منداڵێکى وونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ چیرۆکى شادبونه‌وه‌ى خۆى به‌ خانه‌واده‌که‌ى دەگێڕێتەوە

07:57


ژنها

هەڵەبجە- که‌یسى منداڵانى وون بووى تاوانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌کێکه‌ له‌و که‌یسانه‌ى که‌ زۆر به‌ جدى ئیشى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و حکومه‌تیش به‌هاناى دۆزینه‌وه‌یان نه‌ڕۆشتوه‌ . ئه‌وه‌شى که‌ ئه‌نجام دراوه‌ ته‌نها له‌به‌ر جوهد و خه‌مخۆرى منداڵه‌کان خۆیان بووه‌ که‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌ خانه‌واده‌کانیان شاد ببنه‌وه‌ . هه‌ر بۆیه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌شدا چه‌ندان نه‌هامه‌تى و کۆسپ روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه‌ .

مه‌ریه‌م باروتچیان ئه‌و منداڵه‌ وون بوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ له‌ دواى 27 ساڵ به‌ که‌سوکارى خۆى شاد بویه‌وه‌ ، به‌ڵام هێشتا لێدانى دڵى بۆ دایک و خوشکێکى تر لێ ده‌دات و هیچ جیاوازییه‌ک ناکات له‌نێوان که‌سوکارى خۆى و ئه‌وان .

مریه‌م باروتچیان له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕادەگەیەنێت: "پێش هه‌موو شتێ زۆر دڵخۆشم که‌ خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌یم و کوردم ، من هه‌ر به‌ منداڵى قه‌ت هه‌ستم نه‌کردوه‌ که‌ هه‌ڵه‌بجه‌یم و دایک و باوکێکى ترم هه‌یه‌ ، به‌ڵکو هه‌ر له‌ شارى سارى له‌ ئێران ژیاوم و گه‌وره‌ بووم تا دواى 27 ساڵ که‌ خێزان و که‌سوکارى خۆم دۆزیه‌وه‌ و زانیم که‌ باوکم شه‌هید بووه‌ له‌ کیمیابارانه‌که‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا که‌ دایک و خوشک و براکانم ماون . هه‌ر کاتێ دێمه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ تووشى خه‌فه‌ت و ناڕاحه‌تى زۆر ده‌بم" .

سه‌باره‌ت به‌ یه‌که‌م ساتى زانینى به‌م که‌یسه‌ مریه‌م وتی: "له‌ ڕاستى یه‌که‌م که‌س که‌ په‌یوه‌ندى پێوه‌ کردم و هاوکارى کردم کاک ره‌حیم واحدى بوو ، که‌ به‌رپرسى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى سه‌رده‌شته‌ و زۆر هاوکارى کردم له‌ ڕێگه‌ى ته‌له‌فونه‌وه‌ کاره‌کانمى بۆ ئه‌نجام دا ، وه‌ ئێسته‌ش زۆر خۆشحاڵم بۆ یه‌که‌م جار له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌یبینم و هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ ئه‌رکى کێشا و منى به‌ کاک لوقمان سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌ ناساند و کاروباره‌کانمانى بۆ پێش خست . ئیتر وورده‌ وورده‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ به‌ڕاستى مناڵى هه‌ڵه‌بجه‌م و که‌سوکارى ترم هه‌یه‌ و ناوم هاونازه‌ ، ئه‌وه‌ بوو دواى چه‌ند کۆبونه‌وه‌ و سه‌ردانێک له‌ به‌روارى 16/3/2015 به‌ که‌سوکارى خۆم شاد بوومه‌وه‌ . ئێسته‌شى له‌گه‌ڵدا بێت من هه‌ستم بۆ که‌سوکاره‌که‌ى ترم هه‌یه‌ که‌ بۆماوى 27 ساڵ به‌خێویان کردم ، هه‌روه‌ها ئه‌و خێزانه‌ى که‌ به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ بوون به‌ منداڵى ئه‌وان ده‌ربچم" .

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ره‌حیم واحدى ده‌رباره‌ى که‌یسى مه‌ریه‌م به‌ دەڵێت: "له‌ ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه‌کى توندوتۆڵ هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ر دوو کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت ، هه‌ر بۆیه‌ کاره‌کانى یه‌کدى بۆ یه‌کتر جێبه‌جێ ده‌که‌ین . کاتێکیش ئاگادارى که‌یسى مریه‌م بوون که‌ له‌ ڕاستیدا خودى مریه‌م تێلى بۆ کردم که‌ ئه‌وه‌ش به‌ هه‌وڵ و ماندوبوونى خۆى به‌م کاره‌ هه‌ستاوه‌ و ئه‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین مریه‌م به‌ ئاسانى نه‌بوه‌ته‌ هاونازى ئێستا و زۆرێک ده‌رده‌سه‌رى و ناڕاحه‌تى چه‌شتووه‌ . هه‌ر بۆیه‌ کاتێک ته‌له‌فونى بۆ کردم و چیرۆکى خۆى گێڕایه‌وه‌ سه‌ره‌تا وامانانزانى له‌ منداڵانى ئه‌نفالى گه‌رمیانه‌ به‌ڵام دواى لێکۆڵینه‌وه‌ى زۆر قسه‌ کردن و دانیشتن له‌گه‌ڵ کاک لوقمان بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ له‌ منداڵانى وون بوى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌" .

ناوبراو ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند : "مه‌ریه‌م واته‌ هاونازى ئێستا زۆر شوێنى کوردستان گه‌ڕا به‌شوێن که‌سوکارى و هه‌رچى فه‌حس و شیکارى DNAبوو خۆى ئه‌نجامى دا و به‌ هه‌وڵ و ماندوبوونى خۆى گه‌یشته‌ ئه‌م هاونازه‌ى ئێسته‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ى داخه‌ حکومه‌ت به‌ هاناى ئه‌م و مناڵانى دیکه‌ى وون بوو نه‌هاتوه‌ . لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم به‌ڕاستى بۆ ده‌بێت منداڵێک دواى 27 ساڵ به‌ که‌سوکارى شاد بێته‌وه‌ و بۆ ده‌بێت دوور له‌ دایک و باوک و کلتور و فه‌رهه‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى بێت" .

(ش ب)