عایشە ئەفەندی: خیانەتی ئەنەکەسە بەبەڵگە سەلمێنراوە

07:54

رابیعە عەتۆ/ژنها


کۆبانێ- عایشە ئەفەندی سەبارەت بە هاوکاری هەندێک لە پارتیە کوردیەکان بە چەتەکانی داعش، هەروەها سەبارەت بە لێدوانی ئەنەکەسە و چەواشەکاریەکانی بەرخۆدانی حەلەب، ڕایگەیاند؛ کە هەرهێزێک ناتوانێت بەرگری لەگەلەکەی بکات و یەپەگە و یەپەژە قەڵغانی پاراستنی گەلن.

عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە کانتۆنی کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بەو لێدوانانەکانی ئەم دواییانەی ئەنەکەسە و چەواشەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هەروها سەبارەت بە بەشداری کردنی پارتیە کوردیەکان لە هێرشەکانی سەر گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و بۆ سەر شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ژنهای دایەوە.

عایشە ئەفەندی سەرەتا سەرنجی ڕاکێشایە سەر پرۆسەی ئاگربەستی سوریا و وتی: "ئەم ئاگربەستە بۆ وەستانی شەڕە لە سەرتاسەری سوریا، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئاگر بەست پشتگوێ خراوە و یاساکانی ئاگربەست پێشێلکراون. لە ڕاستی ئاگر بەستێک بۆ کوردان جێگای باس نیە، چونکە لە شیخ مەقسود چەتەکان بەبەردەوامی هێرش دەکەن، لەلایەکیترەوە دەوڵەتی تورک تۆپبارانی گوندەکانی عەفرین دەکات، هاوکات لە گرێ سپی کۆمەڵکوژیەک پیکهات، لە شێخ مەقسود تا ئەم چرکەساتانەش تەرمی بەدەیان هاوڵاتی لە ژێر خانوە ڕووخاوەکاندان."

"خیانەتی ئەنەکەسە بە بەڵگەوە سەلمێندراوە"

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل ئاماژەی بە لێدوانەکەی ئەنەکەسەش کرد و ڕایگەیاند: "یەپەگە و یەپەژە ڕۆڵەی گەلەکەمانن، قەڵغانی بەرگریکردنی ئەم گەلەن، بۆیە منیش دەڵێم ئەم لێدوانانەی ئەنەکەسە، بە مەبەستی چەواشاکردنی بەرخۆدانی بێوێنەی شەرڤانانە. ئەنەکەسە بە ئاشکرایی چووە پاڵ بەرەی دژی کوردان وەک؛ جەبهەلنوسرە و ئەحرار شام و شەڕی بەرامبەر بە گەلی کورد ڕاگەیاندوە، بەڵام دەبێت هەرکەس ئەوە باش بزانێت کە ئەو لێدوانانەی ئەنەکەسە، دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکیان ڕاسستینەیان نیە، ئەوەش جۆرێکە لە شەڕی بەرامبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کەسێتی شەرڤاناندا."

عایشە ئەفەندی چەند بەڵگەیەکی خیانەتی ئەنەکەسەی خستە ڕوو و جەختیشی کردەوە: "بەو بەڵگانەی لە گرێ سپی، تل حاسل و تل عەران دەست شەرڤانان کەوتوون، ئەوە دەیسەلمێنین کە ئەنەکەسە دەستی بەخوێنی ڕۆڵەکانی کورد سور کردوە، بەتایبەتیش هاتنی هێزی چەتەکان بۆ سەر کۆبانێ و پەڕاندنەوەی چەتەکان لە دەرگەی سنوری گرێ سپی لە سەر دەستی ئەوان پێکهات کە خیانێتێکە و هەرگیز لە بیر ناکرێت، بۆیە ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئەنەکەسە ڕێکخسنێکی کوردیە، چونکە ئەو کردارانەی ئەنجامیان دەدات،دوورن لە ڕاستینەی کوردایەتی."


"ئەنەکەسە یاری بە چارەنوسی گەلی کورد دەکات"

عایشە ئەفەندی دووپاتی کردەوە: " هەرچەند سیاسەتی ئەنەکەسە هەرلەسەرەتاوە سەرکەوتوو نەبووە، بەتایبەت ئێستا سیاسەتی ئەنەکەسە لە ناوچەکە شکستی هێناوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی پارتی لە باشوری کوردستان، بۆ ئەوەی دژایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان پێبکەن، بە هەر جۆرە هاوکاریەک ئەوانیان بەکارهێناوە. ئێستاش بەو سیاسەتە چەوت و چەپەڵەی بەڕێوەی دەبەن یاری بە چارەنوسی گەلی کورد دەکەن، بەڵام وەک دەڵێن 'پەت لە کوێ باریک بێت لەوێ دەپچڕێت'، پەتی 'ئەنەکەسە'ش لای کوردان باریک بووە."

عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە کانتۆنی کۆبانێ لە کۆتایی وتەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا سنور لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا نەماون، ناوبراو وتیشی: " ، هیچ جیاوازیەک لە نێوان کۆبانێ،جزیرەدا نیە هەردووکیان سمبۆلی بەرخۆدانین و بۆ گەلی کورد یەک واتایان هەیە، ئێستا هیچ سنورێک لە نێوان پارچەکانی کوردستان نەماوە، ئەگەر ئێمەی کورد ڕێگە بو دووژمن خۆش نەکەین، کەس ناتوانێت یەک هەنگاویش بنێتە ناو خاکی کوردان."

(ش ب)