تەنیا یەکێتی نەتەوەیی زامەکانی هەڵەەبجە تیمار بکات
10:27
ژیندا ئازاد/ژنها
ناوەندی هەواڵ- بەرپرسی ئاسایشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەم کارەساتە دووبارە نەبێتەوە، پێویست بەیەکێتی نەتەوەیی هەیە.
ئەمڕۆ ٢٨مین ساڵڕۆژ کارەساتی هەڵەبجەیە، هەرساڵ بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەم کارەساتە دەکرێتەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە چەندین جۆر چالاکی جۆراو جۆر شەهیدانی هەڵەبجە بەبیردێنرێنەوە، بۆ ئە ڕۆژە خەمناکە ژنانیش خاوەن هەڵوێستی خۆیانن، لەوبارەیەوە فیدان ئەحمەد بەرپرسی ئاسایشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند کە ١٦ی ئازار یەکێکە لە ڕۆژە ڕەشەکانی مێژووی کوردان و وتی: "لە مێژووی کوردان دا زۆر ڕۆژ هەن کە وەک ڕۆژی ڕەش دەناسرێن، یان زۆر ڕۆژی کوردان تاریک کراون. ڕژێمی بەعسی ڕووخاویش لە هەلومەرجی سیاسی ئەو کات هەلێکی قۆستەوە و شارێکی کۆمەڵکوژ کرد."
فیدان ئەحمەد ڕایگەیاند: "تا کوردان لە نێو خۆیاندا یەکێتیەکی بەهێز دروست نەکەن ناتوانین بیر لە دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی بەم شێوەیە بکەینەوە، چونکە ئێمەی کورد ئێستاش بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕین، هەر ساتێک ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کاراساتانە هەیە، بۆیە دەبێت بەیەک بوونی ڕۆحی نەتەوەیی و داهاتووی کوردستانێکی ئازاد زامن بکەین، چونکە تەنیا یەکێتی نەتەوەییە کە زامەکانی هەڵەبجە تیمار بکات."
فیدان ئەحمەد بەرپرسی ئاسایشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆتاییدا وتی: "ئەمڕۆ لە شێخ مەقسود، جزیرە و چەندین ناوچەیتر کوردان کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئەمەش هەمان بەردەوامی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفالە، بێدەنگی ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژیە مایەی شەرمەزاریە، دەبێت هەرچی زووە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بگیرێت."
(ش ب)