"حکومەت دەیەوێ سیاسەتی سریلانکا بە سەر کۆمەڵگە بسەپێنێت"

09:28

ژنها

ئەستەنبۆل- پەڕلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند کە حکومەتی تورکیا بۆ مانەوە خۆی لە سەر دەسەڵات، فەرمانی کۆمەڵکوژی گەلی کوردی بە سوپا داوە.

مەرال دانیش بەکتاش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە شاری ئەستەنبۆل بۆ ئاژانسەکەمان دواو ڕایگەیاند: " ئێمە باش دەزانین کە حکومەتی تورکیا بۆ مانەوەی لە سەر دەسەڵات دەستی بە پرۆسەی ئەشکەنجەدان و شێواندنی تەرمی ڕۆلەکانی گەلەکەمان کردووە، هەروەها فەرمانی کۆکوژی کوردانی بە سوپاکەی داوە، چونکە وەک دەبینین سەرباز و پۆلیسی تورک دەست لە هیچ ناپارێزن."

پەڕلەمەنتاری هەدەپە سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی کۆشک لە ئەنقەرە کە ڕێگرە لە بەردەم ئیردەی ئازادی گەل و وتی: "دەسەڵات ڕێگرە لە بەرامەبەر ئیرادەی گەل و هەموو ڕێگەیەکی بەبەردەم هاوڵاتیان داخستووە تاکو نەتوانن گفتوگۆ لە سەر دەستوری بنەڕەتی تورکیا بکەن. بەم شێوەیە دەیەوەێت سیاسەتی حکومەتی سریلانکا لە سەر گەلان بسەپێنێت، بێ ئەوەی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و ئاکارێکی مرۆڤایەتی لەبەر چاو بگرێت گەلان قڕکردن بەسەر گەلی ئاشتیخواز و ئازادیخوازی کورد دابسەپێنێت. سەرۆک کۆمار زۆر بە ڕاشکاوی پیشانی هەموو دونیایدا کە هیچ یاسایەک ناناسێتت."

"ئەگەر دەستورێکی نادادوەری بسەپێنن ئەوا هەدەپە لە بەرامبەر خۆیان دەبیننەوە"
مەرال دانیش جەختیکردوە: "دەوڵەتی تورکیا لە شارەکانی جزیرە، سلۆپی و هەزەخ پەیماننامەی نێودەوڵەتی جنێڤی پێشێلکردوە، بۆ نمونە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیان، بێڕێزیکردن و شێواندی تەرمی ڕۆلەکانی ئەم نیشتیمانە، بێڕێزیکردن بە جەستەی ژنان و چەندین تاوانی تری ئەنجام داوە، هێشتاش بەردەوامە لە کۆمەڵکوژیەکان، هەربۆیە ئەگەر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بێدەنگی بەردەوام بێت ئەوا دۆخەکە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو لە گەڵ خۆی دێنیت."

مەرال دانیش بەکتاش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە شاری ئەستەنبۆل لە کۆتاییدا وتی: "سەرۆک کۆمار بە عەقڵیەتی تاکڕەوی دەیەوێت دەستوری بنەڕەتی بە گوێرەی ویستی خۆی بنوسرێتەوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەموو هەموو پارتیەکانی ناو پەرلەمان و پەڕلەمانتارانی ناو ئاکەپەش لە بەرامبەر ئەمە خاوەن هەڵوێست بن. بەو شێوەیە هەموو گەلانی تورکیا دەتوانین دەستورێکی یەکسان و دیموکراتی دابنێین، ئەگەر دەستورێکی تاکڕەوی و نادادوەرانە بسەپێنرێت ئەوا هەدەپە لە بەرامبەر خۆیان دەبیننەوە."