داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ سەباحەت تونجەل دەکرێت
13:05
ئامەد - داواکاری گشتی دادگای تورک تۆمەتنامەی سەباحەت تونجەل-ی، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان ئامادەکرد و تێیدا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ کرد.
دوێنێ، داواکاری گشتی سزای قورسی دادگای ئامەد، راپۆرتی تۆمەتنامەی سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، ئامادەکرد و تێیدا داوای ١٣٥ ساڵ زیندانی بۆ کرد و تیایدا باس لە بەشداری تونجەل لە ١٦ چالاکیدا لە ساڵی ٢٠١٢وە بۆ ٢٠١٦ کراوە.
داواکاری گشتی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و هەروەها بەشداری و ئامادەبوون لە کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات-یشی، وەک بەڵگە بۆ تۆمەتەکانی "ئەندامێتی رێکخستنی قەدەغە و پڕوپاگەندە بۆ رێکخستنی قەدەغە"، راگەیاندووە.
شڤان جەمیل ئۆزەن، یەک لە پارێزەرانی تونجەل سەبارەت بە تۆمەتنامەکە قسەی کرد و وتی:"ئەو تۆمەتنامەیە هەوڵدانە بۆ تاوانبارکردنی تونجەل و ئێمە ناڕەزایی پێویست پیشاندەدەین".
بڕیارە، دانیشتنی یەکەمی دۆسیەی تونجەل لە رۆژانی داهاتوودا ئاشکرابکرێت.