ناوی بەرخۆدانیە، کوڕ لە کۆبانێ و باوک لە جزیر گیانیان فیدا کرد

11:37

ژنها

شرناخ- زەیجان تاشکین ئەو ژنەیە کە کوڕە گەورەکەی لە کۆبانێ و هاوسەرەکەشی لە جزیر، گیانیان فیدای نیشتیمان و مرۆڤایەتی کرد، ئێستا لە خانوێکی ڕووخادا لە گەڵ چوار منداڵەکەی دەژیت و پەیامی زەیجان ئەوەیە" ناوی ڕێبازەکەیان بەرخۆدانیە".

رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ کە لە کۆڵانەکانی جزیر ڕەنگیدایەوە، هەموو جیهانی هەژاند، لە هەر شوێنێکی جیهان کەسانی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆست ڕوویان لە کۆبانێ کرد بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایین. ئەوانەی کە زمانیشیان نەدەزانی، کە کوردیشیان نەدەناسی لە کۆبانێ شەڕیان کرد و شەهید بوون، هەزاران چیرۆکی قارەمانی بێ وێنە لە داستانی کۆبانێ تۆمار کران. جزیریش کە دەستە خوشکی کۆبانێیە و بە باوەڕی و گیان بەخشین بەرخۆدانی کرد. زۆرن ئەو چیرۆکانەی کە ناخمان دەهەژێنن، بەڵام چیرۆکی ژیانی زەیجان کە فەرهادی کوڕە گەورەکەی لە کۆبانێ و جەبار تاشکنی هاوسەری لە جزیرە گیانیان بەختکرد.

زەیجان تاشکن تەمەن 45 ساڵان کە دانیشتووی جزیرەی بۆتانە و ئێستا لە خانوێکی ڕووخاو دا لەگەڵ چوار منداڵەکەی دژیێت، بەم شێوەیە باسی لە شەهید بوونی کورەکەی دەکات: "لە جزیرە بووین تەمەنی فەرهادی کورم هەژدە ساڵان بوو کە لەلایەن دەوڵەتەوە خرایە گرتووخانە، نۆ مانگ لە گرتووخانە مایەوە، ئەو ڕژەی ئازادیان کرد لە ماڵ دەرچوو تا ماوەیکی درێژ نەمان زانی لە کوێیە، ماوەی شەش مانگ و دوو ڕۆژ هەر لە چاوەڕوانی ئەو دابووم و فرمێسک لە چاوانما وشک نەدەبوو،تا رۆژێک وەک هەر ڕٶژ دەگریام بۆی، کە پێیان وتم لە فەرهاد لە کۆبانێ شەهید بووە، تەرمەکەیمان هێناوەتەوە و ئێستا لە گۆڕستانی جزیرەیە."

زەیجان وتیشی: "لە جزیرە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاندرا، بەرخۆدانی دەستی پێکرد، هەرچەند شەڕێکی دژوار بوو بەڵام ئێمە کۆچبەریمان پەسەند نەکرد و لە جزیرە ماینەوە، تا شەوێک هاوسەرەکەم لە بەر دەرگەی ماڵ بریندار بوو، شەو ڕۆژێک بەبرینداری مایەوە، تا شەوی دواتر کە لە هەمان شوێنی بریندار ببوو دایانە بەردەست ڕێژی گولـلە و شەهید بوو، تا رۆژێکیش نەمانەتوانی لە ماڵ بێینەدەرەوە و تەرمەکەی هەڵگرین، دواتر هێنامان تا دوو ڕۆژ تەرمەکەی لە ماڵەوە مایەوە. ئێستاش خۆم و چوار منداڵەکەم ماوین."

زەیجان لە کۆتاییدا وتی: "هەرچەند ئازاری زۆرم چێشتوە بەڵام شانازی بە هەردوکیانەوە دەکەم، هەرچەند نازانم ئەم دوو ساڵەم چۆن بەسەربرد، بەڵام دیسان بەیادەوەریەکانی هەردوو بەرخۆدێرە خۆشەویستەکانم دەژیم و لە سەر ڕێبازی ئەوان کە ناوی بەرخۆدانیە بەردەوام دەبم."

(ش ب)