کەمتەرخەمی حکومەت کێلی شەهیدانی هەڵەبجە ڕەش پۆش دەکات

07:47

ژنها

ناوەندی هەواڵ- بۆ ٢٨مین ساڵیادى تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجە، بە چالاکى جۆراوجۆر کەسوکارى شەهیدان و بەرپرسانى شارەکە ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت، لەبەرامبەر بە خراپی هاوڵاتیانی شارەکە و دۆخی بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەش مەزاری شەهیدان ڕەشپۆش دەکرێت.

ئێوارەى دوێنێ ١٥-٢٠١٥ لەمەراسیمێکى شایستەدا کێلى ناوى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە، بەناوى کامیل عەبدولقادر وەک سومبولێکی زیندوو بۆ قوربانیانى هەڵەبجە ڕەش پۆش کرا .

لەو بارەیەوە حەسەن موراد مامۆستاى شێوەکار و یەکێک لە کەسوکارى شەهید و داڕێژەرى ئەم بیرۆکەیە ڕایگەیاندوە : "هەر کارێکى هونەرى پەیامێکى هەیە، پەیامى هونەرەکەى منیش ئەوەیە کە وەک ڕێزگرتنێک و ئاگادارییەک بەگوێى حکومەت لەبەرامبەر کەمتەرخەمییەکانى سەبارەت بە کێشە و ناڕاحەیتییەکانى یەکێک لە بەرکەوتوانى چەکى کیمیایى بەناوى کامیل عەبدولقادر کە لە ئێستادا 93٪ سییەکانى لەدەستدا و لە سەختترین و ناخۆشترین حاڵەتدا ژیان بەسەر دەبات و بووەتە سومبولى بەرکەوتووانى چەکى کیمیایى هەڵەبجە" .

لەمەراسیمەکەدا 1076 ناو لەسەر پارچە قوماشێکى ڕەش دانران بەسەر 1076 کێل کە ناوى سەرجەم شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجەى لەسەر نووسراوە ، کە ئەمەش جێگەى پرسیارە بۆ بەرپرسانى حکومەت کە ئێمە هێشتا بەرکەوتوانى چەکى کیمیاییمان هەیە و ساڵانە بەهۆى کەمتەرخەمییەکانى حکومەتەوە شەهید دەبن و زۆربەیان ژیانیان لە مەترسیدایە.

(ش ب)