هیچ ڕاستینه‌ی كوردستان نازانێت، ئۆریانتالیسته‌‌و ده‌ڵێی لێكۆڵه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی ڕۆژئاوا تەوەرە‌.
 
هه‌ڵبه‌ته‌ ژنانی ئێزیدی شه‌نگال، دوابه‌دوای ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا گۆڕانكاری گرنگیان ڕابه‌ركرد. ڕاسته‌ ئیراده‌یان له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا به‌هێز بوو. به‌ڵام هۆكاری ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی چنار سه‌عد باسی لێوه‌ده‌كات له‌ده‌ستدانی هاوسه‌ر‌و باوك‌و براكانیان‌و ناچاری له‌سه‌ر پێی خۆمانه‌وه‌ نیه‌. ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ئه‌و به‌ هه‌زاران ژنه‌ی له‌ كۆمه‌ڵكوژی بارزانیه‌كانی ساڵی 80-كاندا به‌ ده‌ستی سه‌دام هاوسه‌ر‌و باوك‌و برای خۆیان له‌ده‌ستدا پێگه‌یان له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا به‌هێز ده‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێکهات پێچه‌وانه‌كه‌ی بوو.
 
له‌دوای فه‌رمانه‌كه‌ به‌هێزبوونی ئیراده‌ی ژنانی ئێزیدی له‌ شه‌نگال، دروستبوونی پێشكه‌وتن و هەڵکشانی پێگه‌یان له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵكوژی نیه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامی به‌ڕێكخستەبوونی كۆمه‌ڵگاو ژنان‌و دروستكردنی پاراستنی جه‌وهه‌ریی و پێشخستنیەتی‌ له‌وێ‌. له‌م دوو ساڵه‌دا هه‌م له‌ لایه‌نی پاراستی جه‌وهه‌ری خۆسه‌ر‌و هه‌م له‌ لایه‌نی خۆبه‌ڕێكخستە كردنی خۆسه‌ره‌وه‌ هه‌نگاوی گرنگ نرا‌و پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ تۆماركران. ئه‌مڕۆ ژنه‌ ئێزیدیه‌كانی شه‌نگال به‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نه‌كانیان ئیراده‌ی خۆیان ده‌خه‌نه‌ بازنه‌ی پاراستنه‌وه‌‌و تا ده‌چێت ئاستی خۆ به‌ڕێكخستنكردنیان به‌هێزتر ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا پێشكه‌وتنی ئیراده‌ی ڕێکخستەبووی ژنانی شه‌نگال له‌ هه‌موو گۆڕه‌پانه‌كانی ژیاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا گۆڕانكاری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌هێنێت.
 
كاتێك ڕه‌وش به‌م جۆره‌یه‌، نه‌بینین و نادیدە گرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئاستی ئافراندنی ڕیكخستن له‌ شه‌نگال، ئه‌نجامی به‌رپاكردنی تێكۆشانێكی سه‌خته‌، له‌ لایه‌ن چنار سه‌عد عه‌بدووڵڵاوه‌ چۆن ده‌توانرێت ڕوون بكرێته‌وه‌؟ خۆی چه‌نده‌ له‌ زانابوونی ئه‌مه‌ دایه نازانرێت، به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی گۆڕانكاریه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێزیدی وه‌ك ئه‌نجامی هێرشه‌كانی داعش واتا، ئینكاركردنی ئیراده‌ی ژنانی شه‌نگال‌و ئه‌و تێكۆشانه‌ی به‌م ئیراده‌یه‌ ڕابه‌ركراوه‌.
 
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌وه‌ی بابه‌تی ووتنه‌ له‌ده‌ستگرتنی جڤاكی ئێزیدیه‌كانه‌ به‌ شێواز‌و ڕوانینگه‌یه‌كی زۆر ئۆریانتالست و سالاریانەیە‌ :"ئێزیدیه‌كان خاوه‌نی نرخی به‌هێزن. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژن‌و پیاو‌و سیسته‌می پیاوسالاریی‌و ڕۆڵی به‌هێزی باوه‌ڕیدا نیشان ده‌دات. كاتێك داعش هات كۆمه‌ڵگای ئێزیدی كرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قۆناغی سروشی گۆڕانكاریدا پێشكه‌وت. له‌ژێر په‌ستاندا ئه‌مه‌ خێراتر پێشكه‌وت. (.....) ئێستا له‌ كوردستان له‌ كه‌مپه‌كاندان، زۆربه‌یان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، چونه‌ ئه‌وروپا. له‌ ناو كلتورێكی نوێدا له‌گه‌ڵ مرۆڤی نوێ‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بن، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر كلتوری ئه‌وان كاریگه‌ری ده‌بێت."
 
ئه‌مه‌ راستیه‌كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێزیدی خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی داخراوه‌. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وشه‌ ئه‌نجامی ئه‌و فه‌رمانانه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێزیدی تێیدا ژیاوە‌. به‌هۆی ناسنامه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕووی هێرش بوونه‌وه‌، كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ كه‌ له‌ به‌ردەم كۆمه‌ڵكوژی‌و جینۆسایددا به‌جێهێڵدراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بوونی خۆی بپارێزێت خۆی داخراو ده‌كات. تاكه‌ ڕێگای تێپه‌راندنی ئه‌مه‌ش به‌ خستنه‌ ژێر گه‌ره‌نتی هه‌بوونی كۆمه‌ڵگای ناوبراو كۆتایی هێنانه‌ به‌ لێواره‌كانی جینۆساید. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێتوابێت به‌ دابران له‌ خاكی خۆت‌و چونه‌ ئه‌وروپا، یان ببوونە پەنابەر لە شوێنە جیاوازەکانداو له‌گه‌ڵ كوردانی تردا په‌یوه‌ندیگرتنیان كۆمه‌ڵگاكه‌یان "كراوه‌" ده‌كات، خۆخه‌ڵه‌تاندنێكی گه‌وره‌یه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیداریشه‌. كه‌ لێره‌دا له‌ كۆمه‌ڵگای "كراوه‌" چی مایەی تێگەیشتنە، شتێکی ترە. پێویسته‌ له‌ یادی نه‌كه‌ین ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كه‌ین، له‌به‌ر ناسنامه‌ی كورد، باوه‌ڕی ئێزیدی، هه‌ڵكه‌وته‌ی ژیۆستراتیژیه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ لە کەنارەکانی جینۆساید دا هه‌م به‌شێوه‌یه‌كی كەلتوری‌و هه‌م فیزیكی ڕووبه‌ڕووی 74 فه‌رمان بۆته‌وه‌، له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌دا كه‌ ده‌كرێت دووپاتی بكه‌ینه‌وه‌ ، پێویسته‌ هیچ كات ئه‌مه‌ له‌ یاد نه‌كرێت.
سەرچاوە: (یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا)