"٢٥ ساڵ ڕەنج و ژیانێکی سەرکەوتووم هەیە"

07:42

رابیعە عەتۆ/ژنها

کۆبانێ- خانم مسستەفا یەکێکە لەو ژنە ڕەنجدەرانەی ماوەی ٢٥ ساڵە کاری بەرگدرویی دەکات و بژێوی ژیانی دابین دەکات، ئەو ژنە رەنجدەرە دەڵێت؛ ڕەنج شتێکە مرۆڤ دروستی دەکات بۆیەش دەبێت خاوەنداری لە ڕەنجی خۆمان بکەین و بە هێزی خۆمان باوەڕ بین."

ژنان بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕەنج و خەباتی دەستڕەنگینی خۆی توانیویەتی مێژووی هەبوون و نرخەکانی بپارێزێت، خانم مستەفا سلێمان یەکێکە لەو ژنانەی کە ٢٥ ساڵە بەردەوام کار دەکات و خۆی و خانەوادەکەی بەڕێوەدەبات. لەبەر تێکۆشانی ئەو هەموو ساڵەی ئەم ژنە رەنجدەرە سەردانمان کرد، خانم بەم شێوەیە باسی سەرەتای کاری خۆی کرد: "ئەو کاتەی گەنج بووم تەمەنم بیست ساڵان بوو، دەستم بەم کارەکرد تا ئێستاش بەردەوامم، هەرچەند کارێکی سادەیە بەڵام فێری زۆر شت بووم، کارەکەم حەزدەکەم، بەڵام ئامانجی من زیاتر ئەوەیە کە چاوم لە دەستی کەس نەبێت."


خانم وتیشی: "هەرجۆرە جلوبەرگێک دەدورم، هی منداڵ، گەورە، ژنان و ...هتد، کارەکەم سەرنجی دەوروبەری بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، منیش دەمەوێت دڵی هەرکەس ڕازی بکەم، هەتا ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک هاوسەرەکەشم یارمەتیم دەدات، کارێکی باش دەکەم رەنجیشم بەبا ناڕوات 'چی دەچێنم ئەو دەدورمەوە'، دەبێت ژنان باوەریان بەکارەکانیان هەبێت، دەبێت، چونکە ئێمە هەرشتێک یش دەتوانین بکەین کە پیاوانیش ناتوانن."

(ش ب)