پەیکەری بەرخۆدان سڵاوی لە کۆبانێ کرد
19:24
ژنها
کۆبانێ- پەیکەری ئارین میرکان کە وەک پەیکەری بەرخۆدانی ژنانی ئازاد ناسراوە،ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ بە ڕێوڕەسمێکی بەشكۆ لە کۆبانێ دانرا.
پەیکەری بەرخۆدان کە لە سەردەستی پەیکەرتاشی بەتوانا زیرەک میرە، لەشاری سلێمانی دروست کرابوو، لە ١٠-ی ئەم مانگەش گەیشتبووە کانتۆنی کۆبانێ-ی رۆژئاوانی کوردستان، پەیکەری بەخۆدان دوێنێ دوای نیوەڕۆ بە بەشداری سەدان هاوڵاتی کۆبانێ، ژمارەیەک زۆر لە ڕێکخراوی مەدەنی، پارتی سیاسی، نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەریەکان و شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە، بە مەراسیمێکدا لە کۆبانێ دانرا.
سەرەتا بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی ڕێز لە هەموو شەهیدانی ئازادی و بەرخۆدانی کۆبانێ نرا، دوای ڕێوڕەسمی شەرڤانان، زیرەک میرە پەیکەرتاش زیرەک میرە وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە ئەو پەیکەرە دیاریە بۆ ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
دواتر ڕەحیمە کۆبانێ فەرماندەی یەپەژە و بەناوی یەپەژە و یەپەگە قسەی کرد کە ئەو پەیکەرە هاتۆتە شاری شەهیدان، ئەوانیش وەک یەپەژە و یەپەگە پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد دەکەن،رەحیمە وتی: "ئەو پەیکەرە وەک گیانێکی نەتەوەی و ئازادیە بۆ ئێمە."
دواتر ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانێ، وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: "سەرکەوتنی کۆبانێ بە ئیرادەی گەلی کورد بوو، بۆیەش ئێستا پەیکەری بەرخۆدان لە سلێمانی هاتووە بۆ کۆبانێ." ئەنوەر موسلیم پەیکەری بەرخۆدانی کردە دیاری بۆ شەهیدانی هەرچوارپارچەی کوردستان، ناوبراو وتیشی: "ئەم پەیکەرە پێشکەشە بەشەهیدان گەنجۆ، گیڤارا و دەستینا کە لە باشوری کوردستان هاتن و لە کۆبانێ شەهید بوون، ئەوە نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە هێشتا گیانی نەتەوەیی گەلی کورد زیندووە."
دواتریش لەلایەن فەرماندەی یەپەژە و هاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانێ دیاری پێشکەش بە زیرەک میرە و پارێزگاری سلێمانی بەخشرا.
ڕێورەسم بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی تاماوەیەک بەردەوام بوو.
(ش ب)