باشوری سودان؛ لە شەش مانگدا ١٣٠٠ حاڵەتی دەستدرێژی تۆمارکراوە

08:01

ژنها

ناوەندی هەواڵ- رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە رێژەی زۆری کوژرانی به‌رهه‌ڵستكارانی‌ حكومه‌ت لە وڵاتی باشووری‌ سودان گرت و ئاماژەی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ مافی دەستدرێژی سیکسی بۆ سەر ژنانی ئەو وڵاتە دراوه‌ته‌ سه‌ربازه‌كان لەبری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مووچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت.

ئۆفیسی مافی مرۆڤی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ هەینی، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و وڵاتی باشووری سودانی بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لەرێگای دەستدرێژی و تاڵان و کوشت و بڕی هاوڵاتیانی لە ساڵی ٢٠١٥ تاوانبار کردووە.

ماڵپەڕی رۆیتەرز دەقی ئەو راپۆرتەی بڵاوکردووەتەوە کە لەبەشێکیدا هاتووە " ئەو هاوڵاتیانەی کە گومانی ئەوە دەکرێت پشتگیری دژبەرانی حکومەت دەکەن، تەنانەت منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، یان بە زیندووی سووتێندراون ، یان لەنێو کانتینێردا خنکێندراون ، یان بە داروە هەڵواسراون و یان ئەنجن ئەنجن کراون."

لە راپۆرتەکەدا باس لە لایەنەکانی دیکەی تاوان دژ بە هاوڵاتیانی سوودانی باشوور کراوە و هاتووە کە " بەرزبوونەوەی رێژەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان دەریدەخات کە لەو ئاڵۆزیانەدا، دەستدرێژی بۆ سەر ژنان وەکوو کردەوەیەکی جێگای پەسەند لەلایەن سەربازەکانی لایەنگری حکومەت و چەکدارانی لایەنگری ئەوان، قەبووڵ کراوە.

لەبەشیکی تری‌ راپۆرتەکەدا هاتووە کە سوپا ئەو مافەی بە سەربازەکان و چەکدارەکانی لایەنگری حکومەت داوە کە لە جیاتی مووچەی دواکەوتووی خۆیان دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان. هەروەها رایگەیاندووە؛ لەماوەی مانگەکانی نیسان هەتا ئەیلوولی ٢٠١٥ واتە ٦ مانگ، ١٣٠٠ حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لەو وڵاتەدا تۆمار کراون.

وڵاتی باشووری‌ سودان له‌ ٨ی تەمووزی ٢٠١١ سەربەخۆیی خۆی لە سودان راگەیاند و زۆربەی دانیشتوانەکەی کریستیانن و ئابوورییەکەی لەسەر پیشەی نەوت دەسووڕێت.

(ش ب)