لە هەشتی مارسدا قۆڵی ئەندامێکی ڕێکخراوی ژنان دەشکێنرێت

15:57

ژنها

سلێمانی- دوێنی ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، هێزەکانی پارتی لە بازگەی سماقۆڵی، ڕێگە لە ئەندامانی ڕژاک دەگرن لە سلێمانی و ڕانیەوە بچنە هەولێر بەمەبەستی بەشداری لە چالاکی ناوەندی رێکخراوەکەیان لە هەولێر، لە ئەنجامدا قۆڵی ئەندامێکی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکە دەشکێت.

ژینۆ حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی رژاکی سلێمانی، ڕایگەیاندوە کە ئەوان وەک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە ریزە چالاکیەکانیاندا کە لە ١ی مانگەوە دەستیان پێکردهەروەها ویستویانە بە ڕێپێوانێکی ناوەندی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداری سەرجەم ئەندامەکان لە تەواوی شارەکاندا کۆتایی پێبهێنن بەڵام بەداخەوە پارتی دیسانەوە ئاستەنگی بۆ دروستکرون. هەروەها ڕاشیگەیاندوە: "کە بەهۆی گوشار و پاڵنانی هێزی بازگەکە، دوای ئەوە ئێمە لەسەر شەقامەکە ڕاوەستاین و ئۆتۆمۆبێلی زۆری لێبوو ئەوان شۆفێرەکانیان هان ئەدا کە بەسەرماندا بڕۆن و پێکدادان لەنێوانماندا دروست بکەن، منیش بەهۆی ئەو گوشارانەی ئاسایشی پارتیەوە دەستم ئازاری پێگەشت دوای ئەوەی شەو گەڕامەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنم کرد، دەرکەوت باڵم درزی بردووە."

شآیەنی باسە ساڵی پاریش بە هەمان شێوە هێزەکانی پارتی لێگیریان لە رێکخراوی ژنان کرد کە دەیانویست بۆ پاڵپشتی ژنانی شەنگال بەرەو شەنگال بڕۆن، هەرەوها ئەو کاتیش چەند ژنێک زامدار ببون.


(ش ب)