ئێران؛ لە ساڵێکدا 967 لە سێدارە دراون کە 19 یان ژنن

11:59

ژنها

ناوەندی هەواڵ- رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ساڵی ٢٠١٥ بۆ گەلانی ئێران "ساڵی ڕەش" بووە و روونیشیدەکاتەوە کە لەو ساڵەدا ٩٦٧ هاوڵاتی ئێران بەشێوازی جیاجیا لە سێدارە دراون کە19 ژنن.

لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لە لەسێدارەدانی ٩٦٧ هاوڵاتی ئێرانی لە ساڵی رابردوو دەکات و دەڵێت ٩٥%ی ئەو لە سێدارەدراوانە کە لە ناوچە ئیتنیکییەکان بەڕێوەدەچن بڵاوناکرێنەوە.

لەو راپۆرتەدا کە هەشتەمین ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانییە کە رێکخراوێکی ناسراوە و بارەگاکەی لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە و (مەحمود ئەمیری موقەدەم) سەرۆکایەتی دەکات هاتووە، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥، سزای لەسێدارەدانی ٩٦٧ هاوڵاتی لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوەچووە کە ١٩ کەسیان ژن بوون."

ئەم ئامارە لەحاڵێکدایە کە ساڵی پێشتر لەئێراندا ٧٣٥ کەس لە سێدارەدرابوون و بەم پێیە رێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠١٥ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری ٢٩% بەرزبووەتەوە و بەشێوەیەکەی بەردەوام رۆژانە ٢ هەتا ٣ کەس لەسێدارەدراون.

بەپێی داتاکانی ئەو رێکخراوە، ٦٣٨ کەس تەنیا بەهۆی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارەدراون کە دەکاتە ٦٦%ی کۆی لەسێدارەدراوان. دوای تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، زیاترین رێژەی لەسێدارەدان بەهۆی "کوشتنی بەئەنقەست" بووە کە ٢٠٧ کەس بەهۆی ئەو تاوانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و سزاکەیان جێبەجێکراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران راشیگەیاندووە "کە ٩٥%ی ئەو لەسێدارەدراوانە کە لەناوچە ئیتنیکییەکان بەڕێوەدەچێت حکومەتی ئێرانی رێگا بە بڵاوبوونەوەیان نادات لە میدیاکاندا و هەروەک لە ساڵی ٢٠١٥دا ١٣ کەس بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەوە لە سێدارەدراون کە ٦ کەسیان کوردبوون."

ڕاپۆرتەکە ڕوونیشیدەکاتەوە کە "١٠٥ کەس لە زیندانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون کە بەشی هەرە زۆریان کوردبوون، بەپێی راپۆرتەکە ٧٦ کەس لە زیندانی ئورمیە، ١١ کەس لە زیندانی کرماشان، ١٠ کەس لە سنە، ٥ کەس لە لوڕستان و ٣ کەس لە زیندانی ئیلام لەسێدارەدراون."

بەرزبوونەوەی رێژەی لەسێدارەدان لەئێراندا لەماوەی ساڵانی رابردوو زۆر بووە، بە چەشنێک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٨ ئەو رێژەیە ٣٠٠% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٨ تەنیا ٣٥٠ کەس لەسێدارە دراون، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ئاشکرایشدەکات کە "لەماوەی دوو ساڵ و نیوی دوای هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران ٢١٦٢ کەس لەسێدارەدراون کە بە بەراورد بە ئامارەکانی پێش ئەو رێکککەوتە رێژەکە ٦٧% بەرزبووەتەوە."

جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥دا، ٢٦٢ هاوڵاتی کە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، بەهۆی رەزامەندی و لێبوردنی لایەنی سکاڵاکەر رزگاریان بووە و سزاکەیان جێبەجێ نەکراوە.

(ش ب)