"ڕێگری لە پارێزگاری سلێمانی هەمان سیاسەتی ئاکەپەیە"
16:08
ژنها
ناوەندی هەواڵ- عایشە ئەفەندی، سەبارەت بە ڕێگری کردن لە پارێزگاری سلێمانی لەلایەن پارتیەوە ڕایگەیاند کە ئەم کارەی پارتی دەیکات هاوکاریکردنی سیاسەتی ئەردۆغانە دژ بە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری شاری سلێمانی ویستی لە ڕێگەی سێمالکاوە بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێزەکانی پارتی ڕێگەیان بە پارێزگاری سلێمانی نەدا و گەڕاندیانەوە.
عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک ناسراو بە (تەڤدەم) لە کانتۆنی کۆبانێ، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دوا و ڕایگەیاند: "هاتنی ئەو پەیکەرە لەمڕۆژەدا کەباسی کۆبونەوەی جنێڤ سێ لەئارادایە بۆ ئێمە جنێڤی کوردانە کە سەمبوڵی سەرکەوتن و بەرخۆدانە، سەمبوڵی ژنی کوردی یەپەژەیە کە ئێمەی گەیاندە ئەم ڕۆژە، ئێمە زۆر سوپاسی خەڵکی باشووری کوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی و پارێزگاری بەڕێز دکتۆر ئاسۆ و پەیکەساز زیرەک میرە دەکەین کە ئەو پەیکەرەیان گەیاندە ئێرە، پێیان دەڵێن ئەمڕۆ کۆبانێ تەنها هی کۆبانیەکان نیە بەڵکو موڵکی هەرچوارپارچەی کوردستانە لەبەر ئەوەی خوێنی هەموو کوردێکی تێدا ڕژاوە".
ئەفەندی لەسەر ڕێگریەکان لە پارێزگاری سلێمانی لەلایەن پارتیەوە وتی:" ئەم ڕێگریانەی پارتی بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان یەکەمجارنیە و دواین جاریش نابێت، ئەوە زیاتر لە هەشت مانگە پێداویستی ئاواکردنەوەی کۆبانێ لەسنوری سەمێڵکا لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەرداگیراوە ڕێگادانە بێتە کۆبانێ، بەڕێز پارێزگار خۆی لەئێمە باشتر دەزانێت کەبۆچی برادەرانی پارتی ڕێگە نادەن بێتە ڕۆژئاوا، ئێمەش دەزانین ئەوە سیاسەتی هەموو برایانمان نیە لەباشووری کوردستان، بەڵکو سیاسەتی ئاکەپەیە دژ بەکۆبانێ کەمەخابن برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاری دەکەن، ئەوەش بۆ ئێمە نامۆ نیە، هەرلەسەرەتاوە ئەوان دەستیان لە ڕشتنی خوێنی کوردان هەبووە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان".
عایشە ئەفەندی وتی: بەڕێز دکتۆر ئاسۆ بۆ ئێمە کەسێکی پڕمانایە و لەسیاسەت تێدەگات، ئێمەش لەپەیامی هاتنی ئەو بۆ کۆبانێ و ڕۆژئاوا تێدەگەین، بەڵام بەداخەوە برادەرانی پارتی سیاسەتێکی چەوت بەرامبەر ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبەن و پشتیوانی سیاسەتی چەپەڵەی ئەردۆغان دەکەن، دەبێت باش بزانن ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئەردۆغان لەسەر ڕۆژئاوا بەڕێوەی دەبات و هەموو داعشەکانیان دژی ئێمە کردە یەک سبەینێ هەمان شت بەسەر باشووری کوردستانیش دێنێت، بۆیە ئەو سیاسەتی ئەوان بەڕێوەی دەبەن سیاسەتێکی هەڵەیە.
(ش ب)