ژنانی تل تەمەر: ئامانج لە هێرشەکان کۆکوژیە

09:41

ژیندا ئازاد/ژنها

تل تەمەر- ژنانی شارۆچکەی تل تەمەر بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود دەکەن و رایدەگەیەنن کە ئامانج لە هێرشەکان کۆتایی هێنانە بە ژیانی گەلان.

گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن، لە سەرەتای شۆڕشی سوریا تا ئێستا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی چەتەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و (ئەنەکەسە) دەبێتەوە، هەرەدوایش لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی ئەلنوسرە و ئەحرار شام دا 48 هاوڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون بوونە قوربانی و زیاتر لە 434 کەسیش بریندار بوون. سەبارەت بەم هێرشانە ژنان لە شارۆچکەی تل تەمەری کانتۆنی جزیرە بۆ ئاژانسەکەمان دوان و بە توندی ئیانەی ئەو هێرشانەیان کرد.

لەم بارەیەوە ئەلماس ئەمین هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی تل تەمەر ڕایگەیاند کە ئەندازیار و پلانسازی هێرشەکان دەوڵەتی تورکیایە و وتی: "مێژووی کوردان پڕە لەو کۆمەلکوژیانەی کە بەدەستی دەسەڵاتدارە تورکەکان ئەنجامدراون، لە ڕۆژی ئەمڕۆشمان لە شاری جزیرە جارێکیتر دووبارە کرایەوە، ئەمڕۆ لە شێخ مەقسودیش هەمان ڕێباز پەیڕەو دەکرێت." ئەلماس ئاماژەشی بەوە کرد کە هێزە تیرۆرستەکان هاوکاری لە دەرەوە دەگرن و گەلانی پێ قڕ دەکەن، هەروەها جەختیشی کردەوە: "ئەگەر سەرنج بدەین سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم، بەڵام شەڕ و هێرشەکان بەردەوامن کەواتە دەوڵەتانی وەک تورکیا باکیان بە ئاگر بەست نیە، هەربۆیەش داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەم کە لەبەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژیانە بێدەنگ نەبن."

"لەبەرامبەر هەموو هێرشەکانیش بەرخۆدانی گەل سەردەکەوێت"

هەرلە سەر ئەم مژارە نەدا ئەحمەد ئەندامی دادگای خەڵک لە شارۆچکەی تل تەمەر، رایگەیاند کە گەلی کورد لەسەرەتای شۆڕشەوە لە نێو بەرخۆدانێکی گەورەدایە و بەردەوامیش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ناوبراو وتی: "سەرەتا بە توندی ئیدانەی کۆمەڵکوژی شێخ مەقسود دەکەین، سەرەڕای ئاگربەستیش هێرشەکان لە سەر گەڕەکی شێخ مەقسود بەردەوامن، تا ئێستا هیچ هێزێک یان دەوڵەتێک ئیدانەی ئەم هێرشانەی نەکردوە، ئەمەش سەرنج ڕاکێشە، بەڵام من لێرەوە دەڵێم؛ با هەرکەس باش بزانێت گەلی کورد لە بەم جۆرە هێرشانە لەناو ناچێت، لە بەرامبەر هەموو زولم و ستەم هەر گەلان سەردەکەون."

(ش ب)