"بەرگەی ڕەنگی نەتەوەییشمان ناگرن"

09:43

ژنها

وان- پۆلیسی تورک لە ڕۆژی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر، دوو ژنی لە شاری وان دەستبەسەرکرد، ژنان دوای ئازاد بوونیان ڕایانگەیاند کە ئەوان بە بیانوی پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی ماوەی شەش کاتژمێڕ دەستبەسەر کراون.

ژنان لە شاری وانی باکوری کوردستان بە جلی ئاڵ و واڵی نەتەوەیی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆز کرد، حەنیفە گوزەل و زەریە یۆباش دوو لەو ژنانەن کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکەوە دەست بەسەر کرابوون، ئەو دوو ژنە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کردوو ڕایانگەیاند کەئەوان بەبیانووی ئەوەی جلی نەتەوەیی کوردیان پۆشیوە ماوەی شەش کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستبەسەرکرد، هەروەها وتیان: "دەوڵەتی تورک بەرگەی بینینی ڕەنگی نەتەوەیشمانی نەماوە."

حەنیفە گوزەل لەوبارەیەوە وتی: "لە 5ی مارس بەجلوبەرگی نەتەوەیی خۆمان بەرەو مەیدانی پیرۆزبایی بەڕێکەوتین، چونکە ڕەنگی جلەکانمان سەوزو سورو زەرد بوو سەرنجی هەموو ژنانی ڕادەکێشا و لێمان کۆدەبوونەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا بچینە ناو پیرۆزباییەکە، نەیانهێشت جەژنی خۆمان پیرۆز بکەین، ئەو ڕۆژ ڕۆژی ئێمە و هەموو ژنانی ڕەنجدەر بوو، زۆر نیگەران بووین کە نەیانهێشت ئامادەی پیرۆزبایی ببین."

حەنیفە وتیشی: "هەرچیەکیش بکەن دەست لە کەلتووری خۆمان بەرنادەین، ئەمە میراتێکە تا ئێستا بۆمان ماوەتەوە و دەیپارێزین، داوادەکەم کە چیتر مافی ژنان پێشێل نەکرێت، تا بتوانین بە ئازادی جەژن و بۆنەکانمان پیرۆز بکەین."

هەروەها زەریە یۆباش کە بەبیانوی پۆشینی جلی کوردیەوە دەستگیر کرابوو، وتی کەس ناتوانێت بە فشار و هەڕەشەی بەو شێوەیە دوورمانخاتەوە و ناوبراو وتی: "بۆ ئەم ڕۆژە بەتایبەت جلی کوردیمان ئامادەکردبوو، بەڵام ئەو ئەقڵیەتە چاوی بە کەلتوری جلوبەری ژنانیش هەڵنایە، کاتێک ڕێگریان لێکردین پرسیارم کرد کە بۆ ڕێگەمان پێنادەن پۆلیس وتی؛ 'لەبەر ئەوەی جلی سەوز و سور و زەردتان پۆشیوە'، هەربۆیە ئێمەیان بردە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و ماوەی شەش کاتژێر ئێمەیان ڕاگرت."

زەریا لە کۆتایدا جەختیکردەوە کە ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی دەوڵەت توانای بەرگەگرتنی جلوبەرگی نەتەوەیی کوردانیش نەماوە، ئەمە هەروەها کەلتوری دێرینی خۆمانە، دەمانەوێت بەڕەنگی خۆمان بژین.

(ش ب)