نیپال؛ دووەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان دەستی پێکرد
07:44
ژنها
کاتماندۆ- دووەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان بە بەشداری هەزاران ژن لە شاری کاتماندۆ بە ڕیپێوانێک دەستی پێکرد.
دوێنێ شەمە ١٣-٣-٢٠١٦ کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە شاری کاتماندۆی پایتەختی وڵاتی نیپال، دووەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان، بە بەشداری هەزاران ژن لە هەموو وڵاتانی جیهان بە ڕێپێوانێک دەستی پێکرد. کۆنفرانسی ژنانی جیهان بە ئامادەبوونی، ١٥٠٠ ژن، لە هەموو وڵاتانی جیهان، لە ١٣-١٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ژنانی کوردیش لەم کۆنفرانسە جیهانیەدا شوێنێکی تایبەتیان هەیە، نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا ئامادەی کۆنفرانسەکەبوون، هاوکات ڕەنگین ڕوفین خەلەف فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە سەر ناوی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووە.
کۆنفرانسی ژنانی جیهان لە هۆڵی ئەکادیمیای کاتموندۆی نیپال، بە نوسینی ناوی ئەندامەکان دەستی پێکرد.
وتەی کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن ئەنساری گارلی وتەبێژی پەڕلەمانی نیپال پێشکەش کرا، ئەنساری لە وتەکانیدا وتی: " ئەم کۆنفرانسە هێز دەدات بە سەرجەم ژنانی جیهان، لە دژی نەژادپەرستی، رەگەزپەرستی و گلۆبالیزم پێویستیمان بە بزوتنەوەیەک گەورەی ژنان هەیە." ناوبراو وتیشی: "لە پەرلەمانی نیپال خەباتێکی ڕێکوپێک بەڕێوەدەچێت بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە ناو کۆمەڵەگەدا، ئەمەش پێشکەوتنی نوێی لەگەڵ خۆی هێناوەتە ئاراوە، بەڕادەیەک کاریگەری کردوە کاتێک ژنان لە نیپال منداڵی کچیان دەبێت وەک شەرەفێک دەیبینن."
دوای وتەی دەستپێکردنی کۆنفرانس بڕیارە ئەمڕۆ واتا ١٤ی مارس یەکەم دانیشتنی کۆنفرانس دەستپێبکات، سەرجەم کاتی کۆنفرانسەکە دیارکراوە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر"ژن و قەیرانی ئابوری، رەگەزپەرستی و دەستگرتنی جەستەی ژنان و تێکۆشانی ژنان لەسەرتاسەری جیهان" هەروەها گفتوگۆ دەکرێت لە سەر بارودۆخی ژنان لە ناو شەڕ، کۆچبەری قەیران، برسیەتی و ...هتد.
(ش ب)