نارین محەمەد: ئاسایشی ژنان هێزی پاراستنی ڕەوایە

08:34

فیدان رێزان/ ژنها

عەفرین- لە کانتۆنی عەفرین ژنان پێشەنگن لە پاراستن، چارەسەری، گۆڕانکاری و بونیادنانەوەی کۆمەڵگەدا و بەرپرسێکی ئاسایشی ژنانیش لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کێشەی ژنانیان چارەسەر کردووە لە کانتۆنی عەفریندا.


نارین محەمەد بەرپرسی بەشی لێپێچینەوە لە ئاسایشی گشتی ژنان لە کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بەکارو خەباتی ئاسایشی ژنان بۆ ئاژانسەکەمان دواو ڕایگەیاند: "لە مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٣دا ئاسایشی ژنان لە کانتۆنی عەفرین ، لە سەربنەمای پاراستنی مافی ژنان لە هەموو بوارێکەوە دامەزرا، بەبێ هیج جیاوازیەک لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە بە باشترین شێوە ئەرکەکانمان ڕادەپەڕێنین، ئێستاش ١٧٠ ئەنداممان لە کانتۆنی عەفرین هەیە کە لە سەرجەم پێکهاتەکانی عەفرین پێکهاتوون."


نارین محەمەد سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو بارودۆخانەی کە ئاسایشی ژنیان تیا دامەزراندووە و ناوبراو وتیشی: "لە هەلومەرجێکی زۆر زەحمەتدا، ئاسایشی ژنان دامەزرا، سەرەتا بەچەند کەس دەستمان بەو کارە کرد، لە ئەنجامی ڕەنجی سێ ساڵدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەیوەندیان کردوە بە ئاسایشی ژنان، ٥٠ ئەنداممان لە ناوەندی کانتۆنی عەفرین هەیە، هەروەها ١٢٠ئەندامیشمان لە دەوروبەری عەفرین پێگەیاندووە، ئێمە لە هەموو ڕوێکی سەربازی، سیاسی، هزری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئەندامەکانمان پێدەگەیەنین."


بەرپرسی بەشی لێپێچینەوە لە ئاسایشی ژنان جەختیشی کردەوە: "ئێمە وەک ئاسایشی ژنان لە چوارچێوەی دەستورری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە کانتۆنی عەفرین دەجوڵێینەوە، بۆ زۆربەی کێشەکانیش پەیوەندی دەکەین بە کۆمین و ئەنجومەنی گوند، گەڕەک و ناوچەکان، چونکە دەمانەوێت کێشەکان بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێن، هەرەوەها ئێمە لە چوارچێوەی بنەماکانی پاراستنی ڕەوا دەجوڵێنەوە، چونکە ئاسایشی ژنان هێزێکی پاراستنی ڕەوایە."


نارین محەمەد بەرپرسی بەشی لێپێچینەوە لە ئاسایشی گشتی ژنان لە کانتۆنی عەفرین، لە کۆتاییدا وتی: "کاری ئێمە پاراستنی ژنان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژنانە لە هەموو بوار و ئاستێکدا، بەتایبەتیش ئەو کێشانەی چارەسەریان دەکەین کۆمەڵایەتین، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کێشەی ژنانمان چارەسەر کردووە لە کانتۆنی عەفریندا."

(ش ب)