ئێمەی ژنان پێویستمان بە ئابوری سەربەخۆیە

10:45

ژنها

سلێمانی- نازەنین عەلی ئەو ژنە ڕەنجدەرەیە کە پێی وایە تاکە چارەسەری کێشەی ژنان لە هەرێمی کوردستان نەبونی ئابوریێکی تایبەت بە ژنانە.

بە گوێرەی دواین ئامارەکارە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی لە سەدا پەنجای ژنان بێکارن یان ژنی ماڵەوەن، بەتایبەتیش دوای ئەو قەیرانە ئابوریەی کە ئەمڕۆ بەسەر هەرێم سەپێنراوە، ڕێکخراوەکانی ژنانیش لەوبارەیەوە دووڕوانینیان هەیە بۆ ئەم ئەم دۆخە یەکەمینیان بۆئەوە دەگەڕێننەوە کە کلتوری پیاوسالاری زاڵە بەسەر دەسەڵات و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دابونەریتە کۆنەکان کاریگەری زیاتریان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی و بەتایبەتیش ژنان، هەروەها هۆکارێکیتریش، بۆ ئەو قەیرانە دەگەڕێننەوە کەبەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە لە هەرێمی کوردستاندا، کە بەم هۆیەوە چەندین ژن لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لەشوێنی کار توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

نازەنین عەلی وەک ژنێکی رەنجدەرو چالاک، کە چەندین ساڵە بە دەست وپەنجەی خۆی خۆی و ماڵەکەی بەڕێوەدەبات وبژێوی ژیانی دابین دەکات لەسەر ئەو مژارە بۆ ئاژانسەکامان دواو ڕایگەیاند کە بوونی ئابوریەکی تایبەت بە ژنان تاکە چارەسەری کێشەی ژن لە کۆمەڵگەکەماندا، هەروها وتی: "ژن بۆ خۆی لە دۆخێکی خراپی گوزەران دەژیا دوای ئەو قەیرانە ئابوریەش بەتەواوی ژنان کەوتونەتە نێو گێژاوێکیتر، دەبینین کە ڕۆژا ژنان لە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەی و دەرونی دەبنەوە، بۆیە ئابوریەکی تایبەت بە ژنان و کارکردنی ژنان لە هەموو بەشەکان گرنگە، هەروەها تا ژن ئابوریەکی سەربەخۆی نەبێت، بەردەوام چاوی لە دەستی پیاوان دەبێت."

نازەنین بەمشێوەیەش باسی لە کارەکەی کرد: "ماوەی چەندین ساڵ کاری بەرگدووریم دەکرد دواتریش دەستم بەکاری نەخش کردوە، کارەکەم زۆر وردە هەمووی بە زەنگیانەیە، تایبەت بە ژنان کاردەکەم، ژنان لە هەرشوێنێک هەتا لە خواروو عێراقیش جلەکانیان دەنێرم کە بۆیان بنەخشێنم و کارەکەمیان بەلاوە جوانە، منیش لە دڵەوە کاردەکەم و ڕەنجێکی زۆری بۆ دەدەم."

نازەنین عەلی لە کۆتاییدا هیوای خواست کە هەموو ژنان بتوانن بە دەست وپەنجەی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن وتی: "ئەگەر هەموو ژنێک خاوەن کاری خۆیبێت، ئەوا باکمان نابێت بەو قەیران و نەبوونی موچە، بۆیە هیوادارم کە هەر ژنێک بتوانێت بەدەستی خۆی خۆی بژیێنێت تا ئەو بارودۆخە ئەوەندە کارنەکاتە سەر ژنان."

(ش ب)