لە ساڵیادی هەڵەبجەدا دوو ونبوو بەکەسوکاریان شادکرانەوە
10:57
ژنها
هەڵەبجە- ئەمڕۆ 16/3 یادی کیمیابارانی هەڵەبەجە 28 ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەو هۆیەوە لە مەزاری شەهیدانی ئەو شارە یادە مەزنەکە دەکرێتەوەو تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دانرا. لە مەراسیمەکەدا ناسنامەی دوو ونبووی کارەساتەکە ئاشکرا کران.
بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و عیراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی باڵیۆزخانەکانی هەرێم و عیراق، ئەو یادە مەزنە بەرز راگیرا و سەرەتاش بە پێشکەشکردنی چەند چالاکییەکی هونەری یادەکە کرایەوە.
لە مەراسیمی ٢٨ ساڵەی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ناسنامەی دوو ونبووی کارەساتەکە ئاشکراکران و بە کەسوکاریان شادکرانەوە. یەکێک لە ونبووەکان کە ناوی بارزان محەممەد باقر بووە و تەمەن 28 ساڵە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە،کاتێک ونبووە تەمەنی یەکساڵ بووە، ئەنجامی پشکنینەکانی بەرێژەی 99.46 لە پووریەوە نزیکبووە و ناوی ئالان تۆفیق حەمە عەلییە. وەک لەلایەن بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە ئالان تۆفیق حەمە عەلی کەسوکاری نزیکی لە ژیاندا نەماون و تەنیا مام و پوور و ئامۆزاکانی ماون.
ئەعزەم مووساییان یەکێکی دیکە بوو لە ونبووەکانی هەڵەبجە کە لە ئێران دەژیا و دوای پشکنینی DNA دەرکەوت کە ناوی چیایە و وەک پیشتر بڵاوکرابووەوە تەنیا خوشکێکی لە هەڵەبجە ماوە کە ناوی چرۆیە.
هەروەها لەو مەراسیمەدا رووفاتی دوو شەهیدی ئەو کارەساتە هێنرانەوەو لە خاکی هەڵەبجە دەنێژرێن.
(ش ب)