ژنانی کورد لە کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە نیپال

13:51

ژنها

کاتماندۆ- دووهه‌مین کۆنفرانسیی جیهانی ژنان له‌شاری کاتماندۆ پایته‌ختی وڵاتی نیپال، به‌رده‌وامه‌ و نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کوردیش له‌کۆنفرانسه‌که‌دا به‌شدارن و ژنانی جیهان به‌شداری ئه‌زموونه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن.

دووهه‌مین کۆنفرانسی ژنان که‌ له‌ 13ی ئازار ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردووه‌ دانیشتنه‌کانی به‌رده‌وامه‌ و له‌م کۆنفرانسه‌دا نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد قسه‌یان کرد.

به‌شه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ به‌ نۆ سه‌ردێر به‌رێوه‌ده‌چێت و ژنانی کورد له‌سێ کۆمیسیۆن جێگە ده‌گرن.

سه‌ردێره‌کان وه‌هایه‌:"ئیمپریالیسم، سه‌رمایه‌داری و فشاری دژ به‌ژنان، بزوتنه‌وه‌ی ژنان و ئه‌زمونی رێکخستن و رۆڵی ژنان له‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا، رۆڵی ژنان له‌تێکۆشانی کرێکاران، ژنانی گه‌نج و ئاستی به‌شداریان له‌بزوتنه‌وه‌ی ژنان، بزوتنه‌وه‌کانی ژنان و پاراستنی ژینگه‌، تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی ژنان، توندوتیژی دژ به‌ژنان و شه‌ڕ، ژنان و تێکۆشانی ئه‌وان له‌گۆڕه‌پانه‌کاندا".

له‌به‌شێک له‌کۆنفرانسه‌که‌ له‌ژێر ناوی"بزوتنه‌وه‌ی ژنان و ئه‌زمونی رێکخستنی"، مراڵ چیچه‌ک، نوێنه‌ری رێکخستنی ژنانی کورد که‌ ناوه‌نده‌که‌ی له‌هه‌ولێره‌، قسه‌ی کرد و باسی له‌ مێژوویی رێکخستنی سه‌ربه‌خۆی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ژنانی کوردی کرد.

هه‌روه‌ها، چیچه‌ک، باسی له ‌ره‌وتی تێکۆشانه‌کان به‌درێژایی مێژوو کرد و سیاسه‌ته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کوردی شرۆڤه‌ کرد.

ناوبرا، له‌شرۆڤەیەکی به‌رفراواندا له‌سه‌ر فۆرمه‌کانی رێکخستن قسه‌ی کرد و رایگه‌یاند: پێگه‌ و ئاستی رێکخستن راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌و به‌شه‌ی کۆنفرانسه‌که‌دا، ئوزله‌م یاساک، ئه‌ندامی کۆنگره‌ی ژنانی ئازادیش، باسی له‌ به‌رخۆدان بۆ خۆبه‌رێوه‌به‌ری له‌باکوری کوردستان و پێشه‌نگایه‌تی ژنان له‌م به‌رخۆدانانه‌دا کرد.

یاساک، به‌خستنه‌ڕووی ئامارێک، ئاستی کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک دژ به‌گه‌لی کورد نیشاندا و باسی له‌سیسته‌می کۆنفدرالیسمی دیموکراتیکی کرد.

له‌م به‌شه‌دا که‌ به‌تایبه‌تی ژنان به‌دواداچوونیان بۆ کرد، ژوان سالوادور، ئه‌ندامی رێکخستنی گابریلای فلیپینی قسه‌ی کرد و باسی له‌بارودۆخی ژنانی وڵاته‌که‌ی کرد و ئه‌زمونه‌کانی خۆیانی باسکرد.
به‌شێکی تری کۆنفرانسه‌که‌، به‌شێک بوو له‌سه‌رناوی"تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنان و رۆڵی ژنان له‌تێکۆشانی به‌رخۆدانیدا و ڕەنگین خەلەف نوێنه‌ری یه‌کینه‌کانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه‌)، له‌سه‌ری ئاخاوت.

