ژنانی ئێزیدی لە هەرشوێنێک دەبنە قوربانی ئەقڵیەتی ژنکوژ
14:25
ژنها
ناوەندی- هەواڵ- زۆرن لەو ژنانە ئێزیدیانەی دوای کۆمەڵکوژی شەنگال لە ژێر ناوی ناموس و پاساوی جۆربەجۆر کوژران، شیلان یەکێکە لەو کچانەی لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بێ هۆ بووە قوربانی ئەقڵیەتی ژنکوژ.
شیلان نوعمان بەسۆ لە شەوی 13/3/2016 لە وڵاتی ئەڵمانیا لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە کوژرا، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە بۆ ژنها پشراست کراونەتەوە، شیلان نوعمان بەسۆ تەمەنی 22ساڵەو خوێندكاری كۆلێژی ئەندازیاریە لەئەڵمانیا، شیلان ساڵی ڕابردوو لەئامۆزایەكی مارەكراوە، بەڵام قایل نەبووە بەومارەكردنەو پاش ماوەیەك ئامۆزاكەی ئاگادار كردەوە كەشوی پێناكات، شیلان و خوشكەكانی لە شەوی 13/3/2016 بەشداری ئاهەنگێكی خێزانی دەكەن لەوێدا ئامۆزاكەی كەدەستگیرانی بووە و ناوی سەفینە بە سێ فیشەك كوشتویەتی.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا بەسەدان ژنی ئێزیدی لە دەست داعش دانەو چاوەڕوانی ئازادیان دەکەن، زۆربەی لەو ژنانی کە لە دەستی داعشیش ڕزگار دەکرێن، لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکاندا ڕەوانەی ووڵاتانی ئەوروپا دەکرێن، گوایە بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان رەوانە دەکرێن، بەڵام وەک دەبینین، ڕۆژانە هەواڵی کوژرانی ژنانی ئێزیدی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبیسین.
(ش ب)