فیگەن یوکسەک داغ: ئێمەی ژنان متمانەمان بە دەوڵەت نەماوە - دواین هەواڵ
09:16
ژنها
ئامەد- هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند کە وەک ژنان متمانەیان بە دەوڵەت نەماوە چونکە لە پێناو مانەوەی لە سەر دەسەڵات هەر شتێکی بیەوێت دەیکات.
فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوێنێ لە کاتی پێشکەشکردنی وتەکەی لە پیرۆزبایی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر لە شاری ئامەد ڕایگەیاند کە ئەوان بەڵێنیان بە ژنان داوە کە تێکۆشان سەردەخەن و وتی: "مێژوو شاهێدمانە، چۆن لە شاری جزیرە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدرا، دەیانەوێت هەمان کار لە ناوچەی سور کە ماوەی چەندین مانگە لە ژێر سەختترین گەمارۆ دایە ئەنجام بدەن، بە ئاشکرایی پێمان دەڵێن ئەگەر ملکەچ نەبن ئەوا ملکەچتان دەکەیەن. بەڵام ئەوەی کە پێویستە بیزانن، ئەوەیە کە تا ئێستا چۆکمان نەداوە بۆ هیچ زاڵمێک، ئێمە بەڵێنمان بە ژنانی وەک سێوێ، پاکیزە، فاتمە و دایە تەیبەت داوە کە تا سەرخستنی شۆڕشی ژنان بەردەوام بین لە تێکۆشان."
هاوسەرۆکی هەدەپە وتیشی: "چۆن محەمەد تونچ بەر لە شەهید بوونی لە جزیرە وتی؛ بە بەرخۆدانی خۆمان سەرمان بڵندە، بەڵام لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئەم تاوانە وەک ڕووڕەشیەک دەمێنێتەوە، ئێمەش دەڵێین؛ جزیر شکۆی هەموو مرۆڤایەتی و نەتەوەی کوردە. هەرچەند پلانەکانی دوژمنان گەورە و بەرفرە بوون، بەڵام بەرخۆدانی گەل هەرچی پلانە هەمووی پوچ کردۆتەوە. ئامانجی ئێمە لێرەدا پاراستن و بەردەوام کردنی بەرخۆدانی ژنانە لە هەموو بەشەکانی تێکۆشانی ڕزگاری گەلی کورد دا، لە خۆڕاگری جزیرەدا بینیمان کە ئازادی نزیک بۆتەوە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "هێزەکانی دەوڵەت بۆ قەدەغەکرنی پیرۆزباییەکانی هەشتی مارس هەرچیەکیان لە دەست هات کردیان، هەتا ماڵ بەماڵ گەڕان و هەڕەشەیان لە ژنان کرد، بەڵام وەک دەبینن ئیدی ئێمەی ژن چاومان لە چەک و سوپا ترسێت، ئەوان لە هێزی ژنان دەترسن، هەر بۆیە کە سێ ژن لە یەکتر کۆبوونەوە کۆمەڵکوژکران، ئێمەش وەک ژنان متمانەمان سیستەمی دەوڵەت نەماوە چونکە لە پێناو مانەوەی لە سەر دەسەڵات هەر شتێکی بیەوێت دەیکات.
فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆتاییدا وتی: "تاکە هێزی چارەسەری لە بەرامبەر هەموو هێرش و تیرۆرێک، ئێمەی ژنانین، بۆیە بە ڕۆحی بەرخۆدانی جزیرە بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەین کە بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بجوڵێنەوە، لێرەوەش نەفرەت لە گۆشەگیری دەکەین و دەڵێن بە بەرخۆدای کۆتایی بە گۆشگیری دێنین."
(ش ب)