هێڤی ساریا: ئازادی شەداد دەکەینە دیاری بۆ هەموو ژنان
10:27
شەرڤین شەرڤان- ڕۆژدا سەرحەد/ ژنها
حەسەکە- هێڤی ساریا فەرماندەی فەرماندەیی شەهید سەرکان لە شارۆچکەی شەداد، ڕایگەیاند کە ئەوان ئازادکردنی شەداد دەکەنە دیاری بۆ هەموو ژنانی جیهان.
شارۆچکەی شەداد سەر بە شاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستانە، پێشتر لە ژێر داگیرکەری چەتەکانی داعش دابوو، لە 19-2-2016 لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئازاد کرا، هێڤی ساریا فەرماندەی فەرماندەیی شەهید سەرکانە، کە شەهیدی (پارتی مارکسیسیت لینینیست کۆمەنیست)ی تورکیا بوو، لە رؤژئاوای کوردستان شەهید بوو. ساریا هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان وهەڵمەتی ڕزگاری شەداد و دەوروبەری بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاند و وتی: "دوا بەدوای هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکەنی ڕزگاری خاکی ڕؤژئاواو سوریا بۆ پاککردنەوە لە چەتەکانی داعش، بە ئازادکردنی شارۆچکەی شەداد هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمارکرد، ئۆپراسیۆنی سەربازی هێشتاش بەردەوامە لە دەوروبەری شارۆچكەی شەداد."
هێڤی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی هێزەکانیان گەلان بە جۆشەوە پێشوازیان لێدەکەن و وتی: "گەلی عەرەب لە ناوچەکە هەم ڕووبەڕووی توندوتیژی فاشیزم و هەم داگیرکەری بۆتەوە، بەم جۆرە دەبینین هەڵمەتی ڕزگاری هۆل و شەداد بەواتای بونیادنانی یەکێتی نێوان یەپەگە و گەلی عەرەب دێت لە سوریا. پێشتر کاریگەری هێزەکانی ئەلنوسرە لەم ناوچانە دەبینرا، بەڵام ئێستا هەموو خەڵکەکە بەبێ هیچ گومانێک پشت بە یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزی سوریای دیموکراتی دەبەستێت، بۆیە دەتوانم بڵێم شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرەو دیموکراتیزەکردنی سوریا هەنگاو دەنێت."
هێڤی ساریا فەرماندەی فەرماندەیی شەهید سەرکان لە کۆتاییدا وتی: " ئێمە وەک شەرڤانانی (مەلەکەپە) شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان و بۆ بونیادنانی سوریای دیموکرات کە مافی هەموو گەلان زامن بکات تێدەکۆشین. هەروەها بەبۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەموو ژنانی تێکۆشەر پیرۆز دەکەین، ئێمە وەک هەڵمەتێکی ڕزگاری ئازادکردنی شارۆچکەی شەداد دەکەینە دیاری بۆهەموو ژنانی بەرخۆدێر."
شەرڤانانی پارتی مارکسیسیت لینینیست کۆمەنیست(مەلەکەپە)لە باکوری کوردستان و تورکیا، لە سەرەتای شۆرشی ڕۆژئاوا وەک هێزێکی ئەنتەرناسیۆنالیست شانبەشانی یەکینەکانی پاراستنی ڕؤژئاوا بەشداری هەموو هەڵمەتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، بەرچاوترینیشیان بەرخۆدانی کۆبانێ بوو.
ش.ب