ژنها پێی نایە پێنجەمین ساڵ

09:01

ژنها

ئامەد- ئاژانسی هەواڵەکانی ژنان (ژنها) کە یەکەمین ئاژانسی هەواڵی ژنانە لە جیهان، ئەمڕۆ کەوتە پێنجەمین ساڵی تەمەنی خۆی، ئەوە ماوەی پێنج ساڵە لە ژێر دروشمی بەبەردەوامی هەواڵ ئامادە دەکەین "بەردەوام دەنوسین، بێ ئەوەی بیر لە وە بکەینەوە کە پیاوان چ لێکدانەوەیەکیان بۆ هەواڵيکانمان هەیە."

وەک ئاژانسی هەواڵەکانی ژنان لە دوای ٨-٣-٢٠١٢ دا لە ژێر دروشمی "زمانی ڕاگەیاندن دەگۆڕین، لەمڕۆ بەدواوە جیهانی مەدیا ڕابردوو نابێت" ئاژانسی هەواڵەکانی ژنان(ژنها) هەنگاوی نایە نێو جیهانی ڕاگەیاندن. هەرچەند بە هۆی زمنی هەواڵەکانمان لە هەر شوێنێک ڕووبەڕووی بەربەست دەبیبنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوسالار بگۆڕین، هەروەها بۆ ئەوەی زمانی نێری میدیا بگۆڕین، لە کامێرامان تا پەیامنێر سەرجەم ستافی ئاژانسەکەمان لە ژنان پێکدێت. ئێمە زمانی ئێستای ڕاگەیاندن ڕەت دەکەینەوە، ئەڵتەرناتیفیشمان زمانی ژنە، کە هەم وەک ڕۆژنامەوان هەم وەک تێکۆشەری ژن برەو بەخەباتی ڕاگەیاندن دەدەین.

دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر، ئێستا ئاژانسەکەمان وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵ دەناسرێت. ئێمە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی هەموو بابەتەکان پەیوەندیان بە ژنانەوە هەیە کاردەکەین، نەک تەنها ئەو بابەتانەی ژن کاریان لە سەر دەکات، هەروەها بە شێوازی کارکردن و هەواڵەکانمان ئەوەمان سەلماندووە کە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگە پەیوەندیدارن بە ژنانەوە. بە تایبەت لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا کە تەمەنی ئاژانسەکەمان چەند مانگ بوو، بەڵام ڕوماڵی شەڕمان کرد و پیشانی هەموو دونیامان دا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە.

ئاژانسەکەمان لە سەر و بەندی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دامەزرا، بۆیە وەک یەکەم ڕاگەیاندن کە لەم باریەوە گرنگی بە ڕوانینی ژنان دەدا. هەروەها لە کاتی هێرشی سەر شەنگال یەکەم ئاژانس کە پەیامنێری لە شنەگال هەبوو ژنها بوو. بە هۆی شێوازی کارکردنی ئاژانسەکەما ژمارەی پەیامنێرانمان زیادکردووە، کە بە پەیامنێرە خۆبەخشەکانەوە زیاتر لە 100 پەیامنێرمان هەیە.

بە هۆی هەڵوێستی خۆڕاگری پەیامنێرانمانەوە، کە هەم ژن هەمیش تێکۆشەرن چەندینن جار ڕووبەڕووی هێرشی پۆلیس دەبنەوە لە باکوری کوردستان و لە شارەکانی تورکیا، بۆیە ئێستاش چەندین پەیامنێرمان لە ژێر هەرەشە، لە زیندان و لە ژێر چاودێری دان. هەروەها لە شاری جزیرەش پەیامنێرانی ئاژانسەکەمان، چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەت و دەسڕێژی گولـلە بوونەوە، بەڵام ئەوان بە هەر جۆرێک بێت هەوڵیاندا ڕاستیەکانی بەرخۆدانی و کۆمەڵکوژی بگەیەنن.

ئەمڕۆ ژنها پێی نایە پێنجەمین ساڵی خەباتکردنیەوە، ماوەی پێنج ساڵمان بە سەرکەوتووی تێپەڕاند، دیسانەوە دەڵێین بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان دەنوسین و بەردەوام دەبین.