"هێرشکردنە سەر مامۆستایانی ژن هێرشە بۆسەر تەواوی خەڵکی کوردستان"

09:54

ناوەندی هەواڵ - ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان رادەگەیەنێت، هێرشکردنی سەر مامۆستایان هێرشە بۆ سەر تێکڕای هاوڵاتیان و ئاماژەش بەوەدەکات کە هیچ کاتێک دەسەڵاتداران بە زوڵم و ستەم نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلان بڕوخێنن.

سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکانی دوێنێی هێزە ئەمنیەکانی شاری سلێمانی بۆ سەر مامۆستایان کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان دەسگیرکران و ڕووبەرووی بێڕێزی پێکردن بوونەوە، کە لەناویاندا چەند مامۆستایەکی ژنیش هەبوون. لەوبارەیەوە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک) لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتوە: "ئەوهێرشە لە بەرامبەر بە تەواوی ژنان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبینین، چونکە لە رەوشی قەیراناویدا ژنان لە هەموو چین و توێژەکان زیاتر رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە و بارودۆخی ژیانیان خراپتر و زەحمەت تر دەبێت."

دەقی لێدوانەکەی ڕژاک بەو شێوەیەیە:
بۆ رای گشتی
لە کاتێکدا باروودۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ خراپتر و مەترسیدار تر دەبێت لە ئەنجامی شەری دەسەڵاتداری و قەیرانی ئابوری بەمەبەست دروستکراو، نەبوونی سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان ، نەبوونی موچە و نەبوونی ئاو و کارەبا ...هتد ، کەچی وا زیاتر لە ساڵێکە مامۆستا و فەرمانبەران لەسەر شەقامن و بەو پەری مەدەنیانە خۆپیشاندان دەکەن و داوای مافە رەواکانیان دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەمرۆ هێزە ئەمنیەکانی شاری سلێمانی هێرشی توندیان کردە سەر مامۆستایان و وێرای ئازاری جەستەیی و دەروونی چەندین مامۆستای دەستگیر کرد و بەشێک لەو مامۆستایانەش روو بەرووی ئەشکەنجە و کارەبا لێدان کرابونەوە کە بەشێک لەو مامۆستایانە ژن بوون، هەروەها پێش چەند رۆژێکیش ئۆتۆمبێکی مامۆستایەکی ژن و چەند مامۆستایەتی تر هەر لە شاری سلێمانی سوتێنرا ئەمەش لە پای داواکردنی سەرەتایی ترین مافەکانیان .

ئێمە وەک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە توندی ئیدانەی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەین بۆ سەر تەواوی مامۆستایان بەتایبەت مامۆستایانی ژن و هەر وەک چۆن هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی خۆمان بۆ داوا رەواکانیان دەربریوە و بەشداری نارەزایەکانیان بووین ، لە ئێستاشدا جارێکی تر رایدەگەیەنین کە داواکنیان بە داوای خۆمان دەزانین هەروەها دەستنیشانی دەکەین کە هێرش و توندوتیژی لە بەرامبەر بە مامۆستایانی ژن دا وەک هێرش لە بەرامبەر بە تەواوی ژنان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبینی، چونکە لە رەوشی قەیراناویدا ژنان لە هەموو چین و توێژەکان زیاتر رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە و بارودۆخی ژیانیان خراپتر و زەحمەت تر دەبێت.

هەر لە هەمان کاتیشدا رایدەگەیەنین تێکۆشان و نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران کە تێکۆشانی هەموو تەواوی هاوڵاتیانە، چونکە خەڵکی باشوری کوردستان لە سەرجەم شارەکان بە بێ جیاوازی لەم دەسەلاتەی خۆی کردوە بە بار بەسەر خەڵکەوە و ژیان و خاک و سەروەت وسامانی خەڵک بە هەدەر دەدات بێزارە و نارازیە ، پێشەنگانی نارازیش لە مامۆستا و فەرمانبەر لە ئەنجامی خەمخۆریان بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان تێکۆشانی دیموکراتیانە ئەنجامدەدەن.

بۆیە دەبێت دەسەڵاتداران رێز لە ئیرادەی گەل بگرن و باش بزانن کە هیچ کاتێ بە ستەمکاری و توندوو تیژی ناتوانن پاشەکشە بە ئیرادەی گەلی خەڵکی ئازادیخوازی باشوری کوردستان بکەن ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی حزبی کە بارودۆخی خەڵکیان بەمرۆ گەیاندوە، دان بە شکستی خۆیاندا لە حوکرانی دا بنێن و هەرچی زوە هەنگاو بە ئاراستەی جێبەجێ کردنی داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان دا بنێن، هەنگاو بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە گەندەڵی و تاڵانچێتی و پێشێلکاری مافی هاوڵاتیان و خۆسەپاندن بێنن ، چونکە لەوە زیاتر خەڵکی باشوری کوردستان ستەمی هێچ لایەک قبوڵ ناکات تێکۆشانی دیموکراتیانە و ئازادانەی خۆی پێش دەخات.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رژاک)
١-١٢-٢٠١٦