ناوبرا، له‌چوارچێوه‌ی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌رۆڵی ژنان له‌شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی نوێ کرد، وه‌ شۆڕشی رۆژئاوای به‌ شۆڕشی ژن ناوبرد و راشیگه‌یاند: هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م شۆڕشه‌ ته‌نیا وه‌کو شۆڕشێکی چه‌کداری به‌ناو بکرێت.

خالده‌ ناماد، وتیشی: ژنان له‌هه‌موو گۆڕه‌پانه‌کانی ژیان و تێکۆشان له‌رۆژئاوای کوردستان خاوه‌ن به‌رپرسیاریه‌تین و رێکخستنی ژنانیش له‌ژێر چه‌تری کۆنگره‌ی ستاردا پێکدێت.

له‌به‌شێکی تری کۆنفرانسه‌که‌دا که‌ له‌لایه‌ن (هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ژنان)ه‌وه‌ به‌رێوه‌چوو، سوڵتان شه‌فه‌ق، ئه‌ندامی کۆنگره‌ی ژنانی ئازاد قسه‌ی کرد و باسی بارودۆخی سیاسی باکوری کوردستان، شه‌ڕی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاکه‌په‌ و تورک و به‌رخۆدانی خۆبه‌رێوه‌به‌ری کورده‌کانی کرد و باسی له‌ پاراستنی جه‌وهه‌ری کرد و وتی: پاراستنی جه‌وهه‌ری بۆ بزوتنه‌وه‌ی ژنانی کورد ته‌نیا به‌تێکۆشانی چه‌کداریه‌وه‌ سنوردار نامێنێت، تێگه‌یشتن له‌ناسنامه‌ی خۆشی به‌شێکه‌ له‌پاراستنی جه‌وهه‌ری.

گروپێکی تر له‌ژنانی کورد له‌به‌شێکی تری کۆنفرانسه‌که‌ به‌سه‌ردێری"تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی ژنان"، ئاماده‌ بوون.

سونگول تالای، ئه‌ندامی ناوه‌ندی ئاشتی ژنانی کورد که‌ ناوه‌نده‌که‌ی له‌ئه‌ڵمانیایه‌، قسه‌ی کرد و باسی له‌تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی ژنانی کوردی کرد به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر زانستی ژنان و ژنۆلۆژی ئاخاوت، که‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ژنانی کورده‌وه‌ پێشخراوه‌.

ناوبراو، ئایدیۆلۆژی رزگاری ژنانی له‌پێنج پر‌ه‌نسیبدا کورتکرده‌وه‌ و کاریگه‌ری تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا به‌نمونه‌ زانستیه‌کان خسته‌ به‌رچاو.

هه‌ر له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی کۆنفرانسه‌که‌، روحشا شیخور و خالدە نیعمەت، ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی رۆژئاوای کوردستان و کۆنگره‌ی ستار قسه‌ ده‌که‌ن.

به‌ده‌ر له‌به‌شه‌ فه‌رمیه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌، چه‌ندین گروپی شانده‌کانی ژنان له‌نێوان کۆنفرانسه‌که‌ سه‌رقاڵی گۆڕینه‌وه‌ی را و بیروبۆچوونن.

ئه‌نجامه‌کانی گفتوگۆکانی کۆنفرانسه‌که‌ش‌ له‌رۆژانی دوایی واتا رۆژی 18ی ئازار راده‌ستی کۆنفرانسه‌که‌ ده‌کرێت و له‌ ئه‌نجامنامه‌ی کۆنفرانسه‌که‌شدا باسیان لێوه‌ده‌کرێت.

جێگای ئاماژه‌یه‌، رۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنج شه‌ممه‌ش به‌به‌شداری نوێنه‌رانی وڵاتان دانیشتنی کۆنفرانسه‌که‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت. ژنانی کوردستان له‌کۆنفرانسی جیهانی ژنان خاوه‌ن رۆڵی تایبه‌ت و گرنگن، له‌م دانیشتنه‌دا سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی ژنانی جیهان، رێکخستن، تێکۆشان قسه‌ ده‌کرێت و ئه‌نجومه‌نی گشتی کۆنفرانسی ژنان به‌رزترین شوێنی بڕیاردا.

(ش ب)