تائێستا لێپرسینەوە لەو پۆلیسە نەکراوە کە دیلان کۆرتاکی کوشتوە

15:13

ژنها

ئەستەنبۆل- ئەو پۆلیسەی کە دیلان کۆرتاکی تەمەن 20 ساڵانی لە ئەستەنبۆل کوشت، تا ئێستا لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە و دەوڵەت دەیەوێت سەری ئەم کەیسە بگرێت.

ساڵی ڕابردوو لە شاری ئەستەنبۆل لە4-12-2015 پۆلیسی تورک هەڵی کوتایە سەر ماڵێک و دواتر، دیلان کۆرتاکی 20 ساڵانەیان دایە بەردەست ڕێژی گولـلە و بە 25 گولـلە کوشتیان، لە ڕاگەیاندنەکانیش دا ڕاینگەیاندبوو کە لە ئەنجامی پێکدادان کوژراوە، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە دیلان لەناو ماڵەکەیدا بەبێ هیچ هۆیەک دراوەتە بەردەست ڕێژی گولـلە. کەچی تا ئێستاش ئەو پۆلیسەی کە بکوژی سەرەکی دیلانە، لێپرسینەەی لە گەڵ نەکراوە.

ئازاد بلند ئاشا ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەران، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەم تاوانە تێپەڕ دەبێت بەڵام تا ئێستاش بکوژان نەگەیشتوونەتە سزای خۆیان."

ئازاد بلند ڕاشیگەیاند کە ئەوان لە سەر ئەم مژارە دۆسیەیەکی تایبەتیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی دادگای کۆماری کردوە وتیشی: "ئەو چوار کەسانەی کە بەشداریش بوونە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دواتر دەستگیر کران بەڵام تا ئێستا دادگای نەکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە، دەیانەوێت سەری ئەم دۆسیەیە بە هەر جۆرێک بێت بگرن، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەشدا ناوەستین و بەردەوام دەبین تا کەیسی دیلان بە تەواوی ئاشكرا نەبێت و تاوانباران بە سزای خۆیان نەگەن."

(ش ب )