"ئەم ساڵ دواین ساڵی داعش و ئەقڵیەتەکەیەتی"
09:48
ئەبیر ئەحمەد/ژنها
حەسەکە- بەرپرسی پەیوەندیەکانی کاروباری دەرەوەی تەڤگەری دیموکراتی لە رۆژئاوا رایگەیاند؛ کە لەو باوەڕەدان ئەم ساڵ کۆتایی بە داعش و ئەقلیەتەکەی دێت لە ناوچەکەدا، چونکە ئیرادەی ئازادیخوازان لە بەرزبوونەوەیە.
سودا خەلۆ، بەرپرسی پەیوەندیەکانی کاروباری دەرەوەی تەڤگەری دیموکراتی(تەڤ-دەم) لە رۆژئاوای کوردستان سەبارەت شەشەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی سوریا و دۆخی ئێستای ناوچەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند: " گەلانی سوریا لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی زۆر گەورە بوونەوە، زۆر دەوڵەت بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا دەستیان لە پشت ئەو کۆمەڵکوژیانە هەبوو، چونکە یەکەمین دەوڵەت کە لە هەموو ڕووێکەوە بەبەرچاوی هەموو جیهان ڕاستەوخۆ هاوکاری داعش دەکات، بەتایبەت لە هاوکاری کردنی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچە کوردیەکان تورکیا هیچ بێ مەرج کاری کردوە."
سودا خەلۆ سەرنجی ڕاکێشایە سەرڕۆڵ و تیکۆشانی کوردان لە ڕۆژئاوا و وتی: "گەلی کورد خاوەن زۆرترین قوربانیە لە پاراستنی ئەم خاکەدا، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ئاستی بەرخۆدانی بەرەو پێش دەچێت و سەرکەوتنی گەورەتر تۆماردەکرێت، نمونەی هەرەبەرچاویش هێرشەکانی ئەم دواییەن بۆ سەر گرێ سپی و گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب، ئەگەر بەرخۆدانی ڕۆژئاوا نەبوایە دۆخی سوریا لەوەش خراپتر دەبوو، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان دوژمنان شکستیان هێنا."
ناوبراو وتیشی: "شۆڕشی رۆژئاوا وەک شۆڕشێکی ژنان بە جیهان ناسرا، چونکە زۆربەی ئەو هێرشانە لە بەرامبەر ئیرادەی ئازادی ژنان پێکدەهێنران ، چونکە ڕۆڵی ژن لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی دوور لە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری گرنگی خۆی هەیە."
سودا خەلۆ، بەرپرسی پەیوەندیەکانی کاروباری دەرەوەی تەڤگەری دیموکراتی(تەڤ-دەم) لە رۆژئاوای کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رۆژئاوای کوردستان بۆتە نمونەی پێکەوە ژیانی گەلان و لەکۆتایشدا وتی: "هێزی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) نمونەیەکە بۆ گەلانی سوریا تا بوانن شانبەشانی یەکتر پارێزگاری لەم خاکە بکەن. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم ساڵ کۆتایی بە داعش و ئەقلیەتەکەی دێت لە ناوچەکەدا، چونکە ئیرادەی دڵی ئازادیخوازان لە بەرزبوونەوەیە."
(ش ب)