دوای ٢٧ ساڵ هێشتا برینەکانی هەڵەبجە ساڕێژ نەکراون

09:45


ژنها

هەڵەبجە- ٢٧ ساڵ سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت، لە ڕۆژێکی وەک و ئەمڕۆدا، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، لە ساڵیادی ئەم کارەساتەدا، ئەو ژنانەی بوونەتە شایەدحاڵی ئەو ڕۆژە کە قەت لەبیریان ناچێتەوە، بۆ ئاژنسەکەمان دوان و باسیان لە ساتەوەختی کارەساتەکە کرد.

"کەس باوەشی بۆ نەکردینەوە"
دایە خەورە یەکێکە لەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی و دەردەسەری بۆتەوە و بەم شێوەیە باسی سەرەتای کارەساتەکەی بۆکردین: "پێش ئەوەی فڕۆکە لێیبدات هەموومان لە ماڵ بووین ئاگامان لە هیچ نەبوو تەنها ئەوانەی کە خزم و کەسیان پێشمەرگە بوون دەیانزانی کە بەیانی هێرش دەکرێتە سەر هەڵەبجە. بەیانی بینیمان کە هەرچی سەربازە ڕادەکات، دواتر فڕۆکە لێیدا، دوای ئەوەی لە دوورەوە سەیری شارمان دەکرد وەک بڵێی پەلکەزێڕنە لە سەر شار دەرکەوتبێت ئاسامانی هەڵەبجە بە ڕەگی سور و زەرد داپۆشرابوو."

دایە خەورە باسیشی لە تراژیدیاکانی دوای کیمیاباران کرد و وتی: "دوای ئەوەی لە شار دوورکەوتینەوە و بەرەو سنوری ڕۆژهەڵات، لە ڕێگەدا ئەوەی تینوە ئەوەی برسیە، ئەوەی کەسوکاری نەماوە ئەوەی منداڵەکانی لێ ون بوو و بەهەزاران ڕووداوی لەم جۆرەمان بینی، پاشان پاسدار ئێمەیان ڕەوانەی بالە کرد لە ڕۆژهەڵات، لەوێش مامەڵەی زیندانیان لە گەڵ دەکردین، وەک ڕەهینە دوو رۆژ ئێمەیان لە خستە خوێندنگە و رێگەیان پێنەداین کەدەرکەوین."

دایە خەورە باسی ئەو زەحمەتیانەشی کرد کە دوای گەڕانەوەیان بینیویە و ناوبراو وتیشی: "کاتێک دوای شەش مانگ لە ڕۆژهەڵات گەڕاینەوە،لە سلێمانی ئێمەیان خستە گرتوخانە بەماڵ و منداڵەوە، ئێمە چەند ماڵێک بووین ئەوەی لە هەڵەبجەش ڕزگاری بوو لەوێ تیاچوو، ماوەی چەند ڕۆژ هیچ نان و ئاویان نەداین، دواتر چووین بۆ هەولێر وکەس باوەشی بۆندەکردینەوە، ئێستاش لە ماڵ خۆمانین لە هەڵەبجە."

دایەخەورە لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو کە لە سەرەتای هاتووینەتەوە تا ئێستا هیچ کەس لێی نەپرسیوین و هیچ هاوکاریەکیشیان نەکراوە و برینەکانی هەڵەبجەش بە ساڕێژ نەکراوی ماونەتەوە.

"نابێت خوێنی شەهیدان بە زایە بڕوات"
هەر لە بۆ ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە دایە لاولاو کە خۆی شایەتی ساتی کیمیابارانی هەڵەبجەیە وتی: "سەرەتا وتیان ماوەی چەند ڕۆژێک لە شاری هەڵەبجە شەڕێک ڕوودەدات، ئێمەش وتمان هەر شوێ شەڕە هەر لێرە دەمێنینەوە، لە ١٣ی مانگ تا ١٦ شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەچوو، لەگەڵ بانگی بەیانی وتیان پێشمەرگە شاری گرتوە، هەرکەس ئەوکات وتی شتێک دەقەومێ چونکە هاتنی پێشمەرگە ئەو کات بەو شێوەیە شتێکی ئاسایی نەبوو، چۆن فڕۆکە دەستی بە لێدان کرد زۆربەمان چووینە ژێرزەمینەکان، ئەوانی هەندێک شارەزاییان هەبوو وتیان مادەی کیمیاوی خۆی بەردەداتە ژێر زەمین و هەموومان دەخنکێین. ئینجا چووین بۆ دەرەوە کاتێک کیمیابارانەکە دەستی پێکرد نیوەی خەڵکەکە لە ناو شار و هەندێکیان لە دەوروبەری شار هەندێکیان لە سەرسنور بوون، بەڵام پێموایە و بەگوێرەی ڕوانینی خۆم دەڵێم لەو پێنج هەزار شەهیدە زیاتر لە سێ هەزار کەسی دەوروبەری هەڵەبجە شەهید بووە،بەتایبەت لە 'عێنە'. ئێمە نزیکەی ٥٠ ماڵ هەبووین تا ماوەیەک لە سەرسنور ماینەوە و نەچوینە ڕۆژهەڵات. چونەک لە هەر شوێن فڕۆکە لێیدەدا، هەتا دوای هەڵەبجە لە سازانیش جارێکیتر چەکی کیمیاوی بەکارهێنا."

دایە لاولاو لە کۆتایشدا وتی: "هیچ کەس ئاگاداری نەکردینەوە بەر لە کیمیاباران، نە پێشمەرگە، نە سوپای ڕژێم و نە پاسدارانیش، لە ئەنامی ئەو کیمیابارانەدا زۆرێک لە خزم و کەسوکاری خۆشم تیا شەهید بووە. من یەک داوام هەیە ئەویش با کارێک بۆ هەڵەبجە بکرێت کە بتوانرێت برینەکانی ساڕێژ بکرێت نەک بکرێتە شوێنی ناکۆکیەکان، تا خوێنی شەهیدانمان بەزایە نەڕوات."

(ش ب)