گوندەکانی کۆبانێ بەهار بە ڕەنجی ژنانەوە سەوز دەبێت
10:07
زاهیدە ئەحمەد/ژنها
کۆبانێ- لە گوندەکانی کۆبانێ بەهارێکی نوێ بەدەستی ژنانەوە سەوز دەبێتەوە، یەکێک لەو ژنانەی بەدەست وپەنجەی خۆی دوای وێرانکاریەکان ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێت دایە زەینەبە.
ژنانی کانتۆنی کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە هێز و باوەڕی وفیداکاریەکی زۆرەوە لە بەرامبەر فاشزمی داعشی دژە ژن وەستانەوە، ئێستاش پێشەنگی دەکەن لە بونیادنانەوەی ژیانێکی نوێدا. ژنان بەشدارن لە هەموو بەشەکانی ژیان لە جوتیاری بگرە تا بونیادنانی کۆمینی گوند، گەڕەک دەکەن.
زەینەب مامەد موسلیم یەکێکە لەو ژنانەی کە لە نیگاکانیدا خۆڕاگری و بوێری ژنانی کۆبانێ دیارە، دایە زەینەب دەربارەی چۆنێتی کارکانی و سەرلەنوێ نۆژەن کردنەوەی گوندەکەیان بۆ ژنها قسەی کردو ڕایگەیاند کە کە ژیانی گوندنشین خۆشیێکی تایبەتی هەیە، دەبێت نرخی ئەم خاکە بزانین چونکە قوربانی زۆری بۆدراوە.
زەینەب مامەد وتی: "کاتێک لە شەڕی سەختی کۆبانێ بە ناچاری کۆچبەری باکور بووین، منداڵەکانم بەردەوام دەیان وت بابگەڕێینەوە کۆبانێ، کاتێک گەڕاینەوەش بەر لە هەرشتێک پێویست بوو کارێک بکەین تا بژێوی ژیانمانی پێدابین کەین. هەرچەند ئەوکات نەشتەرگەریان بۆ کربووم و نەخۆش بووم، بەڵام دیسان لە شوێن خۆم دانەنیشتم و زەویێکم پڕکرد لە بەروبومی خواردن، لە هەمان کاتدا مەڕوماڵاتمان بەخێوکرد، ئێستاش ژیانێکی خۆشمان هەیەو بەهارێکی خۆش چاوەڕێمان دەکات."
دایە زەینەب ئەوەندە لە ژیانی گوندو کاری کشتوکاڵی حەزدەکات، کاتێک دەچێتە ناو باخەکەی قسە لەگەڵ گوڵ و گیاکانی دەکات، دایە زەینەب وتی: "کاتێک سەوزایی و بێستانەکەم دەبینم هەرچی ئازار و نەخۆشیە بیرم دەچێتەوە، هەر ڕۆژێکمان پڕە لە جوانی و شادی چونکە بەهارێکی خۆش و ئازاد بەڕێوەیە. دەبێت نرخی ئەو موڵکەمان بزانین، چونکە قوربانی زۆری بۆ دراوە، دەبێت بە پاکو خاوێنی ڕایبگرین."
(ش ب